English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هونەرمەندێكی ناسراو خزمێكی خۆی دەكوژێ‌
2018-06-11 [06:49 AM]

ZNA-هه‌ولێر


ھونەرمەندێکی ناسراوی شاری دھۆک، تەقە لە کوڕە پوورێکی خۆی دەکات و برینداری دەکات، دواتر کوڕە پوورەکەی لە نەخۆشخانە دەمرێ، بکوژەکە کە دوای رووداوەکە خۆی شاردووەتەوە، لە لایڤێکی فەیسبووکدا باسی ھۆکاری تەقەکردن لە کوڕە پوورەکەی دەکات و دەڵێت جنێوی پێداوە، بۆیە تەقەی لێکردووە.

شەوی ٢٢/٥/٢٠١٨ کۆمیدیکاری ناسراوی شاری دھۆک ئەکرەم کۆنفۆ، ھێرشی کردە سەر ماڵی کوڕە پوورێکی خۆی بەناوی کەمال رەمەزان حەسەن، لە گوندی کورای سەر بە ناحیەی زاویتە. ئەکرەم سێ گوللەی لە کەمال دا و برینداری کرد. دوای نۆ رۆژ  کەمال لە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو.

ئەکرەم تاھیر ناسراو بە ئەکرەم کۆنفۆ، ھەر ھەمان شەوی رووداوەکە، لە لایڤێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، باسی رووداوەکەی کرد و گوتی کوڕە پوورەکەی جنێوی پێداوە، بۆیە تەقەی لێکردووە.

فەیسەڵ رەمەزان کە برای کەمالە، باسی ساتی رووداوەکەی کرد و گوتی "ئێمە لە ماڵەوە دانیشتبووین، پیاوێک ھاتە ژوورەوە و داوای لە کەمال کرد بێتە دەرەوە و گوتی ئەکرەم ئیشی پێیەتی، دواتر ئەکرەم تەقەی لە کەمال کرد و بە سێ گوللە برینداری کرد".

کەمال رەمەزان، خێزاندار و باوکی شەش منداڵ بوو، لە ساڵی ٢٠٠٤ ـەوە کوردستانی جێھێشتووە و لە بەریتانیا نیشتەجێ بوو، تەنیا سێ رۆژ بوو بە سەردان گەڕابووەوە کوردستان.

بە گوتەی فەیسەڵ، تۆمەتبارەکە لەگەڵ شوفێری تاکسییەک ھاتووەتە سەر ماڵیان، بۆیە ئێستا داوا دەکەن، جگە لە ئەکرەم، شوفێری تاکسییەکەش دەستگیر بکرێ و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچیان دەستگیر نەکراون.

سەبارەت بەو قسانەی ئەکرەم لە لایڤەکەدا کردوونی، فەیسەڵ گوتی: "ئاگادار نین براکەم جنێوی بە ئەکرەم دابێ، بەڵام ئەوە دەزانین کە ئەکرەم قەرزداری براکەم بوو، ئەو داوای پارەکەی خۆی لێ کردووەتەوە، بۆیە ئەکرەم کوشتوویەتی". 

برای کەمال رەخنەی لە ھێزە ئەمنییەکان ھەیە و دەڵێت: "ئۆتۆمبێلێک دەدزرێ لە ماوەی ٢٤ کاژێر دزەکە دەدۆزنەوە و دەستگیری دەکەن، بەڵام مەعقولە ھەموو بادینان ئەکرەم دەناسێ و دەزانن برای ئێمەی کوشتووە، کەچی تاوەکو ئێستا دەستگیریان نەکردووە".

ئەکرەم تاھیر، تەمەن ٤٠ ساڵ، لە کۆتایی نەوەتەکانەوە یاریی کۆنفۆ و کاراتێ دەکات، بۆیە لە نێو خەڵک بە ئەکرەم کۆنفۆ ناسراوە. ئەکرەم جگە لە وەرزش، سەرقاڵی کاری ھونەری بوو، لە سەرەتای ٢٠٠٤ وەکو ئەکتەرێکی کۆمیدی دەرکەوت، تاوەکو ئێستا بەشداریی زیاتر لە ١٠ دراما و فیلمی کۆمیدی کردووە.

سەربەست تاھیر، برای ئەکرەم کۆنفۆ دەڵێت دوای رووداوەکە ئەکرەم قسەی لەگەڵ یەکێک لە براکانی کردووە. سەربەست گوتی: "ئەکرەم ھەر ئەو شەوەی تەقەی لە کوڕە پوورەکەمان کرد، تەلەفۆنی بۆ برایەکمان کردووە، دواتر منیش قسەم لەگەڵی کرد و پێمگوت دەبێت ھەر ئێستا بچی خۆت رادەستی پۆلیس بکەی، لە قسەکانیدا دیار بوو زۆر پەشیمان بوو لەو تاوانەی کردی". 

سەربەست گوتیشی: "ئێمە خزمی یەکدین و تا ئێستا ھیچ کێشەیەک لە نێوانماندا نەبووە، داوا دەکەین ئەکرەم خۆی تەسلیمی پۆلیس بکات و یاسا دۆسیەکەی یەکلایی بکاتەوە". 

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن ئەکرەم دوای رووداوەکە چووەتە دەرەوەی وڵات، سەربەست گوتی: "ئێمە نازانین لە کوێ خۆی حەشارداوە، بەڵام لەو باوەڕەدا نین چووبێتە دەرەوەی وڵات".

ھێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دھۆک بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەکرەم کەسێکی ناسراوە و ھەر لە یەکەم ساتی رووداوەکە ناو و وێنەکەی بەسەر ھەموو بازگەکاندا دابەشکراوە و ھێزە ئەمنییەکانیشمان ئاگادار کردووەتەوە. بەڵام کەسوکاری قوربانییەکە دڵنیا دەکەینەوە، ئەویش وەکو تاوانبار و تۆمەتبارەکانی دیکە دەستگیر دەکەین".

 

رووداو





ئەم هەواڵە 11767جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad