English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەشێک لە داهاتی نەوت بۆ لۆبی کوردی
2018-07-07 [01:23 AM]

نووسینی: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا


نەوت لێرەدا بە مانای داھات بەکارھێندراوە، بەو پێیەی ھەرێمی کوردستان جگە لە داھاتی نەوت ھیچی دیکەی نییە، واتە بەھۆی داھاتی نەوتەوە دەژیەت، دیارە نەوتیش وەک یەکەیەکی بەھێزبوونی ئابووریی وڵات، رۆڵێکی گەورەی ھەیە لە دروستکردنی پاڵپشتیی جیھانی، لە رێگەی لۆبی دروستکردنەوە، ھەرچەندی دەوڵەمەند بیت، ھێندەی دیکە دەتوانیت کار بکەیت بۆ تێگەیاندنی دونیای دەرەوە، سەبارەت بە کێشەکانی کورد لە ناوچەکەدا، ھەڵبەت ئەمەش پارەی دەوێت. 

 

نەوت وەکچۆن رۆڵێکی گرنگی ھەیە بۆ ژیانکردنی کۆمەڵگە و بژێوی خەڵک و گەشەسەندنی کۆی سێکتەرە خزمەتگوزاریی و ئیدارییەکانی وڵات، لە رەھەندێکی دیکەوە، رۆڵێکی گەورەشی دەبێت بۆ دروستکردنی لۆبی کوردی لە وڵاتانی زلھێزی بڕیار بەدەست، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە کێشەی کوردەوە ھەیە، یان ئاشنایەتییان لەگەڵ کورددا وەک نەتەوەیەکی ستەمدیدە ھەیە، دروستکردنی لۆبیش پارەیەکی زۆری دەوێت، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە پارە تێیاندا قیمەتی کەمترە بە بەراورد بە ھەرێمی کوردستان، چونکە ژیانی ئەوان جیاوازی ھەیە و زۆرترین پارە دەخرێتە بازاڕەکانەوە و دەستیکار زۆرە، بەوپێیەی وڵاتگەلێکی بەھێزن لەڕووی ئابوورییەوە، بۆیە دەکرێت لە پێناوی پێشخستنی پرسی کورد لە وڵاتان و دروستکردنی رایگشتی لە بەرژەوەندی کورد، ھەرێمی کوردستان بەشێک لەو داھاتە نەوتییەی لە بواری دروستکردنی لۆبیدا بەگەڕبخات، بەو مەرجەی گەندەڵی تێدا نەکرێت و خەڵکانێک ئەو پرسە قۆرخ نەکەن، ھاوشێوەی زۆر شتی دیکە، ئاخر لۆبییەکی بەھێزی کوردی، کاریگەرییەکی زۆری بەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان دەبێت، وەکچۆن لۆبی ئیسرائیلی، کاریگەری بەسەر رایگشتی ئەمەریکادا ھەبووە و بەشێکی زۆری ھۆکاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکاش لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم، بۆ بەھێزی لۆبی ئیسرائیلی دەگەڕێتەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، بەپێچەوانەوە لە پرسی ریفراندۆمدا دەرکەوت کورد لۆبی نییە، کەمترین کەس پشتگیری ریفراندۆمی کرد، بەپێچەوانەوە زۆرینە لەگەڵ دواخستنی بوون، ئەمەش وەک ئاماژەیەک کە کورد لۆبی نییە و لە ئەگەری بوونی لۆبیشدا ئازارەکانی گەلی کورد ھێندە نەدەبوون کە بە ھۆی ئۆکتۆبەرەوە بەر جەستەی گەلێک کەوت. 

 

دروستکردنی لۆبی زەحمەتە، لە ھەمانکاتیشدا ئاسانە، چونکە بە پارە دەکرێت، دەی سەیری ھاوکێشەکە دەکەین، ئێمە نەوتمان ھەیە و خاوەنی داھاتی خۆمانین، تەنانەت ئەگەر کەمیش بێت، بەڵام ھەمانە، کەوایە گرنگە و دەکرێ لە داھاتی نەوتدا بەشێک بۆ دروستکردنی لۆبی بەکاربێنین، ئەوەیە ئاسانەکە، راستە کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی دەبێت، بەڵام لە سیاسەتدا دەوڵەت وەک دامەزراوە گرنگترە لە بەشێکی کۆمەڵگە، چونکە دەوڵەت خۆی ھی کۆمەڵگەیە و کۆمەڵگەش ھی دەوڵەت، واتە نە دەوڵەت بەبێ گەل و نە گەلیش بەبێ دەوڵەت دەتوانن درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن، ئەگەر کورد دەوڵەتی دەبوو، ئەوکات حەشد جورئەتی ھێرشکردنە سەر کوردی نەبوو، بەڵام ئەوە دەردی بێ دەوڵەتییە. کەوایە ھەرچەندی پارەی نەوت بۆ لۆبییەکی راستەقینە بڕوات، ھێشتا کەمە، ئاخر دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە جوڵەیەکی تازەی دیپلۆماسی ھەیە و دەکرێ لە رێگەی لۆبییەوە رایگشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دیاریکراوی ئەمەریکا و بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا بە بەرژەوەندی کورد ئاڕاستە بکرێت، ئەمەش تەنێ پارەی دەوێت، چونکی سیاسەت ئێستا وەک بزنسیشی لێھاتووە، تۆ پارە مەدە، کەس ئامادە نییە پشتگیریت بکات، ئەگەر دەمچەورکردن نەبێت، کابرایەکی بەریتانیایی، یان ئەمەریکایی لە پەرلەمان و کۆنگرێس، پشتگیری لە پرسی کورد ناکەن، ئێ تۆی کوردیش لە قۆناغی ئێستادا کە چل ملیۆن کەسی، پێویستت بەوە ھەیە بەرگریت لێبکرێت و شتێک بە شتێک بکەیت، ناکرێ تا سەر بەو حاڵە شڕەوە بمێنیتەوە و ھەر رۆژەی پارچەیەکی جەستەی نیشتمانت بکەوێتە ژێر تانکی وڵاتێکی داگیرکەری دراوسێوە، تەنێ لەبەر ئەوەی کوردیت و خاکت بەسەریاندا دابەشکراوە، ھەر بۆیە پێویستە پارە خەرج بکەیت، رۆژی تا ئێوارە بڵێ، مافی دەوڵەتم ھەیە و گەلێکی ستەمدیدە و ئەنفالکراوم و ھەڵەبجەم بەسەر ھاتووە، ئەمانە ھیچ سوودییان نییە، دونیای ئێستا بەرژەوەندی دراوە، ململانێیە لەسەر پارە، بۆ ئەوەی پشتگیریت بکرێت وەک نەتەوە، بۆ ئەوەی ھەڵەبجە و ئەنفالت باس بکرێت، بۆ ئەوەی بەرگری لە نەتەوە و مافەکانت بکرێت، پێویستە پارە خەرج بکەیت، ئەگینا سوودی نییە و دۆخی ئێستات بەردەوامی دەبێت و رەنگە ئازاردانی گەلی کورد زیاتریش ببێت لە سایەی ئەو دەوڵەتە داگیرکارانەی ناوچەیی کە جگە لە خۆیان ئامادە نین چاویان کەسی دیکە ببینێت.

 

بۆ ئەوەی تۆش ھەبیت و بچیتە ناو چاویانەوە، بۆ ئەوەی سنوور و سەروەرییت پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی وەک کورد مامەڵەت لە تەکدا بکەن، دەبێ بەشێکی پارەی نەوت، یان ھەر خودی نەوتەکە بدەیتە ئەوانەی دەتوانن بەرگریت لێبکەن، لە کاتی بوون بە دەوڵەتیشدا، دەتوانیت قەرەبووی ھەموو شت بکەیتەوە، ئەمە ھاوکێشەی سیاسییە و ئەنجامەکانی روونن. 

 

لە پرسی ریفراندۆمدا دەرکەوت کە دونیا چاوی نییە و گوێی نییە، ئاخر بەڕێز بارزانی ئەوکات زۆری ھاوار کرد کە کورد گەلێکە ستەمی دیوە و پێویستە بە دروستکردنی دەوڵەت لە مەترسییەکان پارێزراو بێت، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێیان نەگرت، چونکە ئێمە لۆبیمان نەبوو، پاڵپشتیمان لەناو کۆنگرێس و ئیدارەی ترەمپدا نەبوو، بەریتانیامان فەرامۆشکرد و بە تەنیا پشتمان بە ئازارەکانی گەل بەست، بەڵام ئەوان گوێیان بە ھیچ ئازارێکی کورد نەدا و لە سایەی بێدەنگیاندا دووچاری ئازارێکی دیکەش ھاتین، بەڵێ، دەرکەوت لۆبیمان ھەبایە، ئازارەکانمانی گەورەتر و مافەکانیشمانی زیاتر نیشاندەدا، لۆبیش بە پارە و ماندووبوون و دڵسۆزی دروستدەکرێت، دەی کەوایە ھێشتا درەنگ نییە و دەتوانین ئیش بۆ دروستکردنی لۆبییەکی راستەقینە بکەین، مادام نەوت و پارە ھەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش سیاسییەکانی وەک بزنس مامەڵە دەکەن، چەندی پارەی زیاتریان بدەیتێ، زیاتر پاڵپشتیت لێدەکەن.





ئەم هەواڵە 1090جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad