English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی: کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندا سەرکەوتوو بوو
2018-07-10 [02:01 AM]

ZNA- ھەولێر 




 
 دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز مارک ڕۆتە سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و سەردانیان بۆ تورکیا و ھۆکاری دواخستنی سەردانیان بۆ بەلجیکا کرد. 

سەرەتا بەڕێزیان باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی کرد و گوتی: "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندا باش بوو، لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی ھۆڵەندامان کرد بۆ ئەو ھەموو ھاوکارییانەی کە کردوویەتی لە شەڕی دژی داعشدا و ھەروەھا ئەو ھاوکارییانەی کە بۆ پێشمەرگە کردوویەتی، سوپاسیشمان کردن بۆ ڕۆڵیان لە یارمەتیدانی ئەوانەی کە لە سووریا و شوێنەکانی دیکەی عێراقەوە ئاوارە و پەنابەر بوون لە ھەرێمی کوردستان، جەختیشمان لەسەر ئەوە کردەوە کە لە داھاتوودا پەیوەندییەکانی نێوانمان لە ھەموو ڕوویەکەوە پەرەی پێبدەین بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە. بە شێوەیەکی گشتی کۆبوونەوەیەکی باش بوو". ھەر لە باسکردنی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە

 بەڕێزیان ئاشکرای کرد "ئەمە یەکەم جارمە دێم بۆ بینینی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندا، پێموایە کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکە کە سەرەتایەک دەبێت بۆ ھاوکاریی زیاتری دوولایەنەی نێوان ھەرێمی کوردستان و ھۆڵەندا و عێراق بە شێوەیەکی گشتی". 

دواتر لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پرۆگرامی ھۆڵەندا بۆ ئاوەندانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕی دژی داعش، بەڕێزیان ڕایگەیاند "ئەوان پرۆگرامی خۆیان ھەیە و ڕێکخراوەکانی ھۆڵەندی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کاری زۆر ئەنجام دەدەن و خەریکن بەرنامەی خۆیان جێبەجێ دەکەن
سەبارەت بە سەردانیان بۆ تورکیا، بەڕێزیان گوتی "سەردانمان بۆ تورکیا باش بوو، سەردانی ئێمە بۆ تورکیا زیاتر بۆ بەشداری بوو لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا و ھەر لەو ڕێوڕەسمەدا دەرفەت ھەبوو کە قسەی لەگەڵ بکەین، ئێمە پێمانوایە سەردانمان بۆ تورکیا سەرەتایەکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا، دوای ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو ئەمە یەکەم جارە بە شێوەیەکی فەرمی سەردانی تورکیا بکەم و بە بڕوای من سەردانەکە زۆر باش بوو و بە باشییش بەڕێوەچوو"


 سەبارەت بە سەردانی بۆ وڵاتی بەلجیکا کە بڕیار بوو دوێنێ دووشەممە ٩/٧/٢٠١٨ ئەنجامی بدات، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشکرای کرد "سەردانمان بۆ بەلجیکا بەھۆی سەردانی تورکیاوە دواکەوت کە لە ھەمان کاتدا بوو، بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگ بوو بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی بەڕێز سەرکۆماری تورکیا بکەین و پێموایە لەلایەن برۆکسلیشەوە تێگەیشتن بۆ ئەمە ھەیە. جارێکی دیکە لەگەڵ نووسینگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بروکسل دەست بە پەیوەندی دەکەین بزانین کەی دەتوانین ئەم دیدارە ڕێکبخەین و جارێکی دیکە بێینە بەلجیکا".


ی.ا
 





ئەم هەواڵە 5173جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad