English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پارتی دوای ھەڵبژاردن !
2018-05-21 [09:16 AM]

نووسینی: ئاسۆ حاجی



ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمیەکانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق بۆ پارتی جگە لەوەی وەک بەھێزترین و گەورەترین ھێزی باشوری کوردستان و گەورەترین پارتی سیاسی عێراق مایەوە،سەرکەوتنی گەورەتر و گرنگتر بۆ پارتی تێپەڕاندنی قۆناغی ھەستیار و مەترسیداری دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر بوو کە پیلان و پلانێکی ئیقلیمی بە ھاوکاری ناوخۆیی و بە بێدەنگی بەشێک لە وڵاتانی زلھێز لە دژی ئیڕادەی گەلی باشوری کوردستان لە ئارادا بوو وەک پەڕچەکردارێک لە بەرامبەر سەرکەوتنی گشتپرسی سەربەخۆیی باشوری کوردستان کە پارتی سەرکێشی دەکرد.
١٦ ئۆکتۆبەر دوو ئامانجی ھەبوو بەڵام ھیچیان نەپێکا،یەکەمیان ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم کە %٩٢ خەڵکی باشوری کوردستان دەنگی بە سەربەخۆیی کوردستان دا،ھەروەھا لە ناوبردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو وەک سزایێک کە ئەو تاوانێکی وا گەورەی کردووە لە دژی یەکپارچەیی خاکی عێراق، ھەروەھا لەناوبردن یان ڕاوەدوونانی پارتی بوو تا سەر سنوورەکان وەک بڕیارە بەدەستانی بەغدا دەیانگووت دەیان نێرینەوە ئەشکەوتەکان.
پارتی بە تاکتیک و سیاسەتێکی نوێ کە نێچیرڤان بارزانی سەرکێشی دەکرد توانی قۆناغی یەکەم زیرەکانە تێبپەڕێنێ کە ناچارکردنی حکومەتی بەغدا بوو بە پاشەکشێ کردن لە ھەموو ئەو سزایانەی لە دژی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لێدابوون لە ڕێی ناچارکردنی بە دانیشتن و دەست پێکردنی گفتوگۆ بەبێ ئەوەی ئەنجامەکانی گشتپرسی ھەڵبوەشێندرێنەوە کە حکومەتی بەغدا و ھیزە عەرەبیەکان وەک پێش مەرجی نەک دانیشتن و گفتوگۆکردن و لابردنی سزاکان قسەیان لەبارەوە دەکرد بەڵکو وەک پێشمەرجی راوەستاندنی ھێرشی سەربازی دایان نابوو.
ئەو سیاسەتەی نێچیرڤان بارزانی کە لە ناوخۆ بووە جێی ڕەخنە لێگرتن و توانج لێدان بەوەی ئامادەیە کە لە سەروەری و دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان تەنازول بکا بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق ڕازی بکات،لە دەرەوەش سیاسەت و لێدوانەکانی ببوونە جێی سەرنج و گرنگی پێدانی میدیا و ناوەندە سیاسیەکان تا ئەو ڕادەیەی چەند نووسەرێک تا ئەو ڕادەیە بڕۆن کە ئەوەی نێچیرڤان بارزانی دەیکا قەت لە عەقڵ و کرداری سیاسیەکی رۆژھەڵاتی ناچێت.
ڕەخنە و توانجە ناوخۆیەکان وەڵامیان وەرگرت کاتێک فڕۆکەخانەکان کرانەوە و یەک کەس و بڕیاریان تێدا نەگۆڕدرا،دەروازە سنووریەکانیش ھەر وەک خۆیان مانەوە،عەبادی ناچارکرا بڕەپارەیەکیش بۆ مووچە رەوانە بکات، لە بەرامبەر سەرنج و سەرسام بوونی دەرەوەش نێچیرڤان بارزانی پێی گووتن کە ئەو فکر و سیاسەتە بەرھەمی ناو ماڵی کوردستانیە و سەرچاوەکەی بیری کوردایەتیە کە دوو سەت ساڵ زیاتر بەردەوامە،ئەوەشی لە چەندین بۆنە دووبارە کردەوە کە ئاماژەی بەوە دەکرد:"ھەموو بڕیار و ھەنگاوێک بە ڕێنمایی سەرۆک بارزانی بووە".
قۆناغی دووەم،ھەبوونی مەترسی بوو لە سەر پارتی و زۆر کەس گرەویان لە سەر ئەوە دەکرد کە ئەو ھەڵبژاردنە کۆتایی بە دەسەڵاتی پارتی دەھێنێت و ئەوەندە لاوازی دەکات کە ناتوانێ بچێتەوە بەغدا و لە کوردستانیش دادگا بۆ پارتی و ڕێفراندۆمچیەکان ڕێک دەخرێ، دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان تەواو پێچەوانەکەی سەلماند کە ھیچ لایەنێک لە بەغدا لە ھەر وڵات و شوێنێکەوە پاڵپشتی بکرێن ناتوانێ تەجاوزی بوون و ھێزی پارتی بکەن.
 پارتی نە بڕوای بە بەغدایە و نە عێراقی یەکپارچە و یەکگرتوو،بۆیەشە ھەموو لایەنە کوردستانیەکانی ھاندا کە وێکڕا بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەن و لە پڕۆسەت شکستخواردووی سیاسی عێڕاق بکشێنەوە،یان ئەگەر بەشداریش بوون یەک لیستی کوردستانی ھەمووان کۆبکاتەوە،بەڵام ژمارەیەک ھێزی کوردستانی ئەوەیان بە لاوازی پارتی پێناسە دەکرد،چوون بە تەنیا لیستیان دروست کرد بەو ئومێدەی ببنە بەشێک لە حوکمی ڕەشیدی بەغدا.
نەرمە سیاسەتی نێچیرڤان بارزانی توانی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان لە مەترسی ھەڵوەشاندنەوە بپارێزێ کە حکومەتی عێراقی کاری بۆ دەکرد و لە ناوخۆی کوردستانیش ژمارەیەک لایەن داوایان لە بەغدا دەکرد ئەو ئەو ئەرکە بەوان بسپێردرێ بۆ ئەوەی وەک جێگرەوەی پارتی بەڵام بە مەرجەکانی بەغدا لە کوردستان بمێنەوە،ھەروەھا ئەو سیاسەتە کە وڵاتانی زلھێزی بەر لە وڵاتانی ئیقلیمی ناچارکرد بە حیساباتی خۆیان دابچنەوە و حەقیقەتی پارتی ببینن کە ھەڵقوڵاوی ئێرادە و پێویستی مێژووی گەلی کوردستانە،کە دەرئەنجامی ھەڵبژاردن ھەمان ئەو پەیامەی بۆ ناوخۆی کوردستان و وڵاتانی ئیقلیمی و دونیا دووپات کردەوە کە خەڵکی کوردستان لە ھەر بارودۆخێک و لە ژێر ھەر فشار و ھەڕەشەیەک بن ھەرگیز دەسبەرداری مافی سەربەخۆیی نیشتیمانیان نابن و ھەر لایەنێکیش سەرکێشی ئەو ئامانجە بکات ئەوە ئایندە دەباتەوە.
ھەرێمی کوردستان کە پێویستی بە خۆگرتنەوە و بەھێزبوونەوەیە و ئادگارەکانی ئەو قۆناغە وا پێشان دەدا کە سەرکێشیەکەی ھەر لە دەست پارتی بمێنێتەوە،چۆن لە ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق یەکەمی بێ ڕکابەری کوردستان بوو،پێشبینی دەکرێ لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ھەرێمی کوردستانیش بە ھەمان ڕێژە و قەبارە دەسەڵات بۆ چوار ساڵی دیکە لە ڕکابەرەکانی بباتەوە،بەو کارەشی سەرکەوتنی ڕیفراندۆم و کارکردن بۆ سەربەخۆیی بە کراوەیی دەمێنیتەوە. 
 





ئەم هەواڵە 838جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad