English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ژمارەی ئالودەبوون بە مادەی ھۆشبەر لە عێراق روو لە زیادبوونە
2018-06-27 [08:34 AM]

ZNA- ھەولێر




بەپێی ئامارە فەرمییەکان ژمارەی ئالودەبووان بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق، رۆژ بەڕۆژ لەبەرزبوونەوەدایە. وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆکاری زیادبوونی ژمارەی ئالوودەبووان بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕێتەوە، کە هەموویان پەیوەندییان بە سرووشتی ژیانی خەڵک و بارودۆخی ئێستای عێراق هەیە.

عیماد عەبدولرەزاق، راوێژکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێ "هۆکارەکان زۆرن کە بوونەتە هۆی زیادبوونی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، لاوازیی هێزی ئەمنی و شەڕی داعش رێگەخۆشکەر بوون بۆ هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ عێراق، ئەمە لە لایێک و لە لایێکی دیکەوە بێکاری و هاوڕێیەتی کەسانی خراپ، ئەمانە و چەندانی دیکە".

بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، رێژەی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق لەنێو گەنجاندا 5% زیادی کردووە، تەنها لە ساڵی 2017ـدا پێنچ هەزار ئالوودەبوو سەردانی نەخۆشخانەی ئیبن روشیدیان کردووە لە بەغدا، بۆ وەگرتنی چارەسەر.

بەشی زۆری ئەو ماددە هۆشبەرانەی دێنە نێو عێراق، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی باشووری عێراق و لە ئێرانەوە دەهێنرێن.

عەقید حەمید، ئەفسەر لە پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەڵێ "بەڕێوبەرایەتیی خاڵە سنوورییەکان دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەردا گرتووە لە باشووری عێراق... بۆنموونه‌ بارهەڵگرێک کە لە ئیکوادۆرەوە هات لە میناکانی بەسرا دابەزی و مۆزی هەڵگرتبوو، کەچی ژێرەوەی هەمووی ماددەی هۆشبەر بوو، دوای دەستبەسەرداگرتنی زانیمان کە خەتم و مۆری گومرکی لەسەرە و، بۆمان دەرکەوت کەسانی باڵادەست و کۆمپانیای گەورە بە رێژەیێکی ئێجگار زۆر لە هەوڵی هێنانی ماددەی هۆشبەرن بۆ عێراق".

بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر ئەگەر ماددەکەیان دەستنەکەوێت، پەنا بۆ هەندێک لە جۆرەکانی دەرمان دەبەن. وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەرجەم دەرمانخانەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە بەبێ نووسراوی پزیشک هیچ جۆرە دەرمانێک نەفرۆشن.

دکتۆر حەیدەر دەرمانسازە، دەڵێ "ئێمه‌ به‌پێ نووسراوی پزیشک دەرمان به‌ نه‌خۆش دەده‌ین. نابێت نووسراوه‌كه‌ش بەرواری کۆن و بێ مۆری پزیشکی بێت، ئێمە به‌و شێوازه‌ دەرمانەکان ده‌فرۆشین، جا ئەو چۆن بەکاریدێنێت ئەوە دەگەڕێتەوە سەر وەرگری دەرمانەکان". 

بەپێ ئامارە نافەرمییەکان لە عێراق لەنێوان هەر 10 کەسێک کە تەمنیان لەنێوان 18 بۆ 30 ساڵە، سێ کەسیان ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بوون، بەوپێیەش لە عێراق 30%ـی گەنجان ئالوودەی ماددەی هۆشبەرن.

لە ساڵی 2017 نزیکەی شەش ملیۆن حەبی ماددەی هۆشبەر و، بەسەدان کیلۆ جۆری دیکەی ماددەی هۆشبەر لە خاڵە سنوورییەکانی پارێزگای بەسرە دەستیان بەسەردا گیراوە و لەنێوبراون.





ئەم هەواڵە 2008جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad