English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی: نیگەرانی شەش لایەنەکە بە جدی وەردەگرین و داوا لە کۆمیسیۆن دەکەم زۆر بە جدی کاری لەسەر بکات
2018-05-16 [11:57 AM]

ZNA- ھەولێر 


 
لەدوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و ئاشکراکردنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بە جدی بەشدار دەبین لە گفتوگۆکان بۆ پێکھێنانی حکومەت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی: "من دەمەوێت لەسەرەتا پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردن لە گەلی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و گەلی کوردستان بکەم، سوپاسی ھەموو ئەو ھاووڵاتیانە دەکەم کە بەشداریانکرد لە پرۆسەی دەنگدان، کە ئەلحەمدوللا بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو بەبێ ئەوەی کێشەی گەورە دروست ببێت، ئەوەش خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی باشبوو بۆ ھەموو گەلی عێراق بە تایبەتی کە لە رووی ئەمنییەوە ھیچ کێشەیەکی وا گەورە رووینەدا، ئێمە ھیوادارین دوای ئەو ھەڵبژاردنە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی ھەموو سیاسییەکانی عێراق دەرسێک فێر ببن، ئەوەیش ئەوەیە کە زیاتر گرنگی بدرێت بە پێداویستی و داواکاری خەڵکی عێراق بەشێوەیەکی گشتی لەپێناو بەدیھێنانی ژیانێکی بەختەوەر و دۆخێکی باشتر لەرووی خزمەتگوزاری و ئیشوکارەکان بۆ خەڵک، ئێمە ھیوادارین".

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی نیگەرانی شەش لایەنی کوردستانی لە ئەنجامی ھەڵبژاردن گوتی: "ئەو شەش لایەنەی نیگەرانی خۆیان دەربڕیەوە لەپرسی ھەڵبژاردن لە سلێمانی و کەرکووک، بۆ تەواوکردنی قافیەی شیعرەکەیان ھەولێر و دھۆکیشیان تێخستووە، بەڵام ھەر نیگەرانییەک ھەیە دەبێت بڕەوێتەوە، نیگەرانی ئەو شەش لایەنە بە جدی وەردەگرین و وەک سەرۆکوەزیران داوا لە کۆمیسیۆن دەکەم زۆر بە جدی کاری لەسەر بکات".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی گفتوگۆکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق گوتی: "لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی، گفتوگۆ بۆ پێکھێنانی حکومەت لە بەغدا دەستپێدەکات، ئێمەش وەکو لایەنی خۆمان، لایەنی کوردی زۆر بە جدی بەشدار دەبین لەو گفتگۆیانەی لە پێناو حکومەتی تازەدا دەکرێت. بە تەئکید ھەرێمی کوردستان ھەست دەکات کە قۆناخێکی تازەیە لە دەستپێکردنێکی تازە لە عێراقدا، دەیەوێت لەسەر بنەمای تەوافوق و شەراکەت لەگەڵ بەغدا ئینشەڵڵا بگات بە چارەسەرێک لە بەرژەوەندی ھەموو گەلی عێراق و گەلی کوردستانیشدا بێت، بەو ھیوایەوە دەڕواتە بەغدا، لەو بابەتەدا یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان یەکجار زۆر گرنگە، پێویستە یەکڕیزی ناوخۆمان بپارێزین و بە یەکگرتوویی لە بەغدا ئامادە ببین".
پرسیار و وەڵامەکان

پرسیار: باس لە دروستکردنی ھاوپەیمانی دەکرێت بۆ پێکھێنانی حکومەت، باس لەوەش دەکرێت کە ئێوە نزیکترن لە سەدر لە لیستەکانی دیکەی وەکو فەتح و دەوڵەتی یاسا، ئایا دەستتان بە دانوستاندن لەوبارەیەوە کردووە؟

نێچیرڤان بارزانی: لە راستیدا تاوەکو ئێستا مەودایەکی جێگیرمان لەگەڵ ھەمووان ھەیە، تاوەکو ئێستاش بەشێوەیەکی فەرمی نەکەوتووینەتە دەستپێکردنی دانوستاندن بۆ پێکھێنانی حکومەت و دروستکردنی ھاوپەیمانێتی، بە تەئکید لە ماوەیەکی نزیکدا شاندی ئێمە دەڕوات بۆ بەغدا و لەگەڵ ھەموو لایەنەکان قسە دەکەین. ئەوە نییە ئێمە تەفزیلی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکە بکەین، ئێمە بەپێی ئەجێندای ئەو لایەنانە قسەیان لەگەڵ دەکەین، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گەلی کوردستان و گەلی عێراق.
پرسیار: دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، برێت مەکگۆرک سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ جەنابیشتان کۆبووەوە، ئایا ئەوەی لەگەڵ ئێوە باسیکرد لەسەر چی بوو، ئەوەی ئێوە خوێندنەوەتان بۆیکردووە، ئەمریکا دەیەوێت حکومەتی داھاتووی چۆن بێت؟ لەلایەکی دیکەوە ٦ لایەنی ناڕازی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەن، ھەندێکیان ھەڕەشەی ئەوە دەکەن لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێنەوە، ئایا ھەڵوێستی ئێوە چی دەبێت؟
نێچیرڤان بارزانی: دەمەوێت لەوەوە دەست پێبکەم ئەو ٦ لایەنەی کە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە مەسەلەی پرۆسەی ھەڵبژاردن  لە سلێمانی و بە تایبەتیش لە کەرکووک و بۆ ئەوەی قافیەی شعرەکەشیان بە رێک و پێکی بڕوات ھەولێر و دھۆکیشیان تێخستووە. ئێمە لە نیگەرانی ئەو لایەنانە تێدەگەین، من وەکو سەرۆکی حکومەتیش لە راستیدا ئەو ھەوڵانەم پێگەیشتووە، ئێمەش نیگەرانین لەو بابەتە، ئەوەی من داوا دەکەم ئەوەیە کۆمیسیۆن دەبێت ئەو مەسەلەیە زۆر بە جدی وەربگرێت و داواکاری ئەو لایەنانە بە جدی وەربگرێت، چونکە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە چییە؟ ئەوەی بە نسبەت ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان گرنگە ئەوەیە کە بە یەکڕیزی بگەڕێینەوە بۆ بەغدا، ئێستا ئەوانە وەکو لایەنی جدی لە ھەرێمی کوردستان نیگەرانن لە پرۆسەکە، ئێمە دەبێت ھەموو ھەوڵێک بدەین ئەوەی پێمان بکرێت، کە دەبێت ئەو نیگەرانییە نەمێنێت، چۆن؟ دەبێت کۆمیسیۆن ئەو کارە بکات، ھەر ھەنگاوێکیش کۆمیسیۆن دەینێت لە پێناو ئەوەی کە نیگەرانیان بڕەوێتەوە، من خۆم وەکو سەرۆکی حکومەت داوا دەکەم کۆمیسیۆن بە جدی بێتە سەر خەت، بە ھەر شێوەیەک بێت ئەو نیگەرانییە نەمێنێت لە کوردستاندا، ئەوە بە نیسبەت ئێمە باشە، چونکە ئێمە دەبێت کۆتایی بەو دۆخە بھێنین، بەردەوام باس لەوە بکرێت ئەو ھەڵبژاردنە پاک نییە، ئەو ھەڵبژاردنانە کێشەی ھەیە، دەبێت ئەمە تەواو ببێت.
ئێمە لاریمان نییە ئەگەر ئەو مەسەلەیە ھەموو کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام دەبێت ھەندێک ھەنگاوی جدی بە تایبەتی لە کەرکووک و سلێمانی و شوێنەکانی دیکەش چ لە ھەولێر و دھۆک و ھەر شوێنێک ئەمە ھەیە، دەبێت ئەمە یەکلا بکرێتەوە، ئێمە بە ئیتمینانەوە پێکەوە بچینەوە بۆ بەغدا، ئەو نیگەرانییانەش کە نیگەرانی جدین ھی ئەم ھێزانە، من وەکو سەرۆکی حکومەت پێموایە دەبێت بە جدی و وەریبگرین، داوا لە کۆمیسیۆنیش دەکەم زۆر بە جدی کاری لەسەر بکات.
برێت مەکگۆرک ھاتووەتە ئێرە، بەڵێ لەگەڵ مەکگۆرک یەکدیمان بینیوە، بێگومان لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا قسەمان کردووە، ئەوانیش ئەوەی دەیانەوێت پێکھێنانی حکومەتێکە کە لە خزمەتی ھەموو ھاووڵاتیانی عێراقدا بێت، لەو چوارچێوەیە سەیری دەکەن، من ھەستم نەکرد ڤیتۆیان لەسەر کەس ھەبێت، ھەستم نەکرد کە تەفزیلی ھیچ لایەک بەسەر لایەکی دیکە بکەن، ئەمە بە پرۆسەیەکی عێراقی دەزانن دەیانەوێت عێراقییەکان خۆیان بڕیار بدەن، دەیانەوێت حکومەتێک بێت کە گرنگی بدات بە خزمەتگوزاری و بەژیانی رۆژانە و ئابووری و کار بۆ ھەموو خەڵکی عێراق، بڕیاریشوایە بەردەوام بێت، ئەمڕۆ دیسانەوە سەردانی ھەولێر دەکات لە ئاییندەشدا بەردەوام دێت، ئەمڕۆ جەنابی سەرۆک بارزانیش دەبینێت لە پیرمام، ئەم دیدارانەش بەردەوام دەبن لەگەڵ ھەموو لایەنەکان.





ئەم هەواڵە 2257جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad