English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
له‌ ساڵڕۆژی داگیركردنی مووسڵ و هه‌ره‌سهێنانی سوپای عێراق و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی
2018-06-09 [10:10 AM]

نووسینی: دڵشاد مەولوود


 

رۆژی 10ی حوزه‌یران سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بوو له‌ مێژووی دوای رووخانی رژێمی به‌عس له‌ (2003) و ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌ بوو كه‌ ستراتیژی سه‌ربازی و ئه‌منی عێراق نه‌ك هه‌ر ببوه‌ سه‌رچاوه‌ی به‌ فیڕۆدانی داهاتی عێراق، به‌ڵكو به‌ هه‌ره‌سهێنانی سه‌رجه‌م یه‌كه‌ ئه‌منییه‌كانی سوپا و دژه‌ تیرۆر و پۆلیسی ئیتیحادی ده‌ركه‌وت، عێراق نه‌ك هه‌ر ستراتیژێكی سه‌ربازی و به‌رگری نییه، به‌ڵكو هێزه‌كه‌ی به‌رگه‌ی هێرشی چه‌ند سه‌د تیرۆریستێك به‌ چه‌كی سووكیش ناگرێت.

ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پێش هه‌ره‌سهێنانی سوپا له‌ مووسڵ، رۆژانه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن گوێبیستی هۆشداریدانی سه‌ركردایه‌تی كورد بووین له‌ ئه‌گه‌ری مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و هه‌ره‌سهێنانی یه‌كجاره‌كی عێراق، ئه‌گه‌ر نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كات به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌ تائیفییه‌كانی له‌ دژی كورد و سوننه‌ به‌ گشتی و رۆیشتنی به‌ ئاقاری دیكتاتۆریه‌ت و تاكڕه‌وی كه‌ هه‌میشه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌ میدیادا و له‌ گوتاری ره‌سمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هۆشداری له‌ باره‌وه‌ ده‌دا.

له‌وه‌ پێشتریش بخه‌ینه‌وه‌ به‌رچاو، له‌ سه‌روبه‌ندی رێككه‌وتنی ستراتیژی عێراق ئه‌مریكا و داواكاری عێراق بۆ كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌ عێراق و رازیبوونی ئیداره‌ی ئۆباما به‌ دانانی خشته‌ی پاشه‌كشێ له‌ عێراق، پێش هه‌مووان سه‌رۆك بارزانی و خودی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كاك نێچیرڤان بارزانی هۆشداریان دابوو له‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی تائیفی و به‌ ئامانجگرتنی ئێزدی و شه‌به‌ك و كریستیانه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا له‌ لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وی رۆژێ كه‌س گوێی به‌ هۆشداریدانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی و یاسایی هه‌رێمی كوردستان نه‌دا. به‌ر له‌ به‌زاندانی سنووری عێراق له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی سووریاوه‌، سه‌رۆك بارزانی به‌ نامه‌ی ره‌سمی نوری مالكی ئاگادار كردبوویه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری مه‌ترسی له‌سه‌ر مووسڵ هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕۆیی مالیكی وایكرد له‌ رێگه‌ی میدیاوه‌ وه‌ڵامی هۆشدارییه‌كانی سه‌رۆك بداته‌وه‌ و بڵێت: ئێوه‌ ئاگاتان له‌ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بێت و خه‌می ئێمه‌تان نه‌بێت.

ئه‌و سه‌ره‌ڕۆییه‌ و ئه‌و به‌ كه‌م سه‌یركردنه‌ی مه‌ترسییه‌كان وایكرد، له‌ 10ی حوزه‌یرانی 2014دا، 60 هه‌زار سه‌ربازی عێراقی به‌رامبه‌ر به‌ 600 تا 700 چه‌كداری داعش كه‌ ته‌نیا چه‌كی سووك و مامناوه‌ندیان پێ بوو و هیچ پشتیوانییه‌كی ئاسمانییان نه‌بوو، رووبه‌رێكی فراوانی خاكی عێراق داگیر بكه‌ن.

ئه‌و هێزانه‌ی عێراق كه‌ به‌رامبه‌ر به‌و چه‌كدارانه‌ی داعش وه‌ك به‌فری به‌هار توانه‌وه‌ پێكهاتبوون له‌م هێزانه‌:

یه‌كه‌م: فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا.

دووه‌م: فه‌وجه‌كانی پارێزگاری (حمایة قیادة).

سێ: فه‌رمانده‌ی له‌شكری پیاده‌.

چوار: به‌ڕێوبه‌ری ئۆپراسیۆنه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری.

پێنج: فیرقه‌ی دووی سوپا / نه‌ینه‌وا.

شه‌ش: فیرقه‌ی سێی سوپای عێراق.

حه‌وت: فیرقه‌ی سێی پۆلیسی ئیتیحادی.

هه‌شت: لیوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا (تدخل سریع).

نۆ: به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی مووسڵ.

ده‌: فه‌وجه‌كانی فریاكه‌وتن.

یازده‌: فه‌وجێكی فیرقه‌ی ئاڵتوونی.

له‌ سوپای عێراقدا هه‌ر فیرقه‌یه‌ك پێكدێت له‌ 15 هه‌زار سه‌رباز و ئه‌فسه‌ر و به‌ گشتی تێكڕای ئه‌و هێزانه‌ی له‌ سنووری نه‌ینه‌وا بوون ژماره‌یان ده‌گه‌یشته‌ 60 هه‌زار هێزی ئه‌منی به‌ سه‌رجه‌م جۆره‌كانیانه‌وه‌ و ئه‌و هێزانه‌ له‌ دوای دروستبوونیانه‌وه‌، له‌ لایه‌ن هێزی هاوپه‌یمانانه‌وه‌ راهێنانیان پێكرابوو. به‌ باشترین چه‌ك و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و تانك و زرێپۆش پڕچه‌ك كرابوون. پشتیوانیی ئاسمانیان هه‌بوو.

به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی داعش هه‌ره‌سیان هینا و توانه‌وه‌ و فه‌رمانده‌كانیان هانایان بۆ هه‌ولێر هێنا و له‌شكره‌كانیشیان گورگان خواردوو بوون و كۆی گشتی چه‌ك و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كانیان كه‌وتنه‌ ده‌ست داعش و دواتر داعش ئه‌و چه‌كانه‌ی له‌ دژی پێشمه‌رگه‌ به‌كارهێنا و به‌ هامه‌ر و زرێپۆشی سه‌ربازی و تۆپی قورس و چه‌كی ئه‌مریكی پێشكه‌وتوو په‌لاماری كوردستانی دا.

له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ هۆی ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ گه‌مارۆی له‌سه‌ر بوو، چه‌كی نوێی له‌ ده‌ست نه‌بوو، بودجه‌ و مووچه‌ی بۆ ته‌رخان نه‌كرابوو، به‌ چه‌كی كۆنی رووسی و ئه‌و چه‌كانه‌ی مێژوویان بۆ ده‌یه‌ی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ به‌ڵام به‌ وره‌ و گیانی كوردانه‌ و به‌ سه‌ركردایه‌تی راسته‌وخۆی سه‌رۆك بارزانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان توانی به‌ره‌نگاری شاڵاوی تیرۆریستان ببێته‌وه‌ و خه‌ونی داگیركردنی كوردستان له‌گه‌ڵ تێكشكانی ئه‌فسانه‌ی داعش له‌ سه‌ر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ گۆڕ بنێن و به‌رخودان و تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ژێر درووشمێ (خۆ نه‌چه‌مێنن) وانه‌یه‌كی گرنگی به‌ دوژمنانی كوردستان دادا و ده‌ریخست كورد له‌ سایه‌ی سه‌رۆكێكی وه‌ك جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كه‌ خۆی راسته‌وخۆ باره‌گای فه‌رمانده‌یی كردنی شه‌ڕی هێنایه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی به‌رگری و له‌ سایه‌ی ئازایه‌تی و جه‌ربه‌زیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه‌ هیچ كاتێك به‌رامبه‌ر تانك و زرێپۆش و فڕۆكه‌ و هێرشی دوژمنانی كوردستان خۆیان نه‌چه‌ماندووه‌، هه‌رگیز چۆك بۆ دوژمنان دانادا و تا به‌دیهێنانی ئاواتی سه‌ربه‌خۆیی به‌ پێوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و شه‌ڕ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و مافانه‌ی ده‌كات. قوربانیدان و گیانبه‌ختكردنی هێزی پێشمه‌گه‌ بوونه‌ هه‌وێنی پووكانه‌وه‌ی داعش ‌ و مایه‌پووچبوونی خه‌ونی داگیركردنی كوردستان و له‌و میانه‌یه‌دا (1808) ئەفسەروپێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون و (10263) ئەفسەروپێشمه‌رگه‌ش بریندار بوون  و له‌ سایه‌ی ئه‌و خوێنه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ كوردستانی به‌خشی نه‌ك ته‌نیا ئه‌زموون و كیانی كوردستان له‌ مه‌رامێكی گڵاوی دوژمنان نه‌پاراست به‌ڵكو له‌ بری سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی شه‌ڕی تیرۆری كرد و به‌وه‌ش پێشمه‌رگه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژوویی پرشنگداری بۆ كورد و كوردستان له‌ ئاستی جیهاندا به‌ رێبه‌رایه‌تی و سه‌رۆكایه‌تی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی تۆمار كرد.





ئەم هەواڵە 1372جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad