English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
كچه‌ كوردێك بچووكترین په‌رله‌مانتاری توركیایه‌
2018-07-03 [05:21 AM]

ZNA-هه‌ولێر


دێرسیم داغ، کچە کوردێکی تەمەن ٢٢ ساڵانە و بە سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردنەکەی رۆژی ٢٤/٦/٢٠١٨ـی تورکیا، بووەتە بچووکترین پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە لە مێژووی نوێیدا.

دێرسیم کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" بوو لە شاری دیاربەکر و بانگەشەی ئەوەی دەکرد نوێنەرایەتی کچان و گەنجان دەکات لە پەرلەمانی تورکیادا.

دێرسیم لە یەکێک لە شارۆچکەکانی سەر بە دیاربەکر ساڵی ١٩٩٦ لە دایک و باوکێکی کورد لە دایکبووەو یەکێکە لە ١٢ منداڵەکەی ئەو خێزانە کوردە ھەژارە کە بۆ ژیان پشتیان بە باوکیان بەستووە. باوکی دێرسیم جووتیارە و دایکیشی ژنی ماڵەوەیە.

ئەو کچە کوردە دەڵێت: "ساڵی ١٩٩٦ لە شارۆچکەکەمان کۆچمانکرد. وەک ھەر خێزانێکی سیاسی کورد لە ناوچەکەدا، ئەوکاتە تەمەنم تەنھا ٥ مانگ بووە کاتێک خێزانەکەمان چوونەتە گەڕەکێکی میللی لە ناوچەی ئاسنلەر لە شاری ئیستانبوڵ و لەوێش لە سفرەوە دەستمان بە ژیان کردووەتەوە".

دێرسیم گوتوویەتی: "منداڵیی من پر بوو لە سەختی، ھاوڕێم نەبوو زمانی کوردی بزانن، بەڵام ژیانم باشتر بوو دوای ئەوەی چەند ساڵێک چوومە قوتابخانە".

دێرسیم خەون و خولیای ئەوە بووە ببێتە پزیشکی دەروونی یان رۆژنامەنووس، بەڵام دواجار تێکەڵی کاری سیاسی بووەو لەو کاتەی لە قۆناغی ئامادەیی بووە بڕیاریداوە ئەدەب و زمانی کوردی بخوینێ کە لە منداڵییەوە لێی بێبەش بووە. لە کاتێکدا ئەوە سادەترین مافی مرۆڤە لە سەرجەم کۆمەڵگاکاندا کە بەزمانی دایک بخوێنیت.

دێرسیم مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی مێردین تەواو کرد و پاش چەند ھەفتەیەکی کەمیش توانی یەکێک لە کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

ئەو کچە کورد کەوتووەتە ژێر کاریگەری ھەدەپە کە خۆیان تەنھا وەک دەنگی کورد ئەژمار ناکەن و خۆیان بە "نوێنەری سەرجەم چەوساوەکانی تورکیا" دەزانن.

لەوبارەیەوە دەڵێت: "ھەستەکەم لەناو ھەدەپەدا لە دایکبووم، خێزانەکەم سیاسین، من لە نەوەدەکان لە دایکبووم و گەورە بووم، ئەوەش ماوەی راگواستن و ئاوارەبوون و سووتاندنی گوندەکانی کورد و دەستگیرکردنی سیاسییەکان بوو، ساڵانێکی سەخت و پڕ چەرمەسەریی بوو بۆ خێزانەکەمان و گەلەکەمان کە داوای مافەکانیان لە دەوڵەتی تورکیا دەکەن".

دێرسیم ناترسێت لەناو ھەدەپەدا چارەنووسی وەک پەرلەمانتارانی پێش خۆی لێبێت کە ئێستا بەشێکیان لە زینداندان و دەڵێت: "لە ھیچ رێوشوێن و سزایەک ناترسم وەک نوێنەرێکی کورد رووبەڕووم ببێتەوە، ھەموو ئەو کارانەی دەیکەم بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری و یەکسانییە بۆ ھەموو ھاووڵاتیانی تورکیا.

دێرسیم ھیواخوازە سەرجەم ئافرەتانی جیھان و بەتایبەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەوڵ بدەن بگەنە ناوەندەکان بڕیار و سازش لەسەر مافەکانیان نەکەن و لێنەگەڕێن کەسێکی دیکە لە جێگەی ئەوان و منداڵەکانیان بڕیاربدات".





ئەم هەواڵە 3226جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad