English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ڤینسیای رۆژهەڵات ده‌بێته‌ کارگەی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر
2018-06-18 [08:24 AM]

ZNA- ھەولێر


رۆژگارێک ئاوی سازگار و شێوە نۆکەندییەکەی بەسرە ناوی ڤینیسیای رۆژهەڵاتیان بەسەر ئەو شارەی عێراقدا سەپاندبوو. کۆڵانەکانی بۆنی شەتولعەرەبی لێدەهات، رووبارەکە، شارەکەی کردبوو بە دوو بەشەوە، کاتێک دەتبینی تەواو ئەفسانەی سندیبادت دەهاتەوە پێش چاو کە چۆن کەنارەکانی بەسرەی بەرەو گەشتەکەی جێهێشتووە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمزی ئەمریکی، بەسرە مێژوو و جیوگرافیایەکی دەگمەنی هەیە. دەبوو ئەو شارە ئێستا پڕ بوایە لە رەونەق، بەوەی تاکە بەندەری عێراق و دەروازەی ئێرانیشە. دانیشتوانەکەی دوو ملیۆن کەسە، ژێرخانی نەوتی بە 200 ملیار بەرمیل نەوت مەزندە دەکرێت، ئەو ڕێژەیەش 80%ـی ژێرخانی نەوتی هەموو عێراقە.

بەڵام ئێستا ئەو کەنداوە پڕ سامانە بۆتە زبڵخانە و ئاوەکەشی هێندەی لە ئاوەڕۆی زێرابەکان دەچێت ئەوەندە سیمای رووبار و بەندەری پێوە دیارنییە. کەشتییەکان بوونەتە ئاسەوار و رێگا ئەفسووناویەکانی لە وێرانە دەچن، لەگەڵ ئەوەش کە چەندین کۆمپانیای جیاوازی بیانی وزە بوونیان هەیە، به‌لام رێژەی بێکاریی ئاستێکی بەرزی هەیە.

ئەگەرچی داعش دەستی بەم شارە نەگەیشت، بەڵام هاتنی داعش بۆ عێراق و بێ هێزی حكوومەتی بەغداو بوونی چەندین بەرە و خێڵی جیاواز کە بایاسا و دەستووری خۆیان کار دەکەن و گەندەڵی بێ سنوور ئەو شارەی کردۆتە ناوه‌ندی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر.

سەردەمێک بەسرە بە سەنتەری ناوچەکە دادەنرا. ئەو شارە لە ساڵی 636ـی زاینیی دروستکراوە و هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش وایکردبوو کە ببێتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاریی و بازرگانان و تەنانەت زانایانیش. زانا ئبن بەتوتە یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەو شارەیه‌.

جەبار سەعیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی بەسرە، لەو بارەیەوە بە رۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمزی گووت: " بەسرە لە رابردوودا لە ئێستا زۆر باشتر بوو، تەنانەت لە حەفتا و هەشتاکان، بەسرە یەکێک بوو لە شارە جوانەکان".

لە کاتی هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر عێراق، بەهۆی گرنگی ئەو شارە، یەکەم شوێن هێرشیان کردە سەری و کۆنتڕۆڵیان کرد بەسرە بوو، پاشان بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاست رۆشتن و سەدامیان رووخاند.

سوپای مەهدی، بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، لە شاری بەسرە شەڕی دژی هێزەکانی بەریتانیا کرد تا لە ساڵی 2007، دواتر بەریتانیا سوپاکەی کشاندەوە و ئاسایشی شارەکەی رادەستی سوپای عێراقی کرد، سوپای عێراقیش سوپای مەهدی لەو شارە وەدەرنا.

ئەگەرچی لە دوای ساڵی 2007، چەند پڕۆژەیەک لەو شارە ئەنجام درا، یەکێک لەوان دروستکردنی تاوەری بەسرە کە ئامانج لێی بە دوبەی کردنی بەسرە بوو، بەڵام هاتنی داعش لە ساڵی 2014 ئەو شارەی نەک هەر له‌ گه‌شه‌ وەستاند، به‌ڵكو لە هەموو کایەکاندا بەرەو دواکەوتوویی زیاتری برد.

بەگوتەی بێن لاندۆ، سەرۆکی دەزگای میدیای ئۆیل ریپۆرتی عێراق: ” سوپاکەی ناو بەسرە بۆ جەنگی داعش چوونە باکووری وڵات، بۆیە هێزی دیکە شوێنیان گرتنەوە".

بەهۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی شارەکە، چەندین گروپ و میلیشیا پەیدابوون کاری رفاندن، دزی و ماددەی هۆشبەر دەکەن.

یاروب مەحمودییە، سەرۆکی لیژنەی چارەسەری کێشە خێڵەکیەکانی بەسرە، بەم جۆرە باس لە باردۆخی خێڵەکانی بەسرە دەکات: "بەشێک لە خێڵە مەترسیدارەکانی بەسرە هاوپەیمانن لەگەڵ ئەو گروپە تاوانکارانە، کاری قاچاخچیەتی دەکەن و نەوتی ئەو شارەش بە هی خۆیان دەزانن. خێڵەکان چەکی قورسیان پێیە و جار جار لەناو یەکدیشدا شەڕ دەکەن".

مەحمودییە گووتیشی: "با بڵێین کۆمپانیایەک دێت و دەیەوێت لە ناوچەیەکی بەسرە کە ماوەیەکی زۆرە کەس خاوەنی نیە کاری وەبەرهێنان بکات، لە پڕ دوو سەرۆک خێڵ خۆیان دەکەن بەخاوەنی. پاشان جەنگ لە نێوان ئەو دوو خێڵە دروست دەبێت و کۆمپانیاکەش ناچار کارەکانی ناکات و ده‌ڕوات".

 





ئەم هەواڵە 2491جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad