English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پێكه‌وه‌ژیان نابێ‌ ببێته‌ قوربانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن...
2018-05-22 [08:01 AM]

مەحمود محەمەد


پێكه‌وه‌ژیان نابێ‌ ببێته‌ قوربانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن...

 

وه‌كو خاڵێكی زه‌ق و به‌رچاو له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا، هه‌ندێ‌ كه‌س و لایه‌ن له‌ پرنسیپه‌ گشتییه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان لایاندا و هه‌ندێ‌ رسته‌ی نه‌گونجاو كه‌ بۆنی مه‌ترسیداریان لێده‌هات و تێكدانی ریزه‌كانی كۆمه‌ڵگا و تێكدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌خوێندرایه‌وه‌، ده‌بیستران ! جارێ‌ بابزانین پێكه‌وژیانی ئاشتیانه‌ و یه‌كترقبوڵكرد چه‌ند بوار ده‌گرێته‌وه‌:

 

1. پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌، كه‌ چۆنیه‌تی به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانه‌كه‌ به‌ یاسا رێكخراوه‌، به‌و مانه‌یه‌ی له‌ وڵاتانی كه‌ پێكهاته‌كانیان له‌ رووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ له‌ چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌كی لێكجیاواز پێكهاتووه‌، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان كولتوری تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ به‌ڵام پێكه‌وه‌ ده‌ژین، به‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌بوونی جیاوازیه‌كان له‌ رووی زمان یان كولتور و..هتد، یه‌كترقبوڵكردن هه‌بێت و هیچ لایه‌ك ئه‌وی دی ره‌فزنه‌كاته‌وه‌، هه‌ل بڕه‌خسێ بۆ هه‌موو لایه‌ك و په‌ره‌ به‌ زمان و كولتوری خۆیان بده‌ن و سود له‌ماف و ئازادییه‌كان وه‌ربگرن و یه‌كتر ته‌نگاونه‌كه‌ن و هه‌وڵی وه‌كخۆلێكردن نه‌درێت، به‌ واتای هه‌وڵنه‌درێ‌ لایه‌ك واز له‌ نه‌ته‌وه‌ی خۆی بهێنێ‌ یان واز له‌ زمان یاخود كولتوری خۆی بهێنێ‌، نموونه‌ی ئه‌وه‌ (حزبی به‌عس) دژ به‌ كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی په‌یڕه‌وكرد.

 

2. پێكه‌وه‌ژیانی ئاینی، له‌و وڵاتانه‌ی فره‌ئاینی هه‌یه‌ پێویستده‌كات رێز له‌هه‌ست و شعوری په‌یڕه‌وانی هه‌موو ئاینه‌كان بگیرێ و ئازادبن له‌ مماره‌سه‌كردنی رێوڕسمی تایبه‌ت به‌خۆیان و، په‌یڕه‌وانی لایه‌ك هه‌وڵنه‌ده‌ن خۆیان به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا بسه‌پێنن یان كه‌شێكی وا دروستبكه‌ن ئه‌وانی دیكه‌ گۆشه‌گیر بكه‌ن یاخود هه‌وڵی گۆڕینی ئاینه‌كه‌یان بده‌ن. باشه‌ هه‌ر هه‌مووان پێكه‌وه‌ ئازادبن له‌ رووی كارپێكردنی رێنماییه‌ دینیه‌كانیان، بۆ ئه‌مه‌ش باشه‌ له‌ قوتابخانه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێبكرێ و ئاین ناسی له‌ چوارچێوه‌ی پرۆگرامه‌كانی خوێندندا رێكبخرێت.

 

3. پێكه‌وه‌ژیانی مه‌زهه‌بی، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئاینه‌كان چه‌ندین ئاینزا (مه‌زهه‌ب)ی لێك جیاوازیان هه‌یه‌ و زۆربه‌ی جاران كه‌ كێشه‌ له‌ وڵاتێكدا روده‌دات له‌ نێوان په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌به‌ جیاوازه‌كان روده‌دات، له‌ ناو موسڵمانان چه‌ندین مه‌زهه‌ب و ره‌وت هه‌یه‌، هه‌روه‌كو له‌ ناو كریستیانه‌كانیش چه‌ندین ئاینزای جیاواز هه‌ن... توندوتیژی مه‌زهه‌بی زۆر خوێناویتر بوون له‌ توندوتیژی ئاینی یان نه‌ته‌وه‌یی، بۆ نموونه‌ شیعه‌ و سونه‌ یان كاسۆلیك و پرۆتستانت و... هتد. كه‌واته‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاینزایی و مه‌زهه‌بی قبوڵبكرێ‌، هه‌ر لایه‌ك به‌گوێره‌ی باوه‌ڕه‌كانی ئازادبێ‌ و لایه‌ك خۆی به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌دا نه‌سه‌پێنێ‌ و خۆی به‌ راست و ئه‌ودی به‌هه‌ڵه‌ له‌ قه‌ڵه‌م نه‌دا، به‌ڵكو وه‌كو هه‌ن یه‌كتریان قبوڵ بێت.

 

4. پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی... ده‌بێ‌ باوه‌ڕمان هه‌بێ‌ كه‌ مرۆڤه‌كان جیاواز له‌ یه‌كتر بیرده‌كه‌نه‌وه‌ له‌لایه‌ك، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ مادام نه‌ته‌وه‌ و ئاین و ئاینزایی جیاواز هه‌ن كه‌واته‌ ئایدۆلۆژیا و تێڕوانینی جیاوازیش بۆ ژیان هه‌ن، ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ قبوڵبكه‌ین مرۆڤه‌كان به‌ ئایدۆلۆژیا و دنیابینی جیاواز بارگاوین بۆیه‌ ئایدیای جیا جیا له‌ بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری و فه‌لسه‌فیدا په‌یدا ده‌بن و، مرۆڤ بۆ به‌هێزكردنی ئه‌م ئایدیایه‌ی خۆی ده‌یه‌وێ‌ بیكات به‌ ئایدیای شاره‌كه‌ی، دوایه‌ش هه‌وڵده‌دات بیكات به‌ ئایدیای وڵاته‌كه‌ی به‌ته‌واوی، له‌ ئایدیای تاك بۆ ئایدیای كۆمه‌ڵ و له‌ئاكامدا ئایدیاكان بكات به‌ یاسا بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ رێڕه‌وی ژیان... بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ حزبی سیاسی دروستده‌كرێن و ده‌كه‌ونه‌ ململانێ‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگا زیاتر په‌یڕه‌و بۆ ئایدیاكه‌ی خۆی په‌یدابكات و ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست و توانای یاسادانان و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌بێت...

 

له‌گه‌ڵ هه‌موو جیاوازیه‌كاندا ده‌بێ‌ ره‌چاوی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێت، به‌واتای ده‌بێ‌ كۆمه‌ڵگا هه‌بێت و ئاشتی تێدا به‌رقه‌راربێ‌، جیاوازی ئایدۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕه‌كان نه‌بنه‌ هۆی شڵه‌ژانی كۆمه‌ڵگا و رێگا له‌ خۆش ژیان و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و زانستی بگرن. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا شڵه‌ژاوی و ناسه‌قامگیری تێدابوو بۆ مرۆڤه‌كان ژیان به‌ زه‌حمه‌ت ده‌بێ‌.

 

كورته‌ی مه‌به‌ست، ده‌كرێ هه‌موومان له‌ رووی سیاسی و بیركردنه‌وه‌دا جیاوازبین، به‌ڵام جیاوازییه‌ سیاسیه‌كانمان یان جیاوازیه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و ئاینزامان نه‌بێته‌ هۆی پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. به‌داخه‌وه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاقدا چه‌ندین نموونه‌ هه‌بوون كه‌ بانگه‌شه‌ی پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان ده‌كرد..! له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤیه‌كانه‌وه‌ ده‌یانگوت مادام جیاوازی سیاسیمان هه‌یه‌ چۆن له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ جیاواز نه‌بین! تا راده‌یه‌ك هاتوچۆی تازیه‌ی یه‌كتری نه‌كرێت... ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ ژیان له‌ چوارچێوه‌ی خێزانیش به‌زه‌حمه‌ت ده‌خه‌ن، چونكه‌ مادام بیركردنه‌وه‌ ئازاده‌ و مادام مه‌یدانی سیاسی بۆ هه‌مووان كراوه‌یه‌ كێ‌ ده‌ڵێ‌ له‌ ناو خێزانێكیشدا خوشك و برا یان برا و برا یاخود خزمی دیكه‌ جیاواز نابن؟! كه‌واته‌ چۆن ده‌كرێ‌ له‌ خۆشی و ناخۆشیه‌كانی خێزانیدا ته‌ركی یه‌كتر بكه‌ن؟ زاڵبوونی ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ كاره‌ساته‌ بۆ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ له‌ هه‌ر ئاستێكی پێشكه‌وتوو یان دواكه‌وتوودابێ‌... بۆیه‌ حه‌قه‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی نه‌كرێته‌ قوربانی به‌ده‌ست هێنانی ده‌نگ و، به‌ چاندنی تۆوی فیتنه‌ و دڕدۆنگی ژیان نه‌كرێ‌ به‌ دۆزه‌خ. ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ باوه‌ڕیان به‌ لۆژیكی گفتوگۆ نامێنێ‌، زۆر زوو رایه‌ڵه‌كان ده‌پچڕێنن و په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر پاكتاوی جه‌سته‌یی كه‌ نیشانه‌ی پێنه‌مانی وشه‌ و رسته‌یه‌.. ده‌بێ‌ بزانین له‌ پێشه‌وه‌ هه‌موومان مرۆڤین، ئینجا كوردین یان نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌، ئینجا موسڵمانین یان دینێكی دیكه‌، دواتر سونه‌ین یان شیعه‌، پاشان له‌ناو حزبێكی سیاسی داین، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

 

مه‌حمود محه‌مەد

۲۲ی٥ی۲٠۱۸





ئەم هەواڵە 457جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad