English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەم شێوەیە فەیسبووکەکت لە ھاککردن بپارێزە 
2018-06-05 [02:40 AM]

ZNA- ھەولێر



یەکێکە لەو گرفتانە لە ئێستادا لە کۆمەڵگەی ئێمە سەری ھەڵداوە ھاککردنی فەیس بووکی تایبەتی خەڵکە لەلایەن کەسانی دیکەوە ، لەم بابەتە بەشێوەیەک وورد ئەوەتان بۆ دەخەینە روو کە چۆن فەیسبووکەکانتان لەھاککردن و ریپۆڕت کردن بپارێزن . 


١/ بۆ ئەوەی پاسۆردی لە فەیسبووک بگۆڕیت ئەوا بڕۆ بۆ (Account Settings).
٢/ پاشان لە تابی (General) ـدا بەرامبەر نووسراوەی (Password) کرتە بکە لەسەر (Edit).
٣/ ئێستا سێ خانە دەکەوێتە بەرچاوت کە تیایدا دەتوانیت تێپەڕەوشەکەت بگۆڕیت بۆ ئەو تێپەڕەوشە بەھێزەی دروستت کردووە.
تێپەڕە وشەی بەھێزیش بەم شێویە دبێ دوو پیتی کەپیتەڵ ، دوو ھیما ، دوو پیتی بچوک ، دوو ژمارە
نمونە  (@T١E#c٩h)
٤/ دوای نووسینی تێپەڕەوشەکان وەئەوا کرتە بکە لەسەر دوگمەی (Save Changes).
دووەم: دڵنیابوون لە ڕێگەی ژمارەی مۆبایل
کاتێک تۆ ژمارەی مۆبایلەکەت چالاک دەکەیت، فەیسبووک کۆدێکی دڵنیایی بە کورتەنامەیەک بۆ ژمارە مۆبایلەکەت ڕەوانە دەکات لە کاتی ھەر چوونەژوورەوەیەکدا، بە جۆرێک دەبێت کۆدی کورتەنامەکە لە خانەی داواکراو لە فەیسبووک بنووسیت ئینجا دەتوانیت بڕۆیتە ژوورەوە. ئەمە سوودێکی زۆر باشی ھەیە بۆ پاراستنی ھەژمارەکەت لە ھاککردن چونکە ئەگەر کەسێک تێپەڕەوشەکەشت بزانێت ئەوا ڕاستەوخۆ ناتوانێت بچێتە ژوورەوە تا ئەو کۆدەی لە ڕێگەی کورتەنامە ھاتووە نەنووسێت (بۆ ئەوەی ئەم کردارە چالاک بێت پێویستە ھەنگاوی چوارەمیش جێبەجێ بکەیت.). بێگومان ئەگەر ژمارەی مۆبایلەکەت بە دروستی نووسیبێت ئەوا کۆدەکە تەنھا لای خۆتە و خۆت دەیبینیت بەمەش ھەژمارەکەت پارێزراوتر کرد لە دەستپێگەیشتنی کەسانی ترەوە.
سوودێکی تری نووسینی ژمارەی مۆبایل ئەوەیە کاتێک تۆ تێپەرەوشەکەت لەبیرکردووە و داوادەکەیت تێپەڕەوشەیەکی نوێ بۆ ھەژمارەکەت بەکاربێنیت ئەوا لەم کاتەدا فەیسبووک کۆدێک بە کورتەنامە بۆ ژمارەی مۆبایلەکەت ڕەوانە دەکات، ئینجا بە نووسینی کۆدی کورتەنامەکە دەتوانیت تێپەڕەوشەیەکی نوێ بنووسیت بۆ ھەژمارەکەت.
شایانی ئاماژەپێدانە لە کاتی داواکردنی تێپەڕەوشەی نوێ، ئەگەر ژمارەی مۆبایلەکەت چالاک نەکردبێت ئەوا کۆدی دڵنیایی بۆ ناونیشانی پۆستی ئەلیکتڕۆنیت ڕەوانە دەکرێت، ڕەنگە لەو کاتەدا پۆستی ئەلیکتڕۆنیت لەلایەن کەسێکی ترەوە دەستی بەسەرداگیرابێت و بە ئاسانی بتوانێت ھەژماری فەیسبووکەکەشت بگۆڕێت. بۆیە ئەگەر تا ئێستا ژمارەی مۆبایلەکەت چالاک نەکردووە بۆ ھەژمارەکەت، ئەوا واباشە چالاکی بکەیت وەک ئەوەی لە خوارەوە ھەنگاوەکانم ڕوونکردۆتەوە.

١/ سەرەتا بڕۆ بۆ (Account settings).
٢/ پاشان لە لیستی لای چەپ کرتە بکە لەسەر ( Mobile).
٣/ لەو پەڕەیەی بۆت دەبێتەوە کرتە بکە لەسەر دوگمەی (Add a phone).
٤/ ئێستا بۆکسێک دەکرێتەوە، داوای نووسینی تێپەڕەوشەی ھەژمارەکەت دەکات.
٥/ دوای نووسینی تێپەڕەوشەو کرتە کردن لە دوگمەی (Submit). لە بۆکسێکی تردا پێویستە وڵاتەکەت و ناوی ئەو کۆمپانیایەی ژمارەی مۆبایلەکەت لێی وەرگرتووە ھەڵبژێریت. دواتر کرتە بکە لەسەر (Next). ئەگەر ناوی کۆمپانیای خاوەن ھێلی مۆبایلەکەت لە لیستەکەدا نەبوو ئەوا کرتە بکە لەسەر بەستەری (Add your phone number here) بۆ نووسینی ژمارەکەت.
٦/ ئێستا پێویستە کورتەنامەیەک ناوەڕۆکەکەی پیتی (F) بێت ڕەوانە بکەیت بۆ ئەو ژمارەیەی لە خاڵی یەکەم نووسراوە (ئەگەر تۆ ھێلەکەت کۆڕەک نییە ئەوا ژمارەیەکی جیاواز لە وێنەی خوارەوەت بۆ دەنووسرێت).
٧/ پاش ناردنی کورتەنامەکە کەمێک چاوەڕوان بە تا کۆدێکت بۆ دێت، تۆش کۆدەکە لە خانەی خاڵی دووەم بنووسە. ھەروەھا لە خوارەوەی بۆکسەکە دوو بژاردە ھەیە کە یەکەمیان پێت دەڵێت ژمارەکەت بڵاوبکەرەوە بۆ ھاوڕێکانت و دووەمیان دەڵێت ھاوڕێکانت بتوانن تێکستت بۆ ڕەوانە بکەن لە فەیسبووکەوە. تۆ ئازادیت لە چالاککردن و ناچالاککردنیان. بەم شێوەیە ژمارەی مۆبایلەکەت بۆ ھەژمارەکەت چالاککرا.
سێیەم: چالاککردنی (Secure browsing)
بۆ ئەوەی چالاکییەکانت لە فەیسبووکدا سەلامەتتر بێت ئەوا (Secure browsing) بۆ ھەژمارەکەت چالاک بکە. بە چالاک کردنی ئەم کردارە، ئەوا خۆکارانە سنوور بۆ گشت ئەو بەرنامە بەکاربەرییە دەرەکیانە دادەنێیت کە پەیوەستکراون بە فەیسبووکەوە لە زیان گەیاندن بە ھەژمارەکەت یان بردنی زانیارییە کەسیەکانت بەبێ ڕێپێدان. بۆ ئەوەی (Secure browsing) چالاک بکەیت، ئەم ھەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ بکە.
١/ لە پەڕەی (Account Setting) ـدا لە لیستی لای چەپ کرتە بکە لەسەر (Security).
٢/ پاشان کرتە بکە لەسەر (Secure browsing).
٣/ پاشان بژاردەی (Browse Facebook on a secure connection (https) when possible) چالاک بکە. ئینجا کرتە بکە لەسەر (Save Changes).
چوارەم: چالاک کردنی (Login Approvals)
(Login Approvals) یەکێکی ترە لە ڕێگەکانی پاراستنی ھەژمار لە فەیسبووک. بە چالاک کردنی ئەم بژاردەیە، کۆدێک بە شێوەی کورتەنامە بۆ ژمارە مۆبایلەکەت ڕەوانە دەکرێت کاتێک تۆ یان کەسێکی تر بە ئامێرێکی ترەوە ھەوڵی چوونەژوورەوەی ھەژمارەکەت دەدات. دوای ئەوەی تێپەڕەوشە بۆ ھەژمارەکەت دەنووسیت ئەوا لاپەڕەیەکی تر دەکرێتەوە و تیایدا داوای نووسینی ئەو کۆدە دەکات کە لە ڕێگەی کورتەنامەوە بە دەستت گەیشتووە.
١/ بۆ چالاک کردنی ئەم بژاردەیە لە (Account Settings)ـدا لە بەشی (Security) کرتە بکە لەسەر (Login Approvals).
٢/ دوای ئەوەی چوارگۆشەی تەنیشت نووسینی (Require me to enter a security code each time an unrecognized computer or device tries to access my account) چالاک دەکەیت، پەنجەرەیەک دەکرێت وەک ئەم وێنەیە.
٣/ ئێستا کرتە بکە لەسەر دوگمەی (Set up Now). پاشان ئەم بۆکسەی خوارەوە دەکرێتەوە کە داوای نووسینی تێپەڕەوشە دەکات.
٤/ پاشان ژمارەی مۆبایلەکەت بنووسە (ئەگەر ژمارەی مۆبایلەکەت چالاک کردبێت وەک ئەوەی لە ھەنگاوی دووەم باس کرا ئەوا ئەم بۆکسەت بەرچاو ناکەوێت و راستەوخۆ کورتەنامەیەکت بۆ دێت).
٥/ پاش نووسینی ژمارەی مۆبایل و کرتە کردن لەسەر دوگمەی (Continue) ئەوا کورتەنامەیەک بۆ مۆبایلەکەت دێت و تۆش کۆدی کورتەنامەکە لەو بۆکسەی خوارەوە بنووسە.
٦/ ئەگەر دوای ماوەیەک ھیچ کورتەنامەیەکت بۆ نەھات، ئەوا کرتە بکە لەسەر بەستەری (Resend Code) بۆ ئەوەی دووبارە کۆدێکی ترت بۆ ڕەوانە بکرێت.
٧/ دوای نووسینی کۆدی کورتەنامەکە ئەوا کرتە بکە لەسەر (Confirm). پاش ئەوە بۆکسێکی تر دەکرێتەوەو داوای نووسینی ناوی کۆمپیوتەرەکەت دەکات، تۆش ناوی کۆمپیوتەرەکەت بنووسە، دواتر کرتە بکە لەسەر (Next).
٨/ ئێستا ئەگەر ھەنگاوەکانی سەرەوەت بە دروستی جێبەجێ کردبێت ئەوا بژاردەی (Login Approvals) بە سەرکەوتوویی چالاک بووە.
٩/ ئێستا بۆکسێکی تر دەبێتەوە و داوای دامەزراندنی (Code Generator) دەکات بۆ سەر مۆبایلەکەت. ئەمەش سوودی ھەیە لە کاتێکدا کە ھیچ کۆدێکت لە ڕێگەی کورتەنامە بەدەست ناگات. ئەگەر ئارەزوو ناکەیت (Code Generator) بۆ مۆبایلەکەت دامەزرێنیت ئەوا کرتە بکە لەسەر دوگمەی (Not Now).
پێنجەم: ناچالاککردنی (Keep me logged in)
کاتێک دەتەوێت بڕۆیتەژوورەوە بۆ فەیسبووک، لە پەڕەی چوونەژوورەوەدا جگە لە خانەی ناوی بەکارھێنەر و تێپەڕەوشە چوارگۆشەیەک ھەیە لە تەنیشت نووسینی (Keep me logged in). دڵنیابە لەوەی ئەم چوارگۆشەیە ناچالاکە ئینجا ھەوڵ بدە بڕۆیتە ژوورەوە بۆ فەیسبووک. ئەمەش وا دەکات ھەر کاتێک ھەوڵی چوونەژوورەوە بدەیت ئەوا پێویستت بە نووسینی ناوی بەکارھێنەر و تێپەڕەوشە دەبێت. ئەم کردارە زیاتر سوودی ھەیە لە کاتکێدا کە کۆمپیوتەرەکەت کەسێکی تریش بەکاریدەھێنێت.
شەشەم: خۆپاراستن لە بەستەرە زیانبەخشەکان
ئەوەی لەم خاڵەدا دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم دڵنیابوونە لەو بەستەرەی کە دەتەوێت کرتەی لەسەر بکەیت! بۆیە وا باشە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەیت کاتێک دەتەوێت بەستەرێک بکەیتەوە.
١/ ئەگەر بەستەرێکت بۆ ھاتووە بە ناوی یەکێک لە ھاوڕێکانتەوە ئەوا قسە لەگەڵ ھاوڕێکەتدا بکە و لێی دڵنیابە کە ئایا بەستەرەکەی ناردووە یان نا. چونکە بەستەرە زیانبەخشەکان زۆربەیان بە ناوی ھاوڕێیەکتەوە بەدەستت دەگات بەبێ ئەوەی ھاوڕێکەت ئاگاداری ناردنی بێت.
٢/ کاتێک کرتەت لەسەر ھەر بەستەرێک کرد و داوای نووسینی ناوی بەکارھێنەر و تێپەڕەوشەی لێت کرد، ئەوا بەھیچ شێوەیەک ناوو تێپەڕەوشەکەت مەنووسە.
٣/ چوونەژوورەوەکانت تەنھا لە ڕێگەی (facebook.com) بێت، یان ئاپی facebook لە ڕێگەی ھیچ ماڵپەڕێکی ترەوە ھەوڵی چوونەژوورەوە بۆ فەیسبووک مەدە.
٤/ ھەموو کات وێبگەڕەکەت نوێ بکەرەوە بۆ دواترین وەشان بۆ دڵنیابوون لە پینەکردنی کەلێنە زیانبەخشەکان و تا ئاگادار بکرێیتەوە لەو بەستەر و ماڵپەڕانەی زیان دەگەیەنن بە کۆمپیوتەر و مۆبایلەکەت
حەوتەم: چوونەدەرەوە لە فەیسبووک
کاتێک دەتەوێت لە فەیسبووک بڕۆیتە دەرەوە دڵنیابە لەوەی ھەژمارەکەت (Log Out) کردووە.
کۆتایی
ئەوەی لەم حەوت خاڵەی سەرەوەدا باس کرا گرنگترین ڕێگاکانی پاراستنی ھەژماری فەیسبووک بوو، ھەر بەکارھێنەرێکی فەیسبووک پێویستە ڕەچاوی خاڵەکان بکات بۆ ئەوەی ھەژمارەکەی دووربخاتەوە لە دەست کەسانی تر و بڵاونەبوونەوەی زانیارییە تایبەتەکانی ، دور بون لە ڕیپورت بون. 

سەرچاوە | ماڵپەری تێک ئای 





ئەم هەواڵە 3352جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad