English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دیندار زێباری: حزبەكان له‌گه‌ڵ شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردنن
2018-06-04 [10:22 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق، راپۆرتی وەرزی سەبارەت بە بارودۆخی عێراق لە رۆژی ٣٠ ئایاری ٢٠١٨ بڵاوکردەوە. لەم راپۆرتەدا چەندین تەوەری گرێدراو بە عێراق خراونەتە روو لەناوییاندا (رووداوی ئەمنی لەم وڵاتە، دابەزینی رێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەوڵەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ ژماردنەوەی دەنگەکان، گلەیی تورکمان و عەرەبەکان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، پرۆژەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەوناوچانەی بەهۆی جەنگەوە زەرەرمەندبوونە، کێشەی مرۆیی و گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارە و پەنابەران، دەستگیرکردنی هاووڵاتیان لە کەمپەکان، لەسێدارەدان، و ...هتد.

 

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لێدوانێکی سەبارەت بەو خاڵانە بڵاوکردەوە کە لەم راپۆرتەدا ئاماژەیان پێکراوە لەسەر ئاستی عێراق و بۆ ئەوەی بەرچاوروونی زیاتر هەبێت سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم رووانەوە کە باسیان لەسەر کراوە، چوونکە لەم راپۆرتەدا وەک پێویست ئاماژە بە هەوڵ و کۆششەکانی حکومەت نەکراوە. پێویست بوو باس لەو قوربانیانە کرابا کە حکومەتی هەرێم داویەتی لە رزگار کردنی بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کە لە عێراقدا داعش داگیری کردبوون هەروەها شەهید بوونی 1814 پێشمەرگە و برینداربوونی زیاتر لە ١٠ هەزار پێشمەرگە.

 

 هەرچی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانە، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت" بە خۆشحاڵییەوە هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان لە فەزایەکی ئارام و سەقامگیردا ئەنجامدراوە و هێزە ئەمنییەکان هێمنی و ئاسایشی تەواوی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانیان پاراستووە. رێژەی بەشداری کردنیش لە هەرێمی کوردستان بە بەروارد بە عێراق رێژەیەکی زۆر بووە و لە عێراق تەنها ٤٤،٥٦ % بەشداریان کردووە".  سەبارەت بە بەشداری ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسیدا لە عێراق ژمارەیەکی زۆری ئافرەت لەسەر لیستە کوردییەکان خۆیان هەڵبژاردووە و زۆرینەشیان دەنگیان هێناوەتەوە. لە ساڵانی رابردووش پاش روخانی رێژیمی بەعس لە عێراق  و تەشکیلەدانی حکومەت لیستی هاوپەیمانی کوردستانی یەکەم لیست بووە کە نوێنەری ژنی ناردووەتە بەغداد.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دیندار زێباری تیشكی خستە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رایگەیاند" ئەوەی دەگوترێت چەند حیزبێکی کوردستانی پێشوازیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن کردووە دروست نییە، تەنانەت یەک لە حیزبە سەرەکیەکانی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە رەخنەی لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە و بەشداری هەڵبژاردنەکانی کەرکوکیان نەکردووە". وە هەروەها سەبارەت بە پێداچوونەوە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا حیزبە سەرەکییەکانی هەرێم لەوانە پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو ئامادەییەکیان نیشانداوە بۆ پێداچوونەوە و دڵنیابوون لە شەفافیەتی پرۆسەکە.

 

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە کەرکوک ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی دەرچوونی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە فەرمییەکان، هێزەکانی ئاسایش لە کەرکوک و داگیرکردنی کەرکوک لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم ئاگاداری شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە شاری کەرکوک نین. تەنانەت بەشێکیش لە ئەحزابی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردووە و دەبوو نەتەوەیەکگرتوەکان باسی لەمە بکردبا. 

 

دیندار زێباری ئەوەشی ئاشكرا كرد كەلەم راپۆرتەدا بەپێی پێویست باس لە هەوڵ و هەنگاوەکانی حکومەت نەکراوە بۆ هاوکاری کردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی روویان لە هەرێمەکە کردووە جارێکی دیکە و ئاماژەیان بەو ئاستەنگ و بارگرانیانە نەکردووە کە رووبەرووی حکومەتی هەرێم بوونەتەوە بەتایەبەتی لەرووی دابینکردنی پێداویستی رۆژانەی ئاوارەکان. پێویستە یوئێن و وڵاتانی کۆمەکبەخش بە شێوەیەکی بەرفراوانتر هاوکاری هەرێم بکەن لەرووی دابین کردنی پێداویستییەکان و زیاتر بیر لە قۆناغی مامناوەندی بکەنەوە، چوونکە حکومەتی هەرێم لەرووی تەندروستی و پەروەردەوە فشارێکی زۆری لەسەرە.

 

دیندار زێباری تیشکیشی خستە سەر بابەتی لەسێدارەدان کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە و رایگەیاند" دەبوو نەتەوەیەکگرتوەکان لە راپۆرتی وەزری خۆیان ئاماژەیان بەوە کردبا کە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨ــەوە بەیاسا، سزای لەسێدارەدان وەستێندراوە تەنها بۆ هەندێک کەیشی دەگمەنی کۆمەڵایەتی نەبێت".

 

لە کۆتاییدا رێکخەری راسپاردە نێوەدەوڵەتییەکان سەبارەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە کوردستان گوتی" مەوقیفی هەرێم زۆر وازحە و داواکارین بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش لەم بارەوە جێبەجی بکرێت و هەرچی زووە دەست بە لێکۆڵینەوە بکرێت لەو بوارەوە چوونکە لەم کەیسەدا قوربانیانی سەرەکی پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستانن و پێویستە لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە".

 





ئەم هەواڵە 2899جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad