English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کوڕ و باوک بوونە قوربانی کێشەیەکی چارەسەر نەکراو 
2018-07-01 [02:51 AM]

ZNA – ھەولێر 




 


زیاد بۆ ئەوەی خۆی و خێزانەکەی بە ئاگری تاوانی براکەی نەسووتێن، نزیکەی ساڵ و نیوێک خۆی شاردەوە، کاتێکیش بەڵێنی لە دوژمنەکانی براکەی وەرگرت و دڵنیا بووەوە، گەڕایەوە سەر کاری خۆی، بەڵام دوژمنی براکەی بەڵێنەکەی نەبردە سەر و زیاد و کوڕە گەورەکەی خەڵتانی خوێن کرد.

رۆژی ٢٢/٦/٢٠١٨ باوک و کوڕێک بەناوەکانی زیاد عوسمان تەمەن ٥٢ ساڵ و ئاسۆ زیاد، تەمەن ٢٢ ساڵ، لەنێو نەمامگەکەیان لە گەڕەکی شارەوانیی ھەولێر دەستدڕێژی گولەیان لێکرا، زیاد ھەر لە نەمامگەکە گیانی دەرچوو، کوڕەکەشی لە رێگەی نەخۆشخانە.

نەرمین محەممەد، لە پرسەی ھاوژین و کوڕە گەورەکەی دانیشتووە و چاوەکانی دەڵێی گۆمی خوێنن ھێندەی بۆیان بگری. نەرمین بە دەم گریانەوە گوتی:"مێردەکەم و کوڕەکەم ھیچ تاوانیان نەبوو، ئەوان بوونە قوربانیی تاوانی شووبراکەم".

 گوتیشی: "لەوەتەی شووبراکەم ئەو تاوانەی کردووە، ئێمە لە رۆژێکی وەھا دەترساین، بەڵام ئەو رۆژە ھەر ھات و ترسەکەمان بوو بەڕاستی".

 دوو ساڵ لەمەوبەر لەسەر قەرز کێشە دەکەوێتە نێوان برایەکی زیاد و چەند شەریکێکی، براکەی زیاد دوو لە شەریکەکانی خۆی لە نێو ماڵەکەیدا دەکوژێ و ھەڵدێ. ئیدی زیادیش لە ترسی تۆڵەکردنەوە ناچار دەبێ ھەڵبێ و روو لە شارۆچکەی کۆیە بکات.

شیلان ئەنوەر، ئامۆزای زیاد باس لەو تاوانە دەکات کە دووساڵ لەمەوبەر روویدا و دەڵێت "ئامۆزایەکەم لەگەڵ ئەو دوو کەسە شەریک بوون، نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوییان ھەبوو، لەسەر پارە تووشی کێشە بوون، ئامۆزاکەم قەرزداری ئەوان بوو، ئەوانیش داوای پارەکەیان دەکردەوە، بەڵام ئامۆزاکەم پارەی نەبوو بیداتەوە".

وەک شیلان ئاماژەی پێدا، ئامۆزاکەی زۆر لەبەر شەریکەکانی پاڕاوەتەوە کە لە ماڵەکەی بڕۆن و دواتر قەرزەکەیان بداتەوە، بەڵام ئەوان نەڕۆیشتوون و ھەڕەشەیان لێکردووە. بۆیە یەکسەر دەستڕێژی گولە دەکات و ھەردوو شەریکەکەی بەناوەکانی زەنون سەڵاحەددین و فەخرەدین فەریق دەکوژێ و ھەڵدێ.

دوای ئەو رووداوە، ئیدی زیادیش لە ترسی تۆڵەکردنەوە ھەڵدێ و بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگ لە کۆیە خۆی حەشار دەدات، بەڵام دوای ئەوەی کەسوکاری دوو کوژراوەکە پێیدەڵێن ئەوان پەیوەندیان بە ئەوەوە نییە، چوار مانگ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە ھەولێر و لە نەمامگەکەی خەریکی کاری خۆی دەبێتەوە، تا ئەو رۆژەی لەگەڵ کوڕەکەی لە شوێنی کارەکەیان دەکوژرێن.

ئاشنا زیاد، تەمەن ٢٥ ساڵ، ھێشتا باوەڕ بە مەرگی باوکی و ئاسۆی برای ناکات و دەڵێت: "ئێمە بێ پشت و پەنا ماینەوە، لەوانەیە ئێمەش بکوژن، ساڵ و نیوێکە ئێمە بەھۆی مامم لە ماڵی خۆمان ھەڵاتووین، کەچی دواتر بووینە قوربانیی تاوانەکانی ئەو، ئێستاش نازانین لە کوێ خۆی شاردووەتەوە".

(ب، ی) دانیشتووی شارۆچکەی خەبات  رایگەیاند: "پێش دوو ساڵ دوو کوڕی ئەو بنەماڵەیە لەلایەن برای زیادەوە کوژران، ئەوانیش تۆڵەی خۆیان کردەوە. دوای کوشتنی کوڕ و باوکەکە، لەنێو خەبات گوتیان تۆڵەی ئێمە کرایەوە و خوێنی کوژراوەکانمان بەفیڕۆ نەچوو".

(ە،ع) کوڕی پووری ئەو دوو کەسەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن (ن)ی برای زیادەوە کوژراون،  گوتی "(ن) شەریکی کوڕە پوورەکانم بوو، نزیکەی ٣٥٠ ھەزار دۆلار قەرزداری ئەوان بوو، زیاتر لە ساڵێکی بەسەردا تێپەڕی، ئەوان چوون بۆ ئەوەی داوای مافی خۆیان بکەنەوە، بەڵام بە غەدر ئەوانی کوشت، پەیوەندیان پێوەکردین پێیانگوتین بریندار بوونە، کاتێک گەیشتینە ماڵەکە، بینیمان ھەردووکیان لەسەر ئەو کورسیانە کوژرابوون کە لەسەری دانیشتبوون، چایەکانیشیان ھەر لە بەردەم بوو". 
گوتیشی: "زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا تێپەڕیوە کەچی بکوژ ھێشتا دەستگیر نەکراوە، بۆیە ئەوانیش بەشێوەی عەشایەری تۆڵەی خۆیان کردەوە".

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 17845جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad