English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دراوی ئێران 40%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە
2018-07-01 [05:26 AM]

ZNA- هه‌ولێر


لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی، تمەنی ئێرانی لە 40%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە، دابەزینی بەهای تمەنیش کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتە کردووە، بەجۆرێک لە چەند رۆژی رابردوودا خۆپیشاندانی فراوان لە تاران بەڕێوەچوو.

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئێران هۆکاری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەبێت وڵاتانی دیکەی جیهان لە زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران لەگەڵ واشنتندابن.

لەبەرامبەردا حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ئەوەی هەیە شەڕێکە بەرامبەر بە ئێران و حکومەتیش لە هێڵی پێشەوەی ئەم جەنگەدایە.

لە رۆژی 8ی ئایارەوە کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ، کشاندنەوەی ئەمریکای لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی راگەیاند، دراوی ئێران 40%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە. 

ئەو دابەزینەش لە بەهای تمەن بێ کاریگەریی نییە، بۆ نموونە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو خۆپیشاندان لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیپێکرد و زووش شێوەیەکی سیاسی وەرگرت و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران دەستیان بە گوتنەوەی درووشم دژی ئایەتوڵڵا خامەنەیی و بەرپرسانی دیکەی باڵای وڵات کرد و بە دز و دیکتاتۆر ناویان بردن. 

بەرپرسانی ئێران لە کاریگەری گوشارەکە تێدەگەن، بەڵام نازانن چۆن چارەسەری بکەن. 

ئایەتوڵڵا خامەنەیی دەڵێت، ئامانج لە گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا ئەوەیە، ئێرانییەکان دژی حکومەتی وڵاتەکەیان بووەستنەوە.
 
کەسێکی نزیک لە ئایەتوڵڵا خامەنەییش ئاماژە بەوە دەکات کە "وڵات لە ناوەوە و دەرەوە لە ژێر گوشاردایە، بەڵام وادیارە پلانێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە نییە". 

وادیارە ئێستا ناڕەزاییەکان لە ئێراندا نەماون، بەڵام نیگەرانییەکانی خەڵکی و گوشارەکانی ئەمریکاش زیاتر دەبن.
 
باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئێران هۆکاری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەبێت وڵاتانی دیکەی جیهانیش لە زیادبوونی گوشارەکاندا بۆ سەر ئێران لەگەڵ واشنتندا بن

نیکی هەیلی، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی: "ئەوەی سەرۆک ترەمپ رایگەیاندووە ئەوەیە کە دەبێت ئێران رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێتەوە. ئەگەر سەیری تەواوی پێکدادانەکانی ناوچەکە بکەیت ئەوا دەزانیت کە یەک شتیان هاوبەشە، ئەویش ئێرانە. ئەوەی ئێمە دەیکەین بریتییە لە بەردەوامیدان بە گوشارخستنە سەر ئێران و ئومێدەوارین وڵاتانی دیکەش پەیوەندیمان پێوە بکەن، چونکە لە روانگەی ئێمەوە ئێران بریتییە لە کۆریای باکووری داهاتوو".
 
ئەو هەنگاوەی ئێستا ئەمریکا کاری لە سەر دەکات بریتییە لە رازیکردن و گوشارخستنە سەر کڕیارانی نەوتی ئێران بۆ ئەوەی فرۆشیاری نوێ بدۆزنەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، دەبێت تاوەکو 4ـی تشرینی دووەمی 2018 تەواوی وڵاتانی جیهان کڕینی نەوت لە ئێران بوەستێنن، ئەوە لە کاتێکدایە نەوت نزیکەی 60%ـی داهاتی ئێران دابین دەکات.
 
بەرپرسانی باڵای ئێران هەنگاوەکانی ئەمریکا بە جەنگ ناودەبەن و دەڵێن، ئێستا کاتی دابەشبوون لە ناو کۆمەڵگا نییە. 

حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: "حکومەت ئەمڕۆ لە هێڵی پێشەوەی ئەم شەڕەدایە، دەبێت هەموومان ئەم هەستەمان هەبێت، ئێمە لە هێڵی پێشەوەی ئەم جەنگەداین". 

بەرپرسانی ئێران پێیانوایە، ئێستا هەرچۆنێک بێت رەوشەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن، بەڵام نازانن تاوەکو چەند مانگی دیکە چ شتێک روودەدات. 

لەو بارەوە دیپلۆماتکارێکی ئێرانی لە ئەوروپا بە میدیای بەریتانی راگەیاند: "گوشاری زۆر قورسی ئابووریی چاوەڕێمان دەکەن و هەربۆیەش خۆپیشاندانەکان بە ئاسانی دانامرکێنەوە". 

بەڵام ئەو دیپلۆماتکارە گۆڕینی دەسەڵات بە دوور دەزانێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئێرانییەکان شۆڕشێکی دیکەیان ناوێت و دڵنیاش نین لەوەی، ئەگەر شۆڕشیش بکەن ئەنجامەکەی باشتردەبێت. 





ئەم هەواڵە 3787جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad