English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دیندار زێباری: چەند لیژنەی لاوەکی و ھۆبەی لێکۆڵینەوە و دادوەری تایبەت دانراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ
2018-07-10 [10:55 AM]

ZNA- هەولێر


 

لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتێکی لەژێر ناوی "بازرگانی کردن بە مرۆڤ" بۆ ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکردەوە. ئەم راپۆرتە جەختی خستووەتە سەر بابەتی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە سەرانسەری جیھان، ھەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو شوێنانەی لەم راپۆرتەدا باسی لەسەر کراوە. لەم راپۆرتەدا چەندین تۆمەت دراوەتە پاڵ حکومەتی ھەرێم بەوەی کەمتەرخەمە بەرامبەر بە ژیانی مرۆڤەکان، یاسایەکینییە و پەیڕەوی ھیچ یاسایەک ناکات بۆ رێگری کردن لە بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە، بەدواداچوون لێپێچینەوە بۆ ھیچ تاوانێک یان دەستدرێژیەک ناکات ئەگەر قوربانییەکە پێداگر نەبێت و سکاڵا تۆمار نەکات، ژیانی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێم لە ژێڕ ھەڕەشەی ئەوەدایە کە بازرگانیان پێوە بکرێت،لەشفرۆشیان پێبکرێت و منداڵەکانیان ناچار بە سواڵکردن بکرێن، مافی کرێکارانی بیانی پارێزراو نییە، حکومەتی ھەرێم وەک پێویست خزمەتی ئەو کەسانەی نەکردووە بونەتە قوربانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ،بگرە ھێزەکانی ئاسایش و بەرپرسانی ھەندێک لە کەمپەکان خۆیان ھاوکارن بۆ ئەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە بکرێت و .. ھتد.

 

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێم رایگەیاند "حکومەتی ھەرێم ئەو راپۆرتانەی کە لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەردەچن سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان بە ھەند وەردەگرێت بەتایبەتی ئەگەر ناوەڕۆکی راپۆرتەکان بابەتی بن و ببنە ھۆکاری بەدواداچوونی ورد بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان، لە ھەمان کاتدا روونکردنەوە و وەڵامی پێویستمان ھەبووە و دەبێت بۆ ئەو تۆمەت، رەخنە، گلەیی و تێبینیانەی ئاراستەی ھەرێم دەکرێن و بەدواداچوونی تەواو بۆ بابەتەکان دەکەین، بەڵام ھەندێک لەو تۆمەتانە ئاراستەی حکومەت دەکرێن بێ بنەمان و ھیچ سەرچاوە و بەڵگەیەکی ئەوتۆ نییە بۆ پشتڕاست کردنەوەی تۆمەتەکان. لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە حکومەتی ھەرێم یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ جێبەجێ ناکات، ئەمە لە کاتێکدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە ھەرێم یاسای ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩، سزاکانی عێراقی جێبەجێ دەکرێت و لە عێراقدا بەپێی یاسای بازرگانی کردن بە مرۆڤ ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠١٢ کاری پێ دەکرێت و ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە بکەن بەپێی یاسا لێکۆلینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێن". لە لایەکی ترەوە ئەو ئافرەت و منداڵانەی کە  مەترسییان لەسەرە بەتایبەتی لەرووی توندوتیژی سێکسی و جێندرەی لە کەمپەکاندا بۆ ھەڵسەنگاندنی کەیسەکانیان و چاودێری کردنیان و پێدانی خزمەتگوزاری رێکخراوە تایبەتمەندەکان ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە ناو سەنتەری وەرگرتن لە کەمپەکان پاش حەواڵەکردنی کەیسەکان.

 

لەلایەکی ترەوە بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە (٩٣٨٦ لە ٣١/٥/٢٠١٦) لیژنەی لاوەکی پێکھێنراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە پارێزگاکانی (ھەولێر، دھۆک، سلێمانی). ھەروەھا بڕیاردراوە لەسەر دانانی دادوەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە نووسراوی ئەنجومەنی دادوەری ژمارە (١٧٤٨ لە ١٥/١٢/٢٠١٦)، بەپێی ئەو فەرمانە وەزارەتی ناوخۆ ھۆبەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ پێکھێناوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە کەمتەرخەمی حکومەت بۆ ھاوکاری و دابین کردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو کەسانەی رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە دیندار زێباری گوتی" دەشێت زۆری ژمارەی ئاوارە و پەنابەران، خراپی رەوشی ئابووری و بەردەوامی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا نەبوونی ھاوکاری دەرەکی ھۆکار بووبێت بۆ ئەوەی نەتوانین وەک پێویست خزمەتی قوربانیانی توندوتیژی و ئەوکەسانە بکرێت بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە حکومەتی ھەرێم کاری جددی نەکردووە بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤ و رێگریکردن لە بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە. سەبارەت بە رەوشی ئافرەتان لە کەمپەکانی ئاوارەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنەپەیوەندیدارەکان چەند ھەنگاوێکمان ناوە لەوانە لە ڕێگای پرۆتۆکۆلی بڕیاری (١٣٢٥) رووبەرووی ئەو توندوتیژیانە دەبینەوە کە لە کەمپی ئاوارەکان بەرامبەر بە ئافرەتان ئەنجامدەدرێن لێرەدا وەزارەتی ناوخۆ لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ھەموو کەمپەکاندا بنکەیەکیان دامەزراندووە، بەڵام بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین مۆبایل تیمیان دامەزاندووە کە بەردەوام لە کارکردن و بەدواداچووندان، ھەروەھا چەند سەنتەرێکی تایبەتمەند بە پرسەکانی ئافرەتان لە ھەندێک کەمپ بە ھاوبەشی رێکخراوەکان و حکومەتدا دامەزراون".

 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە رێکاری ھێنانی کرێکاری بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان گوتی "بەپێی ڕێنمایی ژمارە ٢ی ساڵی٢٠١٥ کە لەلایەن وەزارەتی کار دەرچووە، ھەر کۆمپانیایەک کرێکاری بیانی بھێنێت و کاری بۆ دابین بکات کۆمەڵێک پابەندبوونی لەسەرە دەبێت بۆ ھەڵسوکەوت کردن لەگەڵ کرێکار پەیڕەویان بکات، ھەر کۆمپانیایەک پێشێلکاری لە ڕێنماییەکان بکات ئەوا لەلایەن لیژنەی بە دواداچونی کێشەی کرێکاری بیانی کە لە ھەموو پارێزگاکان ھەیە و دوو لیژنەی باڵاش لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھەیە بەدواداچوون دەکرێ و بەپێی یاسا لێپرسینەوە دەکرێت بۆ ئەم مەبەستەش تا ئێستا چەندین کۆمپانیا کاریان ڕاگیراوە یاخود خراونە لیستی رەشەوە لەسەر پێشێل کردنی مافی کرێکاران".

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مرۆڤ تێبینی و سەرنجیان ھەبووە دەربارەی مامەڵەکردنی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم بەرامبەر بە ئاوارە و پەنابەران بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و رێکخستنی کەمپەکانەوە، ھەروەھا ھاوکاری کردنی باندەکانی بازرگانی بە مرۆڤ بۆ دەستراگەشتن بە کەمپی ئاوارە و پەنابەران. زێباری رایگەیاند ناکرێت تۆمەتی لەم شێوەیە بدرێتە پاڵ ھێزەکانی ئاسایشی حکومەتی ھەرێم ئەگەر ھیچ بەڵگەیەکیان نەبێت چوونکە لە رابردوودا تۆمەتی ھاوشێوە دراوەتە پاڵ ھێزەکانی ئاسایش و پاش سەردانی کەمپەکان بۆمان دەرکەوتووە تۆمەتەکان گشتگیر بوون".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند "پاش بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە رێگای نێتوۆرکی تایبەتی حکومی دەستمان کردووە بە دواداچوون لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان پاشان لە راپۆرتێکی تێر و تەسەل روونکردنەوەی تەواو بڕو دەکەینەوە.





ئەم هەواڵە 1432جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad