English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەکەکە بۆ لێرەیە!
2018-07-01 [06:12 AM]

نووسینی: ئاریان فەرەج


پەكەكە ماوەیەكی دوورودرێژە سەدان گوندی هەرێمی كوردستانی داگیر كردووە و بەربەست بووە لەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ژیان و ماڵی خۆیان و بگەڕێنەوە دۆخی سرووشتیی خۆیان. پەكەكە ڕێگر بووە ئەو گوندانە ئاوەدان بكرێن بۆیە خەڵك لە خێروبێری ئەو ناوچانە بێ بەش كراون. لە لایەكی تر تەعەداكردنی پەكەكە لە خەڵك و ڕفاندنی منداڵ و وەرگرتنی باج و سەرانە لە خەڵكیش هێندەی تر ژیانی بۆ خەڵكی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان تووشی گرفت كردووە.
پرسیار ئەوەیە بۆ دەبێ پەكەكە ئەو ناوچانە داگیر بكات و خەڵكی كورد ئازار بدات؟ ئەگەر پەكەكە خەباتی چەكداری دەكات و خۆیان بە خەباتكار و ڕزگاركەر دەزانن بۆ ناچن گوندێكی كوردستانی توركیا ئازاد بكەن؟ بۆ لەجیاتی ئازادكردنی كوردستانی توركیا، هاتوونەتە باشوور و ژیانی خەڵكیان تاڵ كردووە و گوند و موڵكی هاووڵاتیانی هەرێم داگیر دەكەن؟
نابێ چیتر خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەوە لە پەكەكە قبوڵ بكات و چیتریش ڕێگە نەدرێت لەناوخۆی كوردستان موزایەدەی كوردایەتی بە پەكەكە و بابەتی هاتنی سوپای تورك بكرێت. سوپای توركیا كە هاتووە و ناوچە سنوورییەكانی داگیركردووە ئەوە بە هۆی پەكەكەوە هاتووە، ئەوە پەكەكەیە دەستی سوپای توركی ڕاكێشاوە بۆ ناو هەرێم هەروەكچۆن لە عەفرین و ڕۆژئاوایش وایان كرد. خەڵكی هەرێم چ تاوانێكیان كردووە باجی داگیركاریی ئەو دوو هێزە بدات؟ پەكەكە بە هیچ شێوەیەك ڕاست ناكات و نیازیشی بەرانبەر هەرێمی كوردستان باش نەبووە، ئەگینا گۆڕەپانی شەڕ و چەكدارییان دەگواستەوە بۆ ناو توركیا و چیتر كەڵەگاییان لەسەر هاووڵاتیانی هەرێم نەدەكرد.
چەندین ساڵە حكوومەتی هەرێم و خەڵكی ناوچەكە داوا دەكەن پەكەكە ئەو گوندانە چۆڵ بكەن كەچی گوێیان بەو داوا ڕەوایەی خەڵك نەداوە، لە هەمانكاتدا دەبینین پەكەكە دوای بە كوشتدانی سەدان گەنجی كورد، زۆر شوێنی لە سووریا بە سەفەقە و بە قسەی خەڵكی تر چۆڵ كردووە. ئەو پرسیارە دەبێ لە موزایەدەچییەكانی ناوخۆ بكرێت كە بۆ پەكەكە بایەخ بە داوای هاووڵاتیانی هەرێم نادات و وا بە ئاسانیش مل بۆ سەفەقاتی تر شۆڕ دەكات؟
پەكەكە و ئەوانەی لە هەرێم بە جۆرێك سۆزیان بۆ پەكەكە هەیە و هەروەها لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی كوردستانی ئێرانیش پێویستە تێگەییشتنیان بۆ خەڵكی هەرێم هەبێت كە ئەگەر هەرێمی كوردستان وەك بنكەیەك بۆ چالاكی سەربازی لەدژی وڵاتان بەكار بهێندرێت ئەوە بیانوو دەدرێتە وڵاتان كە دەستدرێژیی بكەنە سەر خاكی هەرێمی كوردستان. ئێستا كاتی ئەوەیە دوور لە هەموو سۆز و موزایەدەیەك بیر لەوە بكرێتەوە كە ئایا هەرێمی كوردستان بەرگەی ئەو هەموو گوشار و ناسەقامگیرییە دەگرێت؟ بۆ چی دەبێ كارێك بكرێ كە ژیانی خەڵكی هەرێم بكەوێتە ژێر هەڕەشەی شەڕ و ئابڵۆقە و داگیركاری.
دوای دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدان هەێمی كوردستان وەك كیانێكە بۆ ژیان و ئاسوودەیی گەلی كوردستان، هەروەها گۆڕەپانێكیشە بۆ چالاكیی سیاسیی و مەدەنی حزبەكانی پارچەكانی تر، بەڵام ئەوانەی بیانەوێ شەڕ بكەن، لە ڕاستیدا دەبنە هۆی ئەوەی هەرێم بكەوێتە ژێر مەترسییەكی جددی و هەموو لایەكیش تێیدا زەرەرمەند دەبن. بۆیە پێویستە هەموو لایەك بەرژەوەندییەكانی هەرێم و ئاساییشی خەڵكیان لەبەرچاو بێ و بیپارێزێن.





ئەم هەواڵە 841جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad