English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەغدا و حزبەكانمان
2018-06-27 [07:59 AM]

نووسینی: دڵشاد مستەفا وەسانی


بەغدا سەبارەت بە كورد هەر بەغدایە، هیچ حكوومەتێك نەبووە نەك بیر لە دەستبەرداربوونی كوردستان بكاتەوە، بەڵكو هەر حكوومەتێك هاتووە، بەرنامەی بەعەرەبكردنی كوردستانی درێژەپێداوە،ئەمە لەكاتێكدابووە، هەموو حكوومەتەكان بە كۆدەتا هاتوون، كەچی لە دژایەتیكردنی كورد، شاڵاوەكانی بەعەرەبكردن تا هاتووە فراوانتر بووە، ئەم ستراتیژەی حكوومەتی عێراق بەرامبەر بە خاك و خەڵكی كوردستان، هەر لە سەردەمی مەلیك فەیسەڵی یەكەمەوە دەستی پێكرد، كاتێ ویلایەتی موسڵی بە سەری عێراق دانا و گوتی مرۆڤیش بێ سەر ناژیت.

دەوڵەتی عێراق لەلایەن هەر گرووپێكەوە بەڕێوەبرابێ، یەك تێڕوانینی بۆ كوردستان هەبووە، ئەویش بەعەرەبكردن و سڕینەوەی مۆركی نەتەوایەتیی كورد، هەر لەسەر ئەو بنەمایەشەوە، حكوومەتەكانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد كردووە، بەغدا هەمیشە هەوڵیداوە لە ستراتیژیی خۆیدا سەبارەت بە كوردستان پاشەكشە نەكات، لە هەر سەردەمێكدا لەگەڵ حزبەكان كەوتبێتە گفتوگۆ، نەیویستووە پاشەكشە لەو ستراتیژەی بكات، بۆ ئەمەش حكوومەتەكان وایان پیشان داوە هەموو پێكهاتەكان هاووڵاتیی عێراقن، كەچی كورد هەمیشە پلە دوو بووە، كاتێكیش پلەبەندی بۆ مرۆڤ دەكرێ و بە زەبر ئینتیمای نەتەوەیی لێدەسەندرێتەوە، هیچ مانایەك بۆ هاووڵاتیبوون نامێنێتەوە.

بە لای بەغداوە حزبی داكۆكیكار لە پرسی كورد كێشە گەورەكەیە، بۆیە لەگەڵ ئەو حزبە داكۆكیكارە كەوتۆتە گفتوگۆ، بەڵام هەوڵی داوە بە هەر هۆیەك بووبێت زەبری لێبووەشێنێ، بۆنموونە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا 1961-1975 لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆی كردووە، بەڵام چەندین جار هەوڵی تیرۆركردنی سەركردەكانی داوە، وەك بە ئامانجگرتنی ئیدریس بارزانی لە بەغدا كە بە نوێنەرایەتی شۆڕش بۆ بەدواداچوونی ئەنجامی گفتوگۆ چووبوو، هەروەها گەورەترین كردەی تیرۆر هەوڵی تیرۆركردنی بارزانیی نەمر بوو لە 29ی ئەیلوولی 1971 لە حاجی ئۆمەران لە رێی تەقاندنەوەی چەند مەلایەك لە ژوورەكەیدا.

پەیدابوونی دوو تێڕوانینی كورد بۆ بەغدا، بۆ ساڵی 1964 دەگەڕێتەوە، كاتێ جەماعەتێك  لە پارتی دیموكراتی كوردستان جیابوونەوە، بیانووی جیابوونەوەكەشیان ئەوەبوو گوایە نایانەوێ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكرێ و دەبێ شەڕ بەردەوام بێت، كەچی دوای نزیكەی دوو ساڵ، دژی شۆڕش پاڵیان دایە حكوومەتی عێراق، لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ، دوو تێڕوانین بۆ بەغدا هەیە، كەچی بەغدا یەك تێڕوانینی بۆ كورد هەیە، لەم چەند ساڵەی دواییشدا، هەندێ حزب قەناعەتێكیان لا دروست بوو، ئەویش ئەوەیە حزبەكانی كوردستان نازانن گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەن، پێیانوایە كێشە بەغدا نییە بەڵكو حزبەكانن، ئەمە وایكرد هەندێ حزب لەجیاتی بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ، بەغدایان دژی هەولێر بەكارهێنا، هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر حزبی كوردی لەسەر بنەمای ئەوەیە تاچەند گوێڕایەڵە، ئەم دیدەی بەغدا بۆ حزبی كوردی، دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە ئاشكرا راگەیەندرا، ئەو حزبانەی ریفڕاندۆمیان كرد بە (ئینفیساڵی و خاین) لە قەڵەمیدان و ئەوانەیشی دژی بوون بە حزبی (وەتەنی).





ئەم هەواڵە 1231جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad