English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دز خاوەن ماڵی گرت
2018-06-05 [12:19 PM]

نووسینی: ئاریان فه‌ره‌ج


كەركوك بە خیانەت رادەستكرا، بە بەكارهێنانی ناڕەوای سوپای نیشتمانیی وەك چەكێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی سیاسی، داگیركرا. پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنە شەرعی و هەڵبژێردراوەكەی وەدەرنران. لە جێی ئەوان دەسەڵاتی سەربازی و هەژمونی میلیشیایی هاتنەسەركار. دەسەڵاتێك بە زەبری كوشت و بڕ و تەعەددا و سەركوتكاریی سیاسی و سوتاندن و فەرهودكردنی بارەگا و ماڵ و بازاڕ و رواوەدونانی تێكۆشەران و كوردپەروەران خۆی سەپاند. 
ئەوەی رویدا بە دیوە عێراقییەكەیدا لەشكركێشی و دوژمنكارییەك بوو كە عێراقی گێڕایەوە بۆ سەردەمی پەلاماردان و ئەنفال و سوتماكی خاكی كوردستان. بە دیوە ناوخۆیەكەشیدا ناپاكییەكی بێ وێنە و زەبرێكی كوشندە بوو لە دۆزی نەتەوەی كورد وەشێندرا. 
ئەوەی لە كەركوك رویدا، دەبوا لە سەر هەردوو ئاستی رەسمی و میللی لە كوردستاندا هەڵوەستەی جددی بەرامبەر بكرێت. دەبوا رای گشتیی كوردستان فروانترین كاردانەوەی هەبوایە هەم بۆ پشتگیریی لە خەڵكی غەدرلێكراوی كەركوك و لە كوردستانییەتی شارەكە و رەتكردنەوەی داگیركردنی، هەم بۆ ریسواكردنی خیانەتكاری و خاكفرۆشی و ئەوانەی ئەو مەرگەساتەیان بەسەر كەركوكدا هێنا. دەبوا لەسەر ئاستی رەسمییش بە هەر نرخێك بێت رێگە نەدرێت سەبەبكاران وا تێبگەن كە چاوپۆشی لە كردەوەكەیان كراوە و جینایەتەكەیان تەسلیم بە لەبیرچونەوە كراوە و وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچوون. 
ئەگەر خاوەن ماڵ دز نەگرێت، دزی بێ عار و چاو قایم تەماع لە گرتنی خاوەن ماڵ دەكات. بڕیاری دەستگیركردنی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی شەرعیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دروست ئەم پەندەی بۆ دەگونجێ. ئەوانەی چارەنوسی كەركوكیان دزی و رادەستیان كرد و تا ئێستا بێ سزا لێی دەرچوون، حەقیانە جورئەت بە خۆیان بدەن و بیر لە سزادانی ئەو كەسانە بكەنەوە كە دەیانویست پیلانەكەیان ئاستەنگ بكەن و رێ لە فرۆشتن و بەدەستەوەدانی كەركوك بگرن. كە دەسەڵاتی خۆسەپێن و دەسكێشەكانیان خۆ بە دەسەڵاتی شەرعی و نیشتمانی و خاوەن ماڵ بزانن، حەقیانە جورئەت بكەن دەسەڵاتە هەڵبژێردراو و شەرعییەكەی پارێزگاكە دەستگیر و دادگایی و سزا بدەن. 
بەڵام دواجار هیچ یەك لەم مناوەرە و بڕیارە نەزۆك و ناڕەوایانە ناتوانن رەوایی بە رەوشی ناجۆری كەركوك و ئەو دەسەڵاتە تاكرەو و خۆسەپێنە بدەن كە دەرهاویشتەی لەشكركێشی و پیلانگێڕییە و بە پشتی خیانەت و خاكفرۆشی بەدەست هاتووە. رەوشێك كە بە هەموو پێوەرێك نائاسایی و ناشەرعی و كاتییە و هەر دەبێ كۆتایی بێت.





ئەم هەواڵە 3799جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad