English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن
2018-04-12 [10:38 AM]

نووسینی: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا


چەند رۆژێكی دیكە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەكات، ئەگەرچی ئێستا بەشێوەی نافەرمی دەستیپێكردووە و حزب و لایەنە سیاسییە كوردییەكان و هەتا عێراقییەكانیش، بەتایبەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بازاڕییان بە دروشم و هاتوهاوار گەرمكردووە، ئەمەش لە كاتێكدایە هەر دوێنێ بوو بەشێك لەو هێزانە حكوومەتییان بە تەنیا بۆ پارتی و یەكێتی بەجێهێشت، رەنگە جوانتر بێت ئەگەر بڵێین هەڵاتن، هەڵاتن لە حكوومەتیش دەكرێت دوو رەهەندی هەبێت، رەهەندێك خۆدزینەوە بوو لە بەرپرسیارێتی، رەهەندێكی دیكەشی كە سەد لە سەد راستە، بۆ ئەوە بوو تاكو بازاڕی پڕوپاگەندەی حزبی گەرم بكەنەوە، واتە ئەو حزبانە لە یەك كاتدا دوو جۆر بەرنامەیان پەیڕەوكرد، هەم خۆیان لە بەرپرسیارێتی دزییەوە، هەمیش ئەو خۆزدینەوەیە وەك كارتی پڕوپاگەندەیی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەكاردەهێنن.
پێشبینی دەكرێ لە كاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا، ئەو حزب و لایەنانەی لە حكوومەت كشانەوە، یان هەڵاتووەكان، زۆرترین دروشمی بەتاڵی سیاسی بەرز بكەنەوە بۆ كۆكردنەوە و راوە دەنگ، دەی خۆ ئەوە ئاساییە حزبی سیاسی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بكات، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە لە بەرگی پڕوپاگەندەدا خەڵك یانی دەنگدەر لە خشتە ببردرێت، ئەگینا روونە لە ماوەی رابردوودا ئەو حزبە هەڵاتووانە رۆڵی زۆر خراپیان بینی لە ئاڵۆزكردنی رەوشی سیاسی كوردستان، تا ئاستی  ئەوەی هیچ دەرفەتێكییان بۆ گفتوگۆی سیاسی نەهێشتەوە و ئەمەش كاریگەریی قووڵی لەسەر سایكۆلۆژییەتی كۆمەڵگە بەجێهێشت و ئێستاش خەڵكی بەشێوەیەكی گوماناوی سەیری پرۆسەی هەڵبژاردنیش دەكات، چونكە لە رابردوودا لە بەرگی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە زۆرترین كێشەیان دروستكرد، گوایە ئەو كێشانە لەپێناوی خەڵكدان، كەچی كاتێك حكوومەت پارەی نامێنێت و بەغدا كێشەی بۆ دروست دەكات، ئیدی ئەوانیش دەكشێنەوە، ئاخر حزبی سیاسی كاتێك هەست بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی دەكات، هەوڵ نادات خۆی لە ئاست قەیرانەكان بشارێتەوە و لایەنی دیكەی پێ تۆمەتبار بكات، بەداخەوە لە رابردوودا ئەوە روویدا.
زۆر لایەنی سیاسی هەبوون لە دوای ئۆكتۆبەرەوە بانگەشەی ئەوەیان كرد كە حكوومەتی هەرێم كەوت و شتێك بەناوی هەرێمی كوردستان نەماوە، بۆیە بەخێرایی هەڵاتن بۆ ئەوەی لە كاتی هەڵبژاردندا بڵێن ئێمە بەرپرس نین لە قەیرانەكان، بەڵام زەمەنێكی كورت ئەو سیحرەی بەتاڵكردنەوە و ئێستا حكوومەت  لە بری ئەوەی بڕووخێت، مووچەی باشتركردووە و درێژەی بە كارەكانی خۆیداوە و گفتوگۆكانی هەنگاوی باشی هاویشتووە لەگەڵ بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پاڵپشتی هەرێم دەكەن، ئەمە سەرباری ئەوەی دیسانەوە هەرێمی كوردستان ئەگەر بە هێواشیش بێت، بەڵام چۆیەوە سەر سكەی ئاسایی خۆی و ئاماژەكانیش دەڵێن گەڕێكی دیكەی بەهێزبوونەوەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەیە.
راستە لە رابردوودا زۆر قسە و لێدوانی سیاسی خراپ ئاڕاستەی یەكتری كران و دۆخەكەیان زیاتر ئاڵۆزكرد، بەڵام گرنگە كوردیش لەناو ئەو هەموو هەڕەشە و گۆڕانكارییانەی ناوچەكە، ئەویش بە روئیایەكی دیپلۆماسییانەوە ئیش بۆ ستراتیژییەتی دوورمەودا بكات، دەكرێ ناكۆكی حزبی هەبن، بەڵام نابێت تاسەر بەردەوامییان هەبێت، چونكە بەردەوامیدان بەو ناكۆكییانە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا نابێت، ئاخر رووداوەكانی ئۆكتۆبەر و عەفرین، دەكرێ وەك وانەیەك سەیریان بكرێت كە هەموو نەیارەكانی كورد بۆ دژایەتیكردن و لەباربردنی ئەزموونە كوردییەكان هاوهەڵوێست و دەست لە ناو دەستن.





ئەم هەواڵە 1951جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad