English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
رووداوەکەی ماجدی لاند بە سولحی عەشائیری چارەسەر کرا
2018-07-09 [11:40 AM]

ZNA- ھەولێر



ئەو رووداوەی شەوی ٢٣/٥/٢٠١٨ لە شاری یاریی ماجدی لاند لە ھەولێر روویدا و بووە ھۆی مردنی سێ کەس بە ناوەکانی زانا، شیفا و سیما، لەگەڵ برینداربوونی دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی ئاڵا و کانی، بە سوڵح کۆتایی ھات و دۆسیەکەی لە دادگا داخرا، بەپێی زانیارییەکانیش سوڵحەکە بە ٧٠٠ ھەزار دۆلار کراوە.

رووداوەکە بەھۆی کەوتنی کرێنێک بوو بەسەر یەکێک لە یارییەکاندا کە قوربانییەکانی لەسەر بوو، لەسەر ئەو رووداوە چوار کەس دەستگیرکران کە دوویان شوفێری کرێنەکە بوون، ھەروەھا محەممەد عەلی جەعفەر کە ئەندازیاری میکانیکی شاری یاریی ماجدی لاند بوو.

 پارێزەری محەممەد جەعفەر  گوتی : "محەممەد شەوی رووداوەکە لەوێ نەبووە، بەڵام تۆمەتبار کرابوو، لە کاتێکدا ئەو تەنیا بەرپرسی میکانیکی بوو، ھیچ کێشەیەکیش لەبواری میکانیکیی ئەو یارییەدا نەبوو، بۆیە محەممەد بەبێ تاوان دەستگیرکرابوو".

ئەو پارێزەرە پێشتراستی کردەوە کە کێشەکە لە رێگەی سوڵحەوە چارەسەر کراوە و گوتی "کەسوکاری قوربانییەکان لەدادگا تەنازولیان کرد، بۆیە ئەوانەی لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرکرابوون، بە کەفالەتی ١٥ ملیۆن دینار بۆ ھەر یەکێکیان ئازادکران".

سەبارەت بەداخستنی کەیسەکەش، ئەو پارێزەرە گوتی: "ھەموو شتێک تەواو بووە، ئێستا چاوەڕوانی تەواوبوونی وەفاتنامە و قەسام شەرعی سێ قوربانییەکە دەکەین تاوەکو کەیسەکە بەیەکجاری دابخرێت".

سەبارەت بە مافی گشتی لە دۆسیەکەدا، ئەو پارێزەرە گوتی: "رەنگە بەھۆی لێبووردنی گشتی، مافی گشتی لە دۆسیەکەدا نەمێنێ، چونکە یاسای لێبوردنی گشتی دەڵێت ئەگەر دادخواز تەنازولی کرد حکومەتیش لە مافی خۆی خۆشدەبێت".

ھەروەھا دەشتی نوورەدین عەبدوڵڵا، پارێزەری کۆمپانیای ماجدی لاند، لەبارەی سوڵحی ئەو رووداوە، گوتی "لایەنی بەرامبەر لە مافی کەسێتی خۆیان خۆشبوون، ئەوان تەنازولیان کرد کە ھیچ سکاڵایان نییە و رووداوەکە قەزا و قەدەر بووە".

سەبارەت بە بڕی پارەی سوڵحەکە، دەشتی نوورەدین گوتی "سوڵح کراوە، بەڵام بۆ بڕی پارەی سوڵحەکە ئاگادار نیم چونکە لەپەڕاو باس ناکرێ، سکاڵاکە سکاڵای یاساییە. لە دادگا تەنیا باس لەوە دەکرێ کە ئایا سکاڵایان ھەیە یان نا،  زانیاریم لەسەر گوژمەی پارەکە نییە، تەنیا دەزانم بەڵێ پارە وەرگیراوە، بەڵام لەسەر داوای ھەردوولا بڕی پارەکە ئاشکرا ناکرێ". 

مەلا تاھیر مەلا عەبدوڵڵا، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی بەحرکە کە سوڵحەکە لە دیوەخانەکەی ئەو کراوە،  گوتی :"ھەموومان دەزانین رووداوەکە بەئەنقەست نەبووە و قەزاو قەدەر بووە، بۆیە داوامان لەو بنەماڵە بەڕێزە کرد کە پێویست ناکات بەچاوی رق تەماشای ئەو بەڕێزانە بکەن و کاریان رابگیرێ، ئەو بنەماڵەیەش رازی بوون کە لێیان خۆش ببن و داواکەیان لە دادگا بکشێننەوە بەبێ ھیچ داواکاری و بەرامبەرێک".

سەبارەت بە چۆنیەتی سوڵحەکەش گوتی: "حاجی ئەحمەد ماجدی، خاوەنی کۆمپانیای ماجدی لاند لەگەڵ چەند کەسایەتی و مامۆستایەکی ئاینی ھاتنە لامان، ئێمەش قسەمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان کرد کە رووداوەکە بە ئەنقەست نەبووە، ئەوانیش رازی بوون لێیان خۆش ببن و بە فەرمی مۆریان کرد کە ھیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆمپانیاکە و تۆمەتبارەکاندا نییە".

سەبارەت بە بڕی پارەی سوڵحەکە، مەلا تاھیر گوتی: "بەھیچ جۆرێک سوڵح لەسەر پارە نەکراوە، ماڵی  قوربانی داوای ھیچیان نەکرد، بەڵام حاجی ئەحمەد وەک دیارییەک خۆی حەزی کرد بڕێک پارە کە لە ئوسوڵدایە بیانداتێ، گوژمەکەی ناتوانم بڵێم چەند بووە".

سێ قسە لەبارەی بڕی پارەکە دەکرێ، سەرچاوەیەک کە ئاگاداری سوڵحەکە بووە، گوتی "ھەندێک دەڵێن یەک ملیۆن دۆلار بووە، ھەندێکی دیکە دەڵێن ٩٠٠ ھەزار دۆلار بووە، لە دادگاش پێیانگوتم ٥٩٠ ھەزار دۆلار بووە، بەڵام زانیاریم ھەیە سوڵحەکە بە ٧٠٠ ھەزار دۆلار کراوە". بەڵام مەلا تاھیر گوتی: "پارەکە بڕێکی ئوسوڵی بووە و لە ٥٠٠ ھەزار دۆلار زیاتر بوو، بەڵام نەگەیشتووەتە یەک ملیۆن دۆلار".


سەرچاوە \ رووداو
 





ئەم هەواڵە 12703جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad