English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەنجیلینا جولی پشتگیرییه‌كانی حکوومەتی ھەرێم لە پەنابەرانی سوریا به‌رز ده‌نرخێنێت
2018-06-17 [06:04 AM]

ZNA-هەولێر


خاتوو ئەنجیلینا جولی، نێردەی تایبەتیی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندێكی یاوه‌ری، سەردانی ھەولێری کرد و لەلایەن بەڕێز سەفین دزەیی ووتەبێژێ فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی تایبەتیی بەڕێز سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێکرا.

سەرەتا بەڕێز دزەیی بەناوی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وه‌زیران و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی خاتوو ئەنجیلینا جولی کرد بۆ گرنگیدانی بەردەوامیان بە نەھامەتییەکانی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمێ کوردستان، هه‌روه‌ها ڕایگەیاند کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانە بەردەوامەکانیان بۆ کوردستان به‌مه‌به‌ستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، بەرز دەنرخێنێت.

بەڕێزیان پوختەیەکیشی دەربارەی ڕەوشی ئێستای هه‌رێمی کوردستان، قەیرانه‌كانی مرۆییی ئاوارە و پەنابەران و دارایی و ئابووری و لێکەوتەکانیان، كاریگه‌رییه‌كانی شەڕی داعش له‌سه‌ر چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان، ڕۆلی بەرچاوی پێشمەرگە لە شەری دژی داعش لە چوار ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی مرۆییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گرنگیی ھەماھەنگی و ھاوکاریی زیاتری نێوان حکوومەتی ھەرێم و ئاژانسەکانی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەلگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مەدەنیەکان بە خەلکێ لێقەوماو، خسته‌ڕوو.

لای خۆیەوە خاتوو جولی سوپاسی حکوومەتی ھەرێم و گەلی کوردستانی کرد بۆ میوانداریکردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران و هاوكاریكردنیان و ئه‌و ڕۆڵه‌ی ھەرێمی کوردستان به‌رز نرخاند، دڵنیاییشی دایه‌ حکومەتی ھەرێمێ کوردستان کە لە گەیاندنی پەیامی نەھامەتیەکانی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بە کۆمەڵگای نێودەولەتی به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوكاری و پشتگیریكردن له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم، به‌رده‌وام ده‌بن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا بیروڕا ده‌رباره‌ی چۆنیەتیی بەھێزکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنێ باڵای پەنابەران و رێکخراوەکانی تری مرۆیی بۆ باشتر بونیادنانەوەی ژیانی ئاوارەکان پێش بونیادنانەوەی خانوو و تەلارەکان، ئاڵوگۆڕ كران. ھەردوولا لەسەر بەردەوامیی گفتوۆکان بۆ دۆزینەوەی دەستپێشخەریی پێشکەوتوو لەسەرووی پێشکەش کردنی پشتگیریی ماددی و ھاوکاریی مرۆیی بە ئاوارە و پەنابەران كۆك بوون تا دۆخی ناوچەکانیان ئاسایی دەبێتەوە بە سەر بەرزی و ئارەزوومەندانە دەگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان.

لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان داڵده‌ی ١.٤ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی سوریا ده‌دات کە ٩٧٪ی پەنابەرانی سوریا لە ھەرێمی کوردستانن و ٣٧٪ یان لە نۆ کەمپ و ئەوانی دیكه‌ لە ناو شار و شارۆچکەکانن، ھاوکات ٤٠٪ ئاوارەی ناوخۆێ عێراق لە کوردستانن کە ٨١٪یان لە ناو شارەکان و ئەوانی دیكه‌ لە ٣٠ کەمپدا نیشتەجێکراون.





ئەم هەواڵە 3598جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad