English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پارتی بۆ وا بێمنەتە؟
2018-04-23 [12:24 PM]

نووسینی: رێبوار كەریم وەلی


(١)
پتر لە ھەفتەیەکە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستی پێکردووە و حیزبەکانی سلێمانی (بە حیزبە بلوورییەکانیشەوە)، بەشێوەیەک حەماس گرتوونی کە پێیانوایە شەڕی مان و نەمان دەکەن. لەبەرامبەر ئەواندا، پارتی بە ئەعسابێکی سارد و بەکاوەخۆ ئیشی خۆی دەکات. لە ماوەی ئەو ھەفتەیە زۆرترین بەرکەوتن و کێشمەکێش لە نێو حیزبەکانی سلێمانیدایە، لە ھەولێریش (دەنگدەرانیان لە کەمپینی یەکێکیان دێتە دەر و دەچێتە ئەوەی دیکە) و مەیدانخوازی بەرامبەر پارتی دەکەن. پارتی نایەوێ ببێتە تەرەفی ھیچیەک لەو حیزبانە، چونکە دەزانێ ئەوە وا دەکات ھەم دەنگیان پێ زیاد ببێ و ھەمیش ئاراستەی گوتاری نیشتمانیی خۆی لێ بشێوێنن.

لە بنەڕەتدا، پارتی باوەڕی بەو ھەڵبژاردنە نەبوو، بۆیەش وەک خاوەنی پرۆژەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی حەماسێکی ئەوتۆی بۆ بەغدا نییە. تەنانەت بەشێوەیەکە کە جەنابی سەرۆک بارزانی دوور و نزیک بەشداری کەمپینی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی نەکردووە و پێناچێ لەمەودواش بیکات. پارتی باوەڕی وایە کە دەنگدەرەکانی لە ھەموو بارودۆخێکدا ئەگەر دەنگیشی پێ نەدەن، ناچن دەنگ بە رکابەرەکانی بدەن، بەڵام بۆ حیزبەکانی سلێمانی و یەکێتی تەحەددییەکی یەکجار گەورەیە ئەگەر نەتوانن ئەو ئەنجامانە بەدەستبێنن کە چاویان تێبڕیوە.

ئاراستەی بانگەشەکان ھیچ لەوە ناچێت کە ھەڵبژاردنەکە بۆ پەرلەمانی بەغدا بێت و ھی وا ھەیە دەڵێ ئەگەر دەنگ بێنن، تێکڕای سیستەمی حوکمڕانی دەگۆڕن! لە گوتارەکانیشیاندا، بێ ئەوەی باسی ئەو سیستەمە مەزھەبی و تائیفییە بکەن کە لە بەغداوە حوکمی وڵاتی بەناو عێراق دەکات، دەیانەوێ ئۆباڵی ھەموو نەھامەتی و ماڵوێرانییەکان بخەنە ئەستۆی پارتی! لە کاتێکدا کە پارتی سەرباری سێ ساڵ شەڕکردن لەگەڵ داعش، ھیچ حزوورێکی لە بەغدا نەبووە، بگرە ئەوە یەکێتی و حیزبەکانی سلێمانی بوون کە لە پەرلەمانی بەغدا و حکومەتدا بوون و، بە بەرچاوی ئەوانەوە خەڵکی کوردستان سزا دەدرا و ئەوانیش جگە لە چەند پەرلەمانتارێکی جوامێر و کوردپەروەر، دەنگیان لێوە نەھات و بەپێچەوانەوە تەنانەت ھانی بەغداشیان دەدا لەوە خراپتریش بە کورد بکات. رەنگبێ پارتی لە کەرکووک کورسییەکانی لەدەست بدات، بەڵام لە شوێنی دیکە تۆڵەی دەکاتەوە و وەک یەکێک لەو سێ چوار حزب و قەوارانە دەمێنێتەوە کە بێ ئەو ھیچ ھاوپەیمانییەک بۆ پێکھێنانی حکومەت سەرناگرێت.

شمشێری دوودەم پارتی نابڕێت

(٢)
ھەوڵی حزبەکانی سلێمانی بۆ دەستخستنی دەنگی پارتی و یەکێتی لە ھەولێر، دھۆک و نەینەوا بێسوودە، ئەوەی مونافەسەی لەسەر دەکەن پتر ئەو کورسییانەن کە لە پارێزگای سلێمانی و کەرکووک ھەن. دیوێکی ھەرە گرنگی ریفراندۆم ئەگەر دەنگدان بووبێت بە سەربەخۆیی، دیوەکەی دیکەی پاڵپشتییەکی جەماوەریی گەورە بوو بۆ ئەوانەی بڕیاریان لە ریفراندۆم دا. بەڵام ھەڵوێستی حیزبەکانی سلێمانی بە کەمپینی نەخێریشەوە، لای خەڵکی دەنگدەر ئاشکرایە. ھاوکات خیانەتی شانزدەی ئۆکتۆبەریش برینێکە ھێشتا خوێنی لێ دەتکێ و، تەنانەت کارشکێنی و ھەڵپەھەڵپی ئەو حیزبانە بۆ دیداری عەبادی (وەک سەندرۆمی ستۆکھۆڵم) لەوەی کە ئیش بۆ ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی کوردستان بکات و، بودجە نەنێرێت تا ئەم حکومەتەی ئێستا فەشەل بێنێت، شتێکی شاراوە نییە. بۆیە ئەو حیزبانە ناتوانن تەجاوەزی ئەو مەیدانخوازییە بکەن کە پارتی و بەشێکی یەکێتی لە ٢٥ی سێپتەمبەردا بەرامبەر بەغدا کردیان و لەوەشیان زیاتر پێ ناکرێت کە ئێستا نێچیرڤان بارزانی لەژێر ھەموو گوشار و ھەڕەشەکاندا، کوردستانی ھێناوەتەوە ئاستی ئەو کاتەی کە داعش ھێرشی سەر کوردستانی نەکردبوو، بگرە ھەنگاوێک ئەولاتر بەشێکی بودجەی کوردستانی گەڕاندووەتەوە و موزایەدەچییەکانیشی دەمکوت کردووە.

ئەو خاڵەی لەم ھەڵبژاردنانەدا زۆر ھەڵوەستەی لەسەرە و جێگەی پرسیارە، ئەوەیە کە مادام پارتی لە کەرکووک بایکۆتی ھەڵبژاردنی کردووە، (کە وەک شمشێرێکی دوودەم وایە) دەنگدەرەکانی دەنگ بە کێ دەدەن؟ لە راستیدا حیزبەکان نەدەبوو قەبوڵی ئەو واقیعی داگیرکارییەیان کردبایە، دیارە تا رۆژی ھەڵبژاردنیش دەرفەت ماوە تا خۆیان لە واقیعی (حیزبی ھۆڵ) رزگار بکەن و مێژوو بۆ خۆیان تۆمار بکەن. بەڵام پێناچێ ئەوە رووبدات، چونکە یەکێتی لەوێ بەڵێنی پاداشتی ١٦ی ئۆکتۆبەری پێدراوە و رێگە نادەن بەو شێوە دراماتیکیە بکەوێت. بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا، یەکێتی بە دوو ئاراستەدا لە ھەوڵی ئەوەدایە ئەگەر لە کەرکووک سەرکەوت، بە خەڵک بڵێ فەرموون ئەوە بەبێ پارتیش ئێمە ھەر حاکمی کەرکووکین! ئەگەریش سەرکەوتنەکەی لەو ئاستەدا نەبوو کە چاوەڕوان دەکرێ، ئۆباڵەکەی بخاتە ئەستۆی پارتی. بۆیە ھەرچەندە بەشێکی زۆری دەنگدەری پارتی لە دەرەوەی کەرکووکن،  بەڵام پارتی لە دوا ساتەکاندا و بە ئاشکرا دەنگدەرانی خۆی سەرپشک دەکات لەوەی دەنگ بەکام حیزب و کاندید بدەن.

کەڵەبابی ناوەخت!
(٣)
یوسف محەممەد ئەگەرچی سەرۆکی لیستی گۆڕانە لە سلێمانی و لە ھەولێر بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکات، دیسان گۆڕانی بە پەند برد. ئەو جارێک لەو کاتەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوو، چوار ساڵ ئارامییەکەی گۆڕانی کردە قووڵترین قەیرانی سیاسی و ئێستاش بە داوای دادگاییکردنی بە قەولی ئەو "ریفراندۆمچییەکان"، لوغمێکی دیکەی لەبن پێی گۆڕاندا تەقاندەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو برادەرە خۆی بە نامەی رەسمی داوای لە پەرلەمان کردووە جیا لە ھەڵبژاردنە گشتییەکان، موسادەقە لەسەر رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بکات (کە پەرلەمانیش ٢٥ی ئەیلولی دیاری کرد). ھەر ئەم برادەرە لە یەکەم کۆبوونەوەی بەرفراوانی حیزبەکان لە ٢٠١٤دا بەشدار بوو کە تێیدا بڕیار درا کۆمیتەکانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دابمەزرێن و، ھەر لە سەردەمی ئەو برادەرەشدا، یاسای کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و ریفراندۆم لە پەرلەمانی کوردستان تێپەڕی! بۆیە ئەو کێشەی لەگەڵ ریفراندۆمچییەکان نییە، بەقەدەر ئەوەی لەو پڕۆسەیەدا ھیچ حیسابێکیان بۆ نەکرد.





ئەم هەواڵە 2248جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad