English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گوتەبێژی فەرمیی پارتی: لەسەر بنەمای سێ ئەولەوییەت بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا دەكەین
2018-05-29 [02:38 AM]

ZNA-هه‌ولێر


مەحموود محەممەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیێنێ، هاوبەشیی راستەقینە و پێكەوەسازان و هاوسەنگی ئەولەویەتی پارتین بۆ بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا. هاوکات دەڵێ، "پارتی گوێ لە هەموو لایەك دەگرێت، بەڵام مەرج نییە ئەوەی ئەوان دەیڵێن، ئێمە ئەوە بكەین، بەرژەوەندییەكانی كوردستان لە پەیوەندییەكانمان بە گرینگتر دەزانین."

بە سەرنجدان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پارتی، هەست دەكرا، جۆرێك لە جیاوازیی لەگەڵ تەواوی لایەنە بەشداربووەكانی دیكەی كوردستاندا هەبوو، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی پارتی لە هەندێك ناوچە دەنگەكانی بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد بكات و لە هەندێك شوێنی دیكە كەم بكات.
لەوبارەوە مەحموود محەممەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە هەفتەنامەی گوڵانی ڕاگەیاندووە،
" هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پارتی لەوەدا جیاواز بوو، پارتی دەیزانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقە و دەیزانی چۆن هەڵمەتەكەی خۆی ئاراستە دەكات، بەڵام لایەنەكانی دیكە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بەو شێوەیە بوو وەك ئەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بێت، ئەمەش وایكرد كە خەڵكی كوردستان بە باشی لە پەیامەكەی پارتی تێبگات و متمانەی بداتێ، سەبارەت بە زیاد و كەمكردنی دەنگەكانیشی لە هەندێك شوێن، ئێمە وەك مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمبارەوە بەیانێكمان دەركردووەو ئاماژەمان بەوە كردووە كە لە هەندێك شوێن دەستكاریی دەنگەكان كراوە، بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی، لەبەر ئەوەی دەنگەكانی پارتی لە سلێمانی دەنگی راستەقینەی پارتی نییە، ئەمەش بۆچی و چۆن؟ بێگومان دراوەتە دەستی یاسا و دەبێت لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت، بۆ ئەوەی بزانین چۆن ئەو گومانانەی ئێمە دەڕەوێنەوە."

 

زوڵمێكی دیكە لە خەڵكی شنگال كرا
116 سندووق لە دەنگی ئاوارەكانی شنگال بە بیانووی ئەوەی دەبێت بژمێردرێنەوە، راگەیاندنی ئاكامەكەی دواخرا، بەڵام دوای ئەوەی ئاكامی هەڵبژاردنیش راگەیەندرا، دەنگی ئەو سندووقانە حیساب نەكران، ئاكامی هەڵبژاردن راگەیەندراو دەنگی ئەو سندووقانە سووتان. دەربارەی كاریگەریی ئەم هەژمارنەکردنە مەحموود محەممەد دەڵێ، "ئەمەش زوڵمێكی دیكە بوو كە لە خەڵكی شنگال كرا، لەبەر ئەوەی بەشی هەرە زۆری دەنگی ئەو سندووقانە، دەنگی ئاوارەكانی شنگال بوون، ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەنگی كاندیدەكانی شنگال هەبوو."

گوتەبێژی فەرمیی پارتی هەروەها دوو هۆكاری لە حیسابنەكردنی ئەم دەنگانە دەێنێتە بەر باس و گوتی، "یەكەمیان ویستی خەڵكانێك بوو لە بەغدا بۆ ئەوەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبێتە لیستی یەكەم لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا، ئەوی دیكەشیان غەدرێكی دیكە بوو لە خەڵكی شنگال كرا، ئەمەش بەو مانایەی چۆن لە ساڵی 2014 ئەنفال كران، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا دەنگەكانیان ئەنفال كرا."


لە پێش هەڵبژاردن و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش، پارتی لە هەوڵەكانی بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی لایەنەكان بەردەوامە.
نێچیرڤان بارزانی لە دوایین رۆژی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، لە ناو ئاپۆڕای جەماوەری هەولێر رایگەیاند، یەكەم كار دوای راگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن، هەوڵدان دەبێت بۆ ئەوەی لایەنەكان پێكەوە كۆ ببنەوە و پێكەوە بچن بۆ بەغدا، بەڵام شاندی پارتی بە تەنیا چووەتە بەغدا، مەحموود محەممەد لەوبارەوە دەڵێ، هەوڵی جیددی درا بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیەك لەنێوان هەموو لایەنەكان ئەنجام بدرێت و هەمووان پێكەوە شاندێكی هاوبەش دروست بكەن و بچنە بەغدا، بەڵام بەشێك لەو حزبانە (6 لایەنەكە) بە بیانووی ئاكامی هەڵبژاردنەكە رەت دەكەنەوە و لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بەشداری ناكەن، ئامادە نەبوون لە كۆبوونەوەكە بەشداری بكەن.

ئەو ئەنداەمی مەکتەبی سیاسیی پارتی هەروەها گوتیشی "ئەمەشمان لەگەڵ یەكێتی باس كردووە، بەڵام دیار بوو، ئەوان پێشتر شاندێكیان بۆ بەغدا ناردبوو، بۆیە لەو پرسەدا نەهاتنە پێشەوە، ئەگەرنا ئێمە وەك پارتی پێمان باش بوو ئێمە و یەكێتی بە هاوبەشی بچین، كە ئەمانەش كران، ئێمە ناچار بووین شاندێك بنێرینە بەغدا بۆ ئەوەی بزانین بەغدا دەیەوێت چی بكات."

 

(شەراكەت، تەوافوق، تەوازن)
دەربارەی ئەولەویاتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا مەحموود محەممەد گوتی "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بنەمای سێ ئەولەوییەت بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی عێراق دەكەین كە بریتین لە: هاوبەشی، پێكەوەسازان، هاوسەنگی (شەراكەت، تەوافوق، تەوازن). واتا ئێمە دەمانەوێت لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا هاوبەشی راستەقینە بین، نەك تەنیا بەشدار بین، واتا دەمانەوێت هاوبەش بین لە داڕشتنی بڕیارەكان، نەك ئەوان خۆیان بڕیارەكان دابڕێژن و ئێمە لێی ئاگادار نەبین، قەناعەتی ئێمە بەو جۆرەیە كە دەبێت پێكەوەسازان (تەوافوق) لە نێوان هەموو پێكهاتەكان هەبێت، بەتایبەتی لەو بوارانەی كە پەیوەندی بە خەڵكی كوردستانەوە هەیە و نەبێتە زۆرینە و كەمینە.
ئێمە لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر ئەم پرانسیپانە رێك‌كەوتبووین، بەڵام لەو كاتەوە نەتوانراوە ئەم پرەنسیپانە بكرێنە یاسا و جێبەجێ نەكراون، پێداگریمان لەسەر تەوافوق لەسەر ئەو بنەمایە هاتووە كە ئەم وڵاتە بە یەك پێكهاتە، ئەوجا ئەو پێكهاتەیە ئایینی بێت، یان قەومی، یان تاییفی بەڕێوە ناچێت، بۆیە ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی ئەو تەوافوقە بپارێزرێت و بەبێ بوونی تەوافوق عێراق نابێتە وڵاتێكی سەقامگیری ئەوتۆ كە بتوانێت خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی دابین بكات.

خاڵی سێیەم، پرسی هاوسەنگیی پشكی هاووڵاتیانی كوردستانە لەناو ئۆرگانەكانی دەسەڵات و حكوومەتی عێراقدا، دەبێت ئەم هاوسەنگییە رەچاو بكرێت، ئەگەر لەم رووەوە سەیری پۆستەكانی (باڵیۆزەكان، بریكاری وەزارەتەكان، بەڕێوەبەرە گشتییەكان، راوێژكارەكان، رێژەی كورد لە سوپای عێراقدا و.. هتد) بكەین، دەبینین چەندین پۆست هەیە كە پێویستە كورد لەو پۆستانە بێت، بەڵام ئێستا بە خەڵكی دیكە پڕكراونەتەوە، لە دوای ساڵی 2003 كە سەرلەنوێ سوپای عێراق دامەزرایەوە، رێژەی كورد لە نێوان 30-35% بوو لەناو سوپادا، بەڵام ئێستا ئەم رێژەیە 1.5% تێپەڕ ناكات، كەواتە دەبێت ئەم لایەنانەش هەموو چاوی پێدا بخشێنرێتەوە، بۆ ئەوەی هاوسەنگییەك بگەڕێتەوە و كورد هەست بكات جۆرێك لە هاوسەنگی لەنێوان كورد و شیعە و سوننەدا هەیە."


مەحموود محەممەد ناشیشارێتەوە کە پارتی هێڵی سووری بەرامبەر هیچ كەسێك نییە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا و گوتیشی "ئێمە تێبینیمان لەسەر ئەدای هەندێك كەس لە حوكمڕانیی پێشتر هەیە، بەڵام هێڵی سوورمان بەرامبەر هیچ كەسێك نییە، بۆ ئەوەی كێ دەبێتە كاندیدی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو. بە بۆچوونی ئێمە ئەمە دەكەوێتە سەر ئەو لایەنە شیعیانەی كە لەسەر ئەم پرسە هاوپەیمانی دەكەن، بۆیە ئێستا وێستگەیەكی نوێیە و لەگەڵ كۆمەڵێك پێشهاتی تازە مامەڵە دەكەین كە بۆ هەر لایەكمان بە جۆرێك گرنگە، ئەم ویستگە نوێیە پاش ئەنجامدانی ریفراندۆمە لە كوردستان، بۆیە بۆ ئێمە گرنگە بزانین ئەوان دەیانەوێت پەیوەندی نێوان كوردستان بەغدا دوای ئەم قۆناغە چۆن بێت، یان كە ئێمە پێداگری لەسەر شەراكەت دەكەین، ئەوان چۆن شەراكەتی ئێمە قبووڵ دەكەن."

 

بوونی بەهێزی ئێمە لە بەغدا، ڕێگرییە لە خواستی نەفسنزمان
لە شەقامی كوردستان هەندێك جار ئەو پرسیارە کراوە، پارتی كە رێبەرایەتیی پرۆسەی ریفراندۆمی كرد، بۆچی شاند دەنێرێتە بەغدا؟، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دەڵێ، "ریفراندۆم وەك پرۆسەیەك ئەنجام درا و سەركەوتوویش بوو، لەم پرۆسەیەدا خەڵكی كوردستان توانییان ئازادانە رای خۆیان دەرببڕن، بە شێوەیەكی رێكوپێكیش ئەم خواستەی خەڵكی كوردستان بە جیهان راگەیەندراوە، بەڵام لە دوای ریفراندۆم بارودۆخێك بە دژی خواستی خەڵكی كوردستان هاتە ئارا، ئەمەیان پرسێكی دیكەیە. ریفراندۆم لە جێگەی خۆیەتی و پێشتریش گوتوومانە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا وتووێژ دەكەین، ئەمەش مانای ئەوەیە تا ئەو كاتەی ئێمە لەگەڵ عێراقدا بین، دەبێت بە هێزەوە لە بەغدا بوونمان هەبێت، ئەم بوونە بەهێزەش بۆ ئەوەیە نەهێڵین هەندێك خەڵكی نەفسنزم لە پێناوی بەدیهێنانی زۆر خواستی بچووكی كەسی و حزبیی تەسكدا، پشت لە هەموو خواست و داواكان و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن".


دیسان دەربارەی چۆنیەتیی پێکهێنانی حکوومەت و کاندیدی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، پێكهێنانی حكوومەت بە تەنیا لە دەستی لایەنە شیعەكانی عێراقدا نییە، وڵاتانی دەورووبەری عێراق و وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكا و ئەورووپایش كاریگەریی خۆیان لە سەر ئەو دۆخە هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە رازیكردنی ئەم هەموو لایەنە لەسەر كاندیدێك لەوانەیە كارێكی ئاسان نەبێت، لە كابینەكانی پێشتردا جۆرێك نزیكی لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەبوو، بەڵام پێدەچێت ئەمجارەیان تێڕوانینی هەردوولایان بۆ ئایندەی عێراق لە یەكتری دوور بێت. پێشتر هەردوولا دەیانگوت هەر كەسێك ببێتە سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەكەین، بەڵام ئێستا ئەمریكا و ئێرانیش تێبینییان لەسەر هەندێك كەسایەتی هەیە، ئەمەش پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی قورستر كردووە.

 

بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان ناكەینە قوربانیی پەیوەندییەكانمان
لەبارەی ئەوەشەوە کە ئەمە مانای ئەوە بێ گوشارێك لەسەر هەموو لایەنەكان دروست بووە، ئایا ئەو گوشارانەی ئێران و ئەمریكا لەسەر پارتیش بوونی هەیە؟، مەحموود محەممەد گوتی، "بێگومان ئێرانییەكانیش وەك ئەمریكا، قسەی خۆیان لەسەر ئەو پرۆسەیە هەیە، ئێمە گوێ لە هەموو لایەنێك رادەگرین، بەڵام ئەم گوێگرتنەی ئێمە بەو مانایە نییە، هەرچی ئەوان دەیانەوێت، ئێمە ئەوە دەكەین. ئێمە سەیری بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین، لەسەر ئەولەویەتی بەرژەوەندییەكانی كوردستانیش مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین، لێرەدا نایشارمەوە، لە پێشتردا زۆر جار هەندێك خواست و ویستمان هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی لە لایەنێكی نێودەوڵەتییەوە كۆمەڵێك بەڵێنیان پێداوین، ئەو خواست و ویستەمان بۆ ماوەیەك دواخستووە، بەڵام دواتر خۆیان نەكردووەتە خاوەنی بەڵێنەكانیان و جێبەجێیان نەكردووە، ئەمە وامان لێدەكات كە بڵێین، پەیوەندییەكانمان شتێكە و خواست و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانیش شتێكی ترەو نابێت خواست و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەینە قوربانیی پەیوەندییەكانمان، بەپێچەوانەوە دەبێت ئەو پەیوەندییانە بەهێز بكەین بۆ چۆنیەتیی دەستەبەركردنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، بێگومان ئەو لایەنانەش كە دەبنە هێز و پشتیوانی بۆ بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، پەیوەندییەكانمان لەگەڵیان بەهێزتر دەبێت، بەڵام لە هەموو بارودۆخێكدا بەشداریی ئێمە لە حكوومەتی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمای (شەراكەت و تەوافوق و تەوازن) دەبێت."


مەحموود محەممەد جارێکی دیکە پرسی شاندێكی هاوبەش لە نێوان هەموو لایەنەكان دەخاتەوە بەر باس و دەڵێ، ئەگەر ئەمە نەكرا، چەند لایەنێك پێكەوە شاندێكی هاوبەش پێك بهێنن، وێڕای ئەوەی کە جارێ نازانن ئەو لایەنانەی كە رایانگەیاندووە بایكۆت دەكەن، مەبەستیان لە بایكۆتكردنە چییە و دەپرسێ، "ئایا ئەو لایەنانە لە پەرلەمان و حكوومەتیش بەشدار نابن، یان لە پەرلەمان بەشدار دەبن و بەشداریی حكوومەت ناكەن."


گوتیشی "لە دوای راگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن و پێش ئەوەی شاندەكان بچنە بەغدا، هیچ كۆبوونەوەیەك لەنێوان مەكتەبی سیاسییەکانی پارتی و یەكێتی نەكراوە و دەڵێ، "دوایین كۆبوونەوە كە كرابێت، ئەو كۆبوونەوەیە لەنێوان شاندی پارتی بە سەرۆكایەتیی كاك فازڵ میرانی لەگەڵ شاندی یەكێتی لە بەغدا بووە. بەڵام ئێمە و یەكێتی و حزبەكانی دیكەش پێویستمان بەوەیە لە ناو خۆماندا لەسەر چۆنیەتیی بەشداریكردنمان لە حكومەتی عێراقدا رێك‌بكەوین."

 

پۆستی سەرۆککۆمار بە مافی پارتی دەزانین
دەربارەی نزیکی و دوورییان لەگەڵ یەكێتی گوتی، "ئەگەر بۆچوونی یەكێتی وەك ساڵێك پێش ئێستا وابێت، ئەو رووداوانەی لەماوەی ئەو ساڵە روویان داوە، هیچ كاریگەری نەبووبێت، ئەوا زۆر لەیەك دوور نین، بەڵام لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر و ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، پێدەچێت جۆرێك لە گۆڕانكاری لە تەرازووی هێزی ناو یەكێتی رووی داوە، ئەگەر ئەمە رووی نەدابێت، بە دڵنیاییەوە لێك نزیكین."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە، واتا لەسەر بنەمای رێككەوتنە كۆنەكەیە و پۆستی سەرۆككۆمار بدرێتە یەكێتی؟، گوتەبێژی فەرمیی پارتی گوتی، "نەخێر، ئەوەی باسی دەكەیت، رێككەوتنی ساڵی 2005 ی نێوان پارتی و یەكێتی كە لەلایەن سەرۆك بارزانی و خوالێخۆشبوو مام جەلالەوە ئیمزا كرابوو، تایبەت بوو بە پۆستی سەرۆكی هەرێم و پۆستی سەرۆككۆمار، بەڵام یەكێتیی نیشتمانی پابەندبوونی بەم رێككەوتنە نەهێشت و كەوتە پاڵ ئۆپۆزیسیۆن و داوای هەمواركردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی دەكرد، بەڵام ئێستا بارودۆخە شتێكی دیكەیە و وەك ئەو كاتە نییە."

هاوکات جەخت دەکاتەوە لەوەی کە، "لەبەر ئەوەی ئەو رێككەوتنە نەماوە، ئەوا دەبێت گفتۆگۆ بكەین كێ پۆستی سەرۆككۆمار وەردەگرێت، سەبارەت بە ئیستحقاقی پارتییش، بێگومان لە رووی ژمارەی كورسییەكان و بە خاڵیش بێت، ئەو پۆستە بە مافی پارتی دەزانین كە وەریبگرێت."

زۆرتر لەسەر ئەم پرسە و گوتی، "ئێمە پێشتر بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی و تەباییی نێوماڵی كوردستان، دەستمان لە زۆر ئیستحقاقی خۆمان هەڵگرتووە، بەڵام بە خوێندنەوەی دەنگدەرانی پارتی، ئەمە وەك خۆی نەخوێندراوەتەوە و بەپێچەوانە دژی پارتی سوودی لێ وەرگیراوە، بۆیە ئێمە لێرە بەدواوە نامانەوێت ئەمە دووبارە بكەینەوە و دەبێت هەموو شتێك بە تەوافق و بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت."


سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش، کە ئایا لە روانگای ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەوە، چۆن سەیری دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەکەن، مەحموود محەممەد گوتی، "بە مەزندەی من، ئێمە هەموومان لەناو پارتی گەشبینین، بناغەی ئەم گەشبینییەشمان متمانەی خەڵكی كوردستانە بە رێبازی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی، پشتئەستوورین بەوەی خەڵكی كوردستان چۆن لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا متمانەیان بە پارتیدا، ئەمجارەیان زیاتر متمانە بە پارتی بدەن و زیاتر پشتی بگرن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە خەڵكی كوردستان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەرگری لە كوردستان و پاراستی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان لە هەموو حیزبەكانی دیكەی كوردستان لێهاتووترە و دەتوانێت بەرگری لە كوردستان بكات و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانیش بپارێزێت."





ئەم هەواڵە 5539جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad