English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
فیلمێکی کوردی کاندیدی دوو خەڵاتی فێستیڤاڵی میونشنە
دیمەنێک لە فیلمی زاگرۆس
2018-06-25 [06:22 AM]

ZNA – هەولێر


فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد، لە ٣٥مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی میونشن بەشدارە.

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە، لە بەشی فیلمە سەربەخۆکان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە و کاندیدی دوو خەڵاتە لەم بەشەدا.

 

چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی میونشن لە ٤ تاوەکو ٧ تەمموزی داهاتوو لە شاری میونشن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

 

میونشن، لە دوای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، بە دووەم گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە ئەڵمانی دەژمێردرێت.

 

لە رۆژانی ١٥ تاوەکو ١٧ ئەم مانگە، فیلمی "زاگرۆس" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی ٣٢مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کابۆرگ لە شاری کابۆرگ لە فەڕەنسا بەشداربوو.

 

ئەم فیلمە کاندیدی چوار خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵ بوو، ئەویش، خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەکتەری پیاو و ئافرەت بوو.

 

لەلایەکی دیکەوە ئەم فیلمە لە رۆژانی ١٨ تاوکو ٢٩ ئەم مانگە، بەشداری لە ٧١مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئێدنبێرگ دەکات کە یەکێک لە پێنج کۆنترین فێستیڤاڵە سینەماییە جیهانییەکان و لە سکۆتلەندا بەڕێوەدەچێت.

 

لە فێستیڤاڵی ئێدنبێرگ لە سکۆتلەندا بەڕێوەدەچێت و لە بەشی فیلمە ئەوروپییەکاندا نمایشدەکرێت.

 

ساڵانە لەم فێستیڤاڵەدا زیاتر لە ٤٠٠ میدیاکار و زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ بەرهەمهێنەر و شارەزایانی بواری سینەمای تێیدا بەشداردەبن.

 

لەلایەکی دیکەوە ئەو بەرهەمە سینەماییە بەشداری لە ١٧مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ترانسلڤانیا لە رۆمانیا کرد کە بە گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لەو وڵاتەدا دەژمێردرێت.

 

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە رۆژانی ٢٥ ئایار/ مایۆ تاوەکو ١ حوزەیران/ یۆنیۆ لە رۆمانیا بەڕێوەدەچوو و فیلمی "زاگرۆس" لە بەشێکی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا بەشدار دەبێت.

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر لە بەشی "Limelight"ـی فێستیڤاڵی فیلمی رۆتردامدا بەشداربوو کە تایبەتە بە نمایشکردنی ئەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵە گرنگەکاندا بەشداربوونە و خەڵاتی گرنگیان بەدەستهێناوە.

 

هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی 35مین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی ئەنۆنای لە شاری ئەنۆنای لە فەڕەنسا بەشداربوو.

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن ماڵپەڕی "Cutting Edge"ـی بەلجیکی، لەگەڵ چوار فیلمی دیکەی ئەو وڵاتە دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی وەک باشترین فیلمی 2017 هەڵبژێردرێت و لەلایەن خوێنەران و هۆگرانی سینەماوە دەنگی لەسەر بدرێت.

 

"زاگرۆس"  بەشداری لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا کرد و خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا کە خەڵاتی "Grand Prix" بوو، هەروەها  دوو خەڵاتی لە بەشی پێشبڕکێی 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاڕەس لە فەڕەنسا بەدەستهێنا، کە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بوو لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ و خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن بینەرانەوە.  

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە  لە ١٤مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی دوبەیدا بەشداربوو و کاندیدی چوار خەڵات بوو و دوو نمایشی تایبەتی بۆ کرا.

 

"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلجیکا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیە و سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادەکردووە.

 

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلجیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وەڵاتە.

 

سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، زیاتر لە ١٠٠ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.

 

دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمی "میسی بەغداد" و دواتریش "نێچیرڤانی خراپ"، لە کورتەلیستی کورتەفیلمە کاندیدکراوەکان بوون بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم و ئێستا دەرهێنەر خۆی یەکێک لە ئەندامانی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئۆسکار. 





ئەم هەواڵە 6868جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
گەنجێک ئافرەتێک لە مردن رزگار دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad