English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و دروستبوونی شەڕێکی نێودەوڵەتی
2018-05-17 [01:16 AM]

ZNA-هەولێر


نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و دروستبوونی شەڕێکی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی سووریا کە حەوت ساڵە بەدەست شەڕی نێوخۆوە دەناڵێنێت.

ئەو دپلۆماتکارەی پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکانی سووریا هەیە زۆر رەشبینە. ئەم جارە دیمستۆرا هۆشداری دا کە ئەوەی لە سووریا لەم ماوەیەدا روودەدات، زیاتر لە 40 ساڵە رووینەداوە.

ستاڤان دیمستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا دەڵێ "زۆری ژمارە و تووندیی رووبەڕووبوونەوە نێودەوڵەتییەکان لە سووریا، لە هەموو کاتێک زیاترە. لە ساڵی 1973ـوە دۆخی وامان نەبینیوە".

هۆشداری دووەمی دیمستۆرا دەربارەی ئیدلب بوو، کە بەگوێرەی دیمستۆرا ئێستا ئامادەکاری شەڕێکی گەورەی تێدا دەکرێت و گوتی ئەگەر ئەوەی لە غوتە روویدا لە ئیدلب دووبارە ببێتەوە، دۆخەکە شەش ئەوەندە خراپتر دەبێت.

دیمستۆرا ئەم جارە بە وشەیەکیش باسی عەفرینی نەکرد، لەجیاتی ئەوە وتارەکەی زیاتر باسی هەوڵێکی نێودەوڵەتی نوێ بوو بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی جنێڤ و دامەزراندنی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا.

کارل ڤان ئەسترۆم، باڵیۆزی هۆڵەندا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "پێویستمان بە وزەیەکی نوێ هەیە بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە جنێڤ. دیمستۆرا بە روونی پێیڕاگەیاندین کە حکومەتی سووریا لەم ماوەیەدا دەربارەی پرۆسەی سیاسی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری ناکات".

بەڵام بێ فشاری رووسیا و ئەمریکا، زەحمەتە دیمەشق و ئۆپۆزیسیۆن بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و، دوا شت کە ئەمریکا لەم ماوەیەدا گرنگی پێ بدات پرۆسە سیاسییەکەی دیمستۆرایە، کە سێ ساڵ زیاترە لە شکست زیاتر، بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبووە.

نزیکەی دوو مانگە وتاری دپلۆماسیی ئەمریکا دەربارەی هەموو بابەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها باسی یەک شتە ئەویش بەرەنگاربوونەوەی ئێرانە. ئەم جارە نوێنەری ئەمریکا هۆشداری دایە ئێران کە لەو هەوڵانەی بوەستێت بۆ دامەزراندنی حیزبوڵڵایەکی دیکە لە سووریا.

جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند ئەمریکا داوا لە ئێران و حیزبوڵڵا و وەکیلەکانیان دەکات کە هەنگاوی دیکە لە سووریا نەهاون. ئەگەر ئەنجامیندا، ئێران بەرپرسیاریێتی تەواو لەئەستۆ دەگرێت.

نوێنەری رووسیاش بە توانجەوە ئەوەی بە بیری نوێنەری ئەمریکا هێناوەیە کە کۆبوونەوەکە دەربارەی سووریایە نەک ئێران. دیمێتری بۆلیانسکی، جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "نیوەی وتارەکەی نوێنەری ئەمریکا دەربارەی ئێران بوو، نەک سووریا. بە بیرت دێنمەوە ئەجێندای ئەمڕۆ سووریایە".





ئەم هەواڵە 2113جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad