English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
خەندەقی جیابوونەوە
2016-01-14 [10:28 AM]

ئازا حەسیب قەرەداخی


"خەندەقی جیابوونەوە" ناونیشانی سەروتاری رۆژی 12ی ئەم مانگەی رۆژنامەی (كەیهان)ـە. لەوێدا دان بە نزیكبوونەوەی جیابوونەوە و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا دەنێ.
(كەیهان) كە سەرنووسەرەكەی یەكێكە لە كەسە زۆر نزیكەكانی رابەری جمهوری ئیسلامی ئیران و رۆژنامەكەیش بە زمانحاڵی رابەر دادەنرێ، دان بەوەدا دەنێ كە (مسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دوای روخانی رژێمی سەددامەوە نەیتوانیوە لەگەڵ باری نوێ و یەكپارچەیی عێراق خۆی بگونجێنێ و هەرچیش دەیكات بۆئەوەیە لە عێراق دوور بكەوێتەوە و كوردستان جیا بكاتەوە.
بێگومان كۆی وتارەكە بە نەفەسی تۆمەتبارانكردنی سەرۆك بارزانی نووسراوە كە لە خەمی یەكپارچەیی و سەروەری عێراقدا نیە، بەڵام لە دووتوێی دێڕەكاندا دەبینین كە ئێران دەزانێ سەرۆك بارزانی چی بۆ دوارۆژی كوردستان دەوێ و چۆن خەبات دەكات بۆ جیابوونەوە لە عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان.
بۆ بەدیهێنانی جیابوونەوە لە عێراق، رۆژنامەی كەیهان نووسیویەتی، بارزانی زۆر سەرسەختانە بووە كۆسپ لەبەردەم ویلایەتی سێیەمی نوری مالیكیدا.
كەیهان دان بەوەدا دەنێ كە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ناو پرۆسەی سیاسی كوردستان بە هۆی سیاسەتی سەربەخۆییخوازیی بارزانییە و لەوبارەیەوە دەڵێ، مەیلی سەربەخۆییخوازیی بارزانی لەلایەن زوربەی حزبە كوردییەكانی ترەوە رەتكراوەتەوە و ئەو حزبانە بوونەتە بەبەربەست لەبەردەم رێككەوتنی گشتگیر لەسەر ئەم پرسە.
پاشان رۆژنامەكە باسی ئەو خەندەقە دەكات كە ئێستا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی تیرۆریستانی داعش لە تخوبی كوردستان لێ دەدرێ و بە خەندەقی جیابوونەوە ناوی دەبات و بەو دیوارەی دەشوبهێنێ كە ئیسرائیل بۆ جیاكردنەوەی خۆی لە فەلەستین دروستی كردووە. هەروەها دەڵێ ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا هاوكاری بارزانی دەكەن لە هەڵكەندنی ئەو خەندەقەدا. كەواتە جمهوری ئیسلامی ئێران دان بەوەدا دەنێ كە ئەم وڵاتە زلهێزانە كە هەرسێكیان ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین، هاوكاری كوردستان دەكەن بۆ جیابوونەوە لە عێراق و پشیوانی دەوڵەتەكەی كوردستان دەكەن.
كەیهان زمانحاڵی رابەر بە ئاگا یان بێ ئاگا تەواوی وردەكارییە سیاسی و رێكارییە كردەنییەكانی نزیكبوونەوەی سەربەخۆیی كوردستان و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانی ئاشكرا كردووە و ئەو دەوڵەتانەشی ناساندووە كە لەم پرۆژەیەدا بە پلان و جێبەجێكردن بەشدارن. ئەم رۆژنامەیە پێی وایە دروست بوونی دەوڵەتی كوردستان قۆناغی ئەگەری تێپەڕاندووە و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندایە و ئەم خەندەقەیش یەكەمین دەركەوتەی جێبەجێكردنەكەیە. 
لە كۆتایی وتارەكەدا بانگەواز بۆ حكومەتی عێراق دەكات هەرچی زووە و بەرلەوەی كارلەكار بترازێ و عێراق بكەوێتە بەر رەشەبا و ببێتە نەرمەقووتی دوژمنانی فریا بكەوێ ئەم پرۆژە جەهەنمییە راگرێت و لە دادگا نێودەوڵەتییەكاندا شكایەت لە بارزانی ئەو وڵاتانە بكات كە بەشدارن لە جیاكردنەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق.
پاشان دەڵێ ئەم پیلانەی بارزانی و هاوكارەكانی لە جیاكردنەوەی كوردستان و دروستكردنی دەوڵەت سەرناگرێ و شكستدەهێنێ چونكە بە گووتەی ئەو گەلی كورد وابەستەی عێراقە و رۆژێك لە رۆژان حەزی نەكردووە لە كەسوكارەكەی دوور بكەوێتەوە!!
ئەمەیان وەكوو دوانەفەسی ئەو كەسەیە كە خەریكە دەخنكێ و هانا بۆ تەڵە پووشیش دەبات. كەیهان هانا بۆ گووتاری سۆزئامێز دەبات، دەنا جمهوری ئیسلامی كە هەزاران هەزار كوژراوی لە شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراقدا بەخشی، دەزانێ هەرگیزاوهەگیز كورد و كوردستانیان وابەستەی دەوڵەتی بەزۆر دروستكراوی عێراق نەبوونە و سەد ساڵە خەباتی نەپساوە لەپێناوی سەربەخۆییدا دەكەن.
عێراق بۆ كوردستانیان نەك هەر دەوڵەتی داگیركاربووە و بە زۆر پارچەیەك لە خاكەكەی پێوە لكێنراوە، بەڵكو دەوڵەتێكی فاشیلی بە دەوڵەتنەبوو بووە و لە سەد ساڵی رابردوودا، لە سەر دەستی حوكمڕانی و قەڵەمڕەوی عەرەبی سوننە مەزهەبدا ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن و جینۆسایدی بینیوە، لەسەر دەستی حوكمڕانی و قەڵەمڕەوی عەرەبی شیعە مەزهەبیش نان و بودجە بڕین و سزادانی بە كۆمەڵی فەرمانبەران و كارمەندانی بینیوە.
هیچ شێوازێك لە شێوازەكانی سستمی سیاسی نەماوە بۆ پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق تاقی نەكرابێتەوە و سەركەوتوو بووبێ. دەسەڵاتی مەركەزیی هەشتا ساڵە، حوكمی زاتی و تەنانەت فیدرالییەت نەیانتوانی كوردستان و ئەوە دوای عێراق لە دەوڵەتی شەراكەتی راستەقینەدا پێكەوە كۆبكەنەوە.
عێراق هەر دەوڵەتێكی فاشیلی لەبەریەكهەڵوەشاوە نییە، بەڵكو بە هۆی شەڕی مەزهەبی و تایفییەوە بۆتە گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنانی مەرگ و تیرۆر، بۆیە ئیتر بوار نەماوە بۆ قسە كردن لەسەر ئیدامەدان بەم دەوڵەتە و مانەوەی كورد لەناویدا.
كەیهان راست دەكات سەرۆك بارزانی خەبات بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان دەكات. دەوڵەتێك دروست دەبێ كە دەوڵەتی دیموكراسی و پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان دەبێ. كارەكتەرێكی كارا دەبێ لە سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەكە و دابینكردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و دراوسێتی دروست و ئاشتیپارێز.





ئەم هەواڵە 14338جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad