English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دانبەخۆداگرتنی لایەنەکانی عێراق لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکات
2018-05-31 [11:41 AM]

ZNA- هەولێر


 

لە وتارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، "یان کوبیش" نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، ڕایگەیاند کە ھەڵبژاردنی نیشتمانی لە ١٢ی ئایاردا تارادەیەک لە کەشێکی  ئارام و جێگیردا بەڕێوەچوو. ئەو داوای لە پارتە سیاسییەکان و ھەوادارەکانیشیان کرد بۆ پاراستنی ئاشتی بەو پێیەی سکاڵایەکان پێویستە لە رێگەی کەناڵە یاساییە بەرکارەکانەوە یەکلایی بکرێنەوە و ھەروەک چۆن داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش کرد بۆ یەکلایی کردنەوەی سکاڵایەکان بەشێوەیەکی رێک وپێک و تەواو و خێرا بۆ ئەوەی گیروگرفتەکان چارەسەر بکرێن و دادوەری و پشتڕاستکردنەوەی خێرای ئەنجامە کۆتاییەکانیش بێنەدی.

 

کوبیش باسی ئەوەشی کرد کە ھەرچەندە سەرکردە سیاسییە عیراقییەکان، بە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانیشەوە، بە ئاشکرا پرۆسەی ھەڵبژاردنیان قبوڵ کردووە بەڵام سەرکردەی چەند پارتێکی تر، بە جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانەوە، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە چەند کەم وکوڕییەکی تەکنیکیی پەیوەست بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی ھەڵبژاردن و ئەنجامدانی ساختەکاری و تۆقاندنی دەنگدەران لەلایەن ھەندێ ھێزی چەکدار و دەستوەردانی سیاسییەوە.

 

کوبیش لەمبارەوە وتی: "ئێمە درێژە بە داواکارییەکانی خۆمان دەدەین بۆ پارتە سیاسییەکان و ھەوادارەکانیان بۆ پاراستنی ئاشتی بەو پێیەی سکاڵایەکان پێویستە لەرێگەی کەناڵە یاساییە بەرکارەکانەوە یەکلایی بکرێنەوە. من داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش دەکەم بۆ پاراستنی بێخەوشی کەرەسە و ئامێرەکانی ھەڵبژاردن لەگەڵ ھاوکاریکردن لەگەڵ و پابەندیی تەواو بە دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەوە بە گرتنەخۆی چەند رێوشوێنێک بۆ ئاوڕدانەوە بەشێوەیەکی کاریگەرانە  لە تانەکانی لایەنە پەیوەنددارەکان لە چەندان بنکەی دەنگداندا. ئێمە ھەروەھا داوا لە دەستەکانی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنیش دەکەین بۆ یەکلایی کردنەوەی ھەموو سکاڵایەکان بە شێوەیەکی رێکوپێک و خێرا بۆ ئەوەی فریای چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان بکەون و دادوەری و پشتڕاستکردنەوەی لەکاتی خۆیدای ئەنجامەکانیش بێنەدی".

 

ئەو ئامادەیی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لە ئامێر و شارەزایی دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی ھەر چالاکییەک یان ھەر رێوشوێنێک گەر داوای لێ بکرێت بۆ پاراستنی متمانە لە پرۆسەکەدا بەگرتنەخۆی کەرکوکیشەوە لەبەر رۆشنایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی داھاتوو لەسەرتاسەری عیراقدا و ھەروەھا ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستانیش لە دواتردا.

 

ئەو باسی لە کەمیی رێژەی بەشداربوونیش کرد لە ھەڵبژاردنەکەدا کە بریتی بوو لە سەدا  ٤٤،٥٢  بە گوێرەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کە ئەمەش دابەزینێکی بەرچاوە بە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو لە عیراقدا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە. ئەمەش ھۆشدارییەکی قورسە بۆ دەستەبژێری فەرمانڕەوا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە و ھەروەک چۆن بانگەوازێکی ئاشکراشە بۆ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لە ئاستی داواکارییەکانی خەڵکدا بن.

 

ئەو وتی "من داوا لە دەستەبژێری فەرمانڕەوای عیراق دەکەم بۆ گوێگرتن لەم ھۆشدارییانە و ھەڵێنجانی ئەنجامی پێویست سەبارەت بە باشکردنی فەرمانڕەواییان و دابینکردنی دادوەری بۆ ھەمووان لەگەڵ دیموکراسی و لێپیچینەوە و حوکومکردنی باشی خاڵی لە گەندەڵی و بەشبەشێنەی تایەفی و خزمخزمێنی و دامەزراندنی ناشایستانە."

 

لە پوختە وتارەکەیدا، نوێنەری نەتەوه یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق باسی لەوەش کرد کە سەرەڕای ھەڵمەتی ناوزراندن بە مەبەستی لێدان لە خۆھەڵبژاردنی ژنان، کە ئەو بە توندی ئیدانەی کردووە، چەندان بەر‌بژاری ژن توانیان دەنگی زۆر باش لە ناو قەوارە سیاسییەکاندا بەدەست بێنن و بەمەش ١٩ یان ببنە ‍ئەندام لە پەرلەمانی تازەدا.

 

وێڕای داواکردن لە سەرکردەی پارتە سیاسییەکان بۆ دابینکردنی بەشداریی تەواوی ژنان لە دانوستانە سیاسییەکان و نوێنەرایەتییان لە بەرزترین ئاستدا لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیی لە عیراقدا، وتی "پێشبینیەکانی ئێمە بۆ داھاتوو ئەوەیە کە رێژەی ٢٥٪ ، کە ئێستا ٨٣ کورسی بۆ ژنان مسۆگەر کردووە، نزمترین ژمارە و رێژەیە نەک ئەوپەڕیەتی."

 

بە پێداگرتنی لەسەر سەرلیستیکردنی گفتوگۆیەکی ناتایەفییانە بۆ دابینکردنی پێکھێنانی خێرای حکومەتێکی نیشتمانیی تازەی راستەقینە کە بتوانێت داوایەکانی خەڵکی عیراق جێبەجێ بکات، بەڕێز کوبیش لە کۆتاییدا داوای لە سەرکردە سیاسیەکان کرد کە لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردندا دەستکەوتی زیاتر بخەنە سەر ئەوانەی ئێستا.





ئەم هەواڵە 6631جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad