English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له ئه‌ردۆغان ده‌كات
2018-06-26 [10:13 AM]


به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پیرۆزبایینامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان ده‌كات به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی خۆیان و پارته‌كه‌یان و هه‌موو پارته سه‌ركه‌وتووه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی توركیا.

به‌ڕێزیان، هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری توركیا زیاتر پێشبكه‌ون له‌پێناو پێشخستنی ئارامی و پێشكه‌وتنی ژیانی خه‌ڵكی هه‌ردوولا، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر هاوكاریی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان ده‌كاته‌وه له‌پێناو چاره‌سەری ئاشتیانه‌ی هه‌موو كێشه‌كان له ناوچه‌كه‌دا .

ئه‌مه‌ش ده‌قی پیرۆزبایینامه‌كه‌یه :

به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان،
سەرۆكی كۆماری توركیا،

به‌بۆنه‌ی سەركه‌وتنی بەڕێزتان بۆ ‌سەرۆكایه‌تیی كۆماری توركیا له سیسته‌مێكی تازه‌دا و سەركه‌وتنی پارته‌كه‌تان پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له هه‌ڵبژاردنێكی گه‌وره‌دا كه تیایدا ڕێژه‌یه‌كی زۆر بەرز له ده‌نگدەرانی توركیا به‌شدار بوون، پیرۆزبایی له ئێوه و پارته‌كه‌تان و هه‌موو پارته سەركه‌وتووه‌كانی دیكه‌ی توركیا ده‌كه‌ین .

له سەرده‌می ئێوه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆماری توركیا و هەرێمی كوردستان پێشكه‌وتنی زۆر گه‌وره‌یان به‌خۆیه‌وه بینی، ئه‌وه‌ش كاریگەرییه‌كی زۆر باشی هه‌بوو له‌سەر ئارامی و پێشكه‌وتنی ژیانی خه‌ڵك، نموونه‌یه‌كی زۆر گرنگیش بوو بۆ ناوچه‌كه‌. ئێمه وه‌ك هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكه‌ش به‌و بۆنه‌یه‌وه ئاره‌زوومه‌ندیی هه‌میشه‌ییمان بۆ درێژه‌دان به پێشخستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه دووپات ده‌كه‌ینه‌وه.

جه‌ختكردنه‌وه‌تان له گوتاری سەركه‌وتنتاندا له‌سەر به‌هێزتركردنی كاركردنتان له‌پێناو نه‌هێشتنی هه‌موو جۆره جیاوازییه‌ك، مایه‌ی ئه‌وه‌یه هه‌مووان پشتیوانی لێ بكه‌ن. له سەرده‌می ئێوه‌دا زۆر قه‌ده‌خه‌كاریی نادادپەروەرانه هه‌ڵگیران، هیوادارین ئێستاش جارێكی دیكه هه‌موو لایه‌ك له‌پێناو ئاشتیدا هاوكاریی بەڕێزتان بكه‌ن. حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان بەرده‌وام پشتیوانیی هه‌موو هه‌وڵه‌كان ده‌كات بۆ چاره‌سەری ئاشتیانه‌ی هه‌موو كێشه‌كان له ناوچه‌كه‌دا .

 

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان
26/6/2018





ئەم هەواڵە 1789جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad