English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
"كوێر هه‌تا ده‌مرێ، به‌ته‌مای چاوه‌"
2018-06-05 [12:22 PM]

نووسینی: لیزا فه‌له‌كه‌دین


ئه‌سنای سه‌رده‌می ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵاكان بۆ پێكهێنانی یه‌ك ده‌نگی و یه‌كڕیزی ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كورردییه‌كان سه‌ری نه‌گرت و تا كۆتا ساتیش لایه‌نگه‌لێك خه‌ریكی تۆخكردنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ بوون، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌بوو به‌سه‌ر ئیراده‌ و خواستی نه‌ته‌وه‌یی هاووڵاتیانی هه‌رێمه‌وه‌. ئه‌م نا یه‌كڕیزی و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی نێو ماڵی كورد له‌ پرسی كه‌ركوك دووباره‌ بوویه‌وه‌، هه‌وڵی دروستكردنی لیستێكی كوردی كه‌ گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان له‌خۆ بگرێت و به‌هێزی پێگه‌ی كورد له‌ كه‌ركوك بسه‌لمێنێت ئه‌فسوس بێ ئه‌نجام بوو. نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ش، به‌ڵكو بووه‌ هۆكاری بایكۆت كردنی به‌شداری كردن له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و پارێزگایه‌دا، كه‌ به‌ كاریگه‌رترین و به‌هێزترین لایه‌نی سیاسی كوردی له‌ ناوچه‌كه‌دا دێته‌ هه‌ژماركردن.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقیش تێپه‌ڕی و هه‌نوكه‌ مشتومڕی گه‌رم له‌ نێوه‌ندی گۆره‌پانی سیاسی كوردستانی ئه‌نجامی هه‌لبژاردنه‌كه‌یه‌. ناره‌زایه‌تی و قبوڵ نه‌كردنی راستییه‌كان بووه‌ته‌ مایه‌ی یه‌كده‌نگی چه‌ند حزبێكی كوردستانی و داوای دووباره‌ هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌. بێگومان مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ كاتێك كۆمه‌ڵه‌ لایه‌نێكی جیاواز له‌ بیروباوه‌ری عه‌لمانی، ئیسلامی و لیبرال پێكه‌وه‌ له‌ یه‌ك چوارچێوه‌ی هه‌لوێست ده‌بینی. ئینجا چه‌نده‌ دلخۆشكه‌رتر ده‌بوو كه‌ هه‌مان یه‌ك هه‌ڵوێستی ته‌نها له‌ ئان و ساتی تایبه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و له‌پێناو كه‌می و زیادی كورسی نه‌ده‌بوو. به‌ درێژایی مێژووی خه‌باتی كوردی پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌نوسسازه‌كان تێنووی هه‌مان ئه‌و یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌كێتییه‌ بووه‌...
به‌هه‌رحاڵ، هه‌ڵبژاردنی عێراق به‌ كۆتا هات و ئه‌وی ماوه‌ته‌وه‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵای پارته‌ كوردییه‌كانه‌ له‌مه‌ر به‌ پراكتیزه‌كردنی دروشم و به‌رنامه‌كانیان. كه‌ ئه‌مه‌یان كار و خه‌باتی ده‌وێت و ئه‌ركی خودی پارته‌كانه‌ كه‌ ئاشیگاره‌ به‌ گله‌یی و گازه‌نده‌ی به‌رده‌وام و به‌ڵێنی بێ بنه‌ما و دور له‌ واقعییه‌ت نایه‌ته‌ ده‌سته‌به‌ركردن. سه‌رده‌م جیاوازه‌ و هاووڵاتی هۆشیاره‌. گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری زیاتر، باشتركردنی ئاستی بژێو، كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری، پارێزگاریكردن له‌ ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌، بوژاندنه‌وه‌ ئابوورییه‌كان و گرنگیدانی زیاتر به‌ سێلكی په‌روه‌رده‌یی.. ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ چاوه‌روانییه‌كانی هاوڵاتیانی هه‌رێمه‌. گله‌یی كردن و قوڵتر كردنه‌وه‌ی كێشه‌ سیاسییه‌ نێوخۆییه‌كان دادی هیچ لایه‌نێك نادات و به‌و شێوه‌یه‌ بڕوات میلله‌ت دووباره‌ سزای خۆی ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی كوێرانه‌ ده‌ڕواننه‌ مه‌سه‌له‌ی كوردی و داواكارییه‌كانی كوردستانیان. له‌ قه‌دیمه‌وه‌ ئه‌م قسه‌ باوه‌ "كوێر هه‌تا ده‌مرێ به‌ ته‌مای چاوه‌"..





ئەم هەواڵە 1558جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad