English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم گەنجە بووە قوربانی گولەیەکی دراوسێکەی 
2018-04-11 [06:42 AM]

ZNA – ھەولێر 


حوسێن خەلیل ھەوڵی رزگارکردنی دراوسێکەی دا کە دەیویست خۆی بکوژێ، ئەو توانی دراوسێکەی لە مردن رزگار بکات، بەڵام خۆی بووە قوربانی  و بە گوللەیەک گیانی سپارد.

شەوی ٧/٤/٢٠١٨ گەنجێکی دانیشتووی  قەزای خانەقین بەناوی (خالید.ج.س) ویستی خۆی بکوژێ، بەڵام دراوسێیەکیان بەناوی حوسێن جەلیل فریای کەوت و لە مەرگ رزگاری کرد، کەچی ھەر لەوێدا حوسێن خۆی بووە قوربانی.

حوسێن جەلیل، تەمەن ٢٤ ساڵ، ماوەی ھەشت ساڵ پێشمەرگە بوو، وەک باسی دەکەن نزیکەی کاژێر ١٠ی شەو لە حەوشەی ماڵەکەیاندا خەریکی چاککردنی ماتۆڕەکەی بووە، لەناکاو گوێی لە ھاوار و دەنگەدەنگی ماڵی خالیدی دراوسێیان بووە کە بەگوتەی دراوسێکانیان لەگەڵ ھاوژینەکەی شەڕیان بووە و بەیەکەوە نەدەگونجان. لەو کاتەدا خالید بە تاپڕێکەوە ھاتووەتە کۆڵان و ھەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەڵام حوسێن بە پەلە فریای کەوتووە بۆ ئەوەی تاپڕەکەی لێ  بستێنێ و رێگری لە ھەوڵەکەی بکات، لەو کاتەدا گوللەیەک لە تاپڕەکە دەرچووە و بەر سکی حوسێن کەوتووە، ھەر لەوێدا گیانی دەرچووبوو.

محەممەد جەلیل کە برای حوسێنە، گوتی : "من ھەموو ھاوڕێکانی حوسێن دەناسم، ئەو تەنیا دراوسێمان بوو، ھاوڕێی نەبوو، پێش ئەوەی خالید براکەم بکوژێت، شەڕی لەگەڵ خێزانەکەی کردبوو، دوای ئەو گوللەیەی بە براکەمییەوە ناوە، بەدرۆ ھەوڵی داوە خۆی بکوژێ، تەنیا کەمێک لای شانی تیغی کردبوو". محەممەد جەلیل دەشڵێت "ئێمە سکاڵامان تۆمار کردووە و لێی خۆش نابین".

خالید تەمەنی ٣٨ ساڵانە و خێزاندارە، بەگوتەی یەکێک لە دراوسێکانیان، ئەم پیاوە کێشەی لەگەڵ ھاوژینەکەی ھەبووە "خالید کێشەی لەگەڵ ژنەکەی خۆی ھەبوو، بۆیە وامان ھەست دەکرد شەڕەکانی بەھۆی کێشەیەکی تایبەتی خۆی بێت کە ببووە ھۆکاری نەگونجانی لەگەڵ ھاوژینەکەی خۆشی".

ئەو دراوسێیەیان باسی حوسێن جەلیلیش دەکات و دەڵێت "گەنجێکی زۆر بێ کێشە بوو، ھیچ کەسێک گلەیی لێی نەبوو، پێشمەرگە بوو، کەسوکارەکەی چاوەڕێیان دەکرد ھاوسەرگیری بکات، نەک بەدەستی خالید بکوژرێت".

عەقید دیار شەوکەوت، بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین لەبارەی ئەم کەیسەوە گوتی: "کاژێر ١٠ـی شەو لە گەڕەکی بەختیاریی قەزای خانەقین گەنجێک بەناوی (خ. ج. س) ھەوڵ دەدات بە تاپڕ خۆی بکوژێت، بەڵام ھاوڕێیەکی بەناوی (حوسێن جەلیل ئەکبەر) ھەوڵ دەدات رێگری لێبکات، بۆیە لێی نزیک دەبێتەوە و باوەشی پێدا دەکات، بەڵام لەوکاتەدا گوللەیەک دەردەچێت و بەر حوسێن دەکەوێ".

سەرچاوە / رووداو 
 





ئەم هەواڵە 6979جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad