English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مووچە خۆرانی وەهمی خەریكە عێراق دادەڕمێنن
2018-06-05 [07:44 AM]

ZNA – هەولێر


 ئاشكرا بوونی مووچەخۆرانی وەهمی لە عێراق روو لە زیادبوونە و بە گوێرەی قسەی پەرلەمانتارێك زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆری بندیوار و وەهمی لە عێراقدا هەیە و ساڵانەش بودجەیەكی زۆر بەفێرۆ دەڕوات بۆ ئەو كەسانە.

مەسعود حەیدەرئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی عێراق  بە باسی راگەیاند: بە سەدان هەزار مووچەخۆری وەهمی لە عێراق هەیە،  دوو مووچەیی و سێ مووچەیی زۆرە بەڵام ئەوەی ئێمە زانیومانە 900 هەزار مووچەخۆریان بندیوار و وەهمی هەیە.

روونی كردەوە" ساڵانە بۆ مووچەخۆری وەهمی و بندیوار پارەیەكی زۆر بە فیڕۆ دەروات كە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینارە ، ئەوەش زیانێكی زۆری لە عێراق داوە".

بە پێی ئامارە فەرمیەكان لە عێراق زیاتر لە 9 ملیۆن مووچەخۆر هەیە  كە دەكاتە 23%ی كۆی دانیشتوانی عێراق، چوار ملیۆنیان فەرمانبەرن و نزیكەی سێ ملیۆن و  400 ھەزار كەسیش خانەنشین و مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، ھەروەھا دوو ملیۆن ھاووڵاتیش سوودمەندن لە تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی ، كۆی گشتی 9  ملیۆن و 400 ھەزار كەس مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن.

مەسعود حەیدەر ئاشكراشی كرد عێراق پڕاو پڕە لەو كەسانەی كە دوو مووچە و سێ مووچەییان هەیە، گوتیشی: كەسانێك هەیە گوایە لە رەفحا كە ناوچەیەكی سنوریە كاتی خۆی گیراون ئەوانە بە ناحەق سەدان ملیار دیناریان بۆ خەرج دەكرێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق بەهەمان سەرچاوە گوت: حكوومەت توانیویەتی 50 هەزار فەرمانبەری وەهمی و مووچەخۆری وەهمی لە دامو دەزگاكان و خانەنشینی ئاشكرا بكات و رێكاری خۆی بگرێتە بەرو پڕۆسەكەش بەردەوامە.

راوێژكارەكەی حەیدەر عەبادی ئەوەشی راگەیاند بۆ دابینكردنی مووچە، ساڵانە پێویستیان بە 36 تریلۆن دینارھەیە.

بەپێی لێكۆڵینەوەیەك دەركەوتووە فەرمانبەرانی عێراق رۆژانە تەنها 17 خولەك دەوام دەكەن كەچی مووچەی مانگانەش وەردەگرن.

ماجیده‌ ئه‌لته‌میمی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ پەرلەمانی عێراق  راگەیاند:  دوو مووچەیی و مووچەخۆری وەهمی لە عێراق لە ئاستێكی زۆر مەترسیدارە، گوتیشی: لە بەدواداچونێكدا دەركەوتووە لە چەند وەزارەتێك  نزیكەی 20 هەزار كەس دوو مووچەو سێ مووچەیی وەردەگرن.

ئاماژەی بەوەدا لە وەزارەت و داموو دەزگاكانی  حكوومەتی عێراقدا بە هەزاران مووچەخۆری وەهمی و دوو مووچەیی  هەیە كە زیاتر لە  مووچەیەك وەردەگرن لە مووچەی فەرمانبەری و خانەنشینی و چاودێری كۆمەڵایەتی، گوتیشی: بانكی نێو دەوڵەتی كار بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەسانە دەكات بەڵام باوەڕناكەم  ئەوانیش بتوانن بە تەوای پەەردە لەسەر ئەو بابەت هەڵماڵن.

ساڵانە لە بودجەی عێراق 40 تریلیۆن دیناربە گشتی بۆ مووچەخۆران عێراق خەرج دەكرێت ئەوەش بە بۆچوونی چاودێران پارەیەكی یەكجارە زۆرە.

ئەو پەرلەمانتارەی شیعە نایشارێتەوە بۆ چارەسەری كێشەی دوو مووچەیی دەكرێت بەغدا سود لە ئەزموونی سیستەمی بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەربگرێت.

 





ئەم هەواڵە 6241جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad