ZNA- ھەولێر ئایا تا ئێستا بیرتان لەو بابەتە کردووتەوە، بۆچی مرۆڤە بەناوبانگەکان وەکوو ئەکتەر و گۆرانیبێژەکان و... هتد، کە بەتەمەنیشن، بەجوانی و گەنجی دەمێننەوە و کەمتر لە تەمەنیان دەردەکەون؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە لە لای کارناسان و پسپۆڕانی بواری پێست و جوانییە، لەڕاستیدا گرنگیدان بە پێست یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکەی گەنج مانەوەیە، چونکە پێست دەرخەر و نیشاندەری کوالێتیی ژیان و گەنجی و پیربوونی مرۆڤەکانە.
ئەگەر دەتانەوێ وەکوو مرۆڤە بەناوبانگەکان گەنج بمێننەوە، تەنیا پێویستە کەمێک کاتی زیاتر بۆ خۆتان دابنێن، یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە هەمیشە و لە هەموو وەرزەکاندا سوود لە کرێمی دژەخۆری تایبەت بە جۆری پێستتان وەربگرن، ئەگەر لەم خاڵەوە دەست پێ نەکەن، هەموو هەوڵەکانی ترتان بۆ بوون بە خاوەنی پێستێکی جوان بێ سوود و بێ ئاکامە، خاڵی دووەم تایبەتە بەو پێستانەی کە زیپکەیان هەیە، پێویستە بزانن چ دەرمانێک بۆ زیپکەکان بەکار دێنن، چونکە هێندێک لەو دەرمانانەی کە تایبەتن بە زیپکە، پێست وشک دەکەن.
خاڵی گرنگی سێیەم زۆر ئاسانە و پەیوەندیی بە سووڕی خوێنی دەموچاوەوە هەیە، چونکە سووڕی خوێن پێست لە پەڵە ڕەش و قاوەییەکان دەپارێزێت، تەنیا پێویستە رۆژانە بە پارچە سەهۆڵێکی بچووک پێستی دەموچاو مەساج بدەن، تاکوو سووڕی خوێن لەم بەشەدا چالاکتر بێت. خاڵی چوارەم گرنگیدانە بە کەرەستەکانی مەکیاج و پێویستە پاک و خاوێن بیپارێزن و لە شوێنی شێدار هەڵیان مەگرن. پسپۆران تیشک دەخەنە سەر خاڵی کۆتایی و ڕوونی دەکەنەوە، هیچ کاتێک بە دەموچاوی مەکیاجاوی نەخەون و دوای هەر گەڕانەوەیەک بۆ ماڵەوە، پێویستە زوو پێست لە هەر جۆرە مەکیاجێکی قورس پاک بکەنەوە.
جێی باسە گەردنی خانمان یەکێک لە ئەندامە هەستیارەکانی جەستەی خانمانە، کە بەرچاوە و نیشانەکانی پیری زووتر پێیەوە دەردەکەوێ، بۆیە پێویستە گرنگیی بەم بەشە بدەن و هەوڵ بدەن لە تیشکی خۆر بیپارێزن، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە دژەخۆر وەربگرن.
ئەم هەواڵە 57724جار خوێندراوەتەوە |