English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
خەسرۆ گۆران: بەپێی رێژەی کورسیەکان سەرۆک کۆمار شایستەی پارتیە
2018-05-30 [09:13 AM]

ZNA- ھەولێر


بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، بەپێی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق، پۆستی سەرۆک کۆمار شایستەی پارتی دیموکراتی کوردستانە و پێوەری ئەوانیش بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی عێراق، ڕازیبوونە بە مافی خەڵکی کوردستان.

 

دوای تۆمارکردنی ناوی پارتی وەکوو کیانێکی سیاسی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند: ”تائێستا ئەوەی دیارە وەکوو یەک کیانی سیاسیی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەین، بەڵام جارێ ماوەی هاوپەیمانێتییەکان ماوە و ئەمڕۆ تەنیا تۆمارکردنی ناوی کیانە سیاسییەکانە. ئەوەی دەمێنێتەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان“.

 

لەبارەی ژماردنەوەی دەستیی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیشەوە ڕوونی کردەوە، چ کۆمسیۆنی کوردستان و چ کۆمسیۆنی عێراق، هەر بڕیارێک بدەن، ئەوان پشتگیرییان دەکەن بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەیان. ”ئێمەش گلەییمان لە کۆمسیۆن هەبووە و گومانمان هەیە لە هەندێک شوێن تەزویرێکی زۆر کرابێت و قوربانیی ئەو تەزویرەین، بەشێکی زۆری دەنگەکانمان ونبووە و خوراوە، چ لە مووسڵ و چ لە سلێمانی و چ لە شوێنەکانی دیکە، بۆیە ئێمەش پاڵپشتی هەر هەنگاوێک دەکەین کە لایەنە سیاسییەکانی دیکە بینێن، لەلای کۆمسیۆن یان دادگا دەنگەکان بژمێردرێنەوە. لە هەر شوێنێک هەر لایەنێکی سیاسی گومانی هەبێ یان بزانێ لە پرۆسەی دەنگداندا لەو شوێنانەی پارتی زۆرینەی هەیە، با بفەرموون سندووقەکان بکەنەوە“.

لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستانەوە خەسرەو گۆران ڕوونی کردەوە کە یاسای هەڵبژاردنی کوردستان لەگەڵ عێراق جیاوازە، کوردستان یەک بازنەیە کە هەولێر و دهۆک و سلێمانی بە یەک زۆن دیاری کراون و دەکرێ خەڵکی دهۆک دەنگ بە کاندیدی هەولێر یان سلێمانی بدات و بەپێچەوانەشەوە. گوتیشی: ”ئێمە ١٠٠ کاندیدمان دەبێ و بەپێی توانا و ژمارەی دەنگی پارتی لەو شوێنانە، کاندیدەکان دابەش دەکەین“.

 

ئەوەشی نەشاردەوە کە ٣٨ کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەبووە و پارتی ئومێد دەکات ژمارەی کورسییەکانی زیاتر ببن.

 

 

لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، خەسرەو گۆران گوتی: ”حکوومەتی داهاتووی عێراق دوادەکەوێت، لە ساڵی ٢٠١٤ لە ٣٠ی نیسان هەڵبژاردن کرا، لە ١ی تەمووز سوێندی یاسایی خورا، بۆیە بڕوا مەکەن دوو یان سێ مانگ پاش هەڵبژاردنەکان حکوومەت پێک بێت، ئەمجارە هیچ لایەنێک هێندە دەنگی نییە کە بە ئاسانی حکوومەت تەشکیل بکات، گەورەترین هاوپەیمانێتی لە عێراق سائیرونە کە ٥٤ کورسی هەیە و بە تەنیا ناتوانێ حکوومەت پێک بهێنێت“.

 

باسیشی لە ڕێککەوتنی نێوان پارتی و لایەنەکانی دیکە کرد و ئاشکرای کرد: ”لەگەڵ هیچ لایەنێک ڕێک نەکەوتووین، نە لەگەڵ لایەنی کوردی و نە لەگەڵ عەرەبی. لە عێراق لای ئێمە پۆست گرنگ نییە، مافی خەڵکی کوردستان و دەستوور گرنگە کە پەیوەستە بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان. هەر لایەنێک حکوومەتی دروست کرد و پابەند بوو بە جێبەجێکردنی مافەکانی کورد، ئەوە ئێمە دەچینە نێو ئەو حکوومەتە. ئەوکاتە شایستەی هەر لایەنێک دیاری دەکرێ، هەرچەندە ئێمە زۆرترین کورسیمان هەیە و ئەگەر کورسییەکانی پەرلەمان پێوەر بێت، پۆستی سەرۆک کۆمار شایستەی پارتییە، بەڵام دەبێ کورد بڕیار بدات“.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئاماژەی بە بەشێک لە ناوەڕۆکی گفتوگۆکەیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و ڕوونی کردەوە کە باسیان لە ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق و ئایندەی ئەو ناوچانە کردووە کە دەکەونە چوارچێوەی ماددەکە و چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە. لەمبارەیەشەوە تەنیا گوتی: ”ئەوان ناتوانن نکۆڵی لە مافی کورد لەو ناوچانە بکەن“.





ئەم هەواڵە 3964جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad