English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بووکێک خەسووەکەی خۆی دەخنکێنێ
2018-07-17 [05:42 AM]

ZNA-هه‌ولێر


سەرتیپ برزۆ و (ئا.ف)ی تەمەن ٣٢ ساڵ ھیچ خزمایەتییەک لەنێوانیاندا نییە، کەمتر لە ساڵێکە ھاوسەرگیرییان کردووە و لە چەمچەماڵ دەژین. 

بەرەبەیانی رۆژی ٧/٧/٢٠١٨ دایکە ٨٠ ساڵانەکەی سەرتیپ بە دەستی (ئا)ی ھاوژینی خنکێنرا.

سەرتیپ نزیکەی سێ مانگ بوو دایکە ٨٠ ساڵانەکەی ھێنابووە لای خۆی و لەگەڵ ھاوژینەکەی ھەرسێکیان بەیەکەوە لە ماڵێکدا دەژیان، بەڵام سەرتیپ ئێستا بەتەنیایە، نە دایکی و نە ھاوژینەکەی لەگەڵدا نییە، یەکێکیان لە گۆڕستانە و ئەوی دیکەیان لە زیندان.

سەرتیپ دەڵێت: "کەمتر لە ساڵێکە لەگەڵ (ئا) ھاوسەرگیریمان کردووە، جگە لە وردە کێشە کە ھەموو خێزانێک جار جارە دەیانبێت، ھیچ کێشەیەکمان نەبوو. دایکیشم پێشتر لەلای خوشکە گەورەکەم بوو، نزیکەی ٣ مانگ بوو ھێنابوومە لای خۆمان، لە ماوەی ئەو سێ مانگەشدا ھیچ کێشەیەک لەنێوان دایکم و ھاوژینەکەم رووینەداوە، بۆیە ئەو تاوانەی کە ھاوژینەکەم کردوویەتی ھەموومانی تووشی سەرسوڕمان کرد".

پێش رووداوەکە، سەرتیپ دەچێتە تاران و لەکاتی رووداوەکە لە ماڵەوە نابێت، ئەو دەڵێت "نزیکەی ھەفتەیەک بوو بۆ نەخۆشی چوبوومە تاران، لەو ماوەیەشدا بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ ماڵەوە ھەبوو، ھیچ کێشەیەک لەنێوان دایکم و ھاوژینەکەمدا نەبوو، تەنانەت شەوی رووداوەکەش نامەگۆڕینەوە لەنێوان من و ھاوژینەکەمدا ھەبوو، ھەستم بە ھیچ شتێکی نامۆ لە قسەکانیدا نەکرد، تەنیا پێیگوتم بێتاقەتم و حەزدەکەم زوو بگەڕێیتەوە، بەڵام دواتر بە لەچکەکەی خۆی، دایکمی خنکاندووە".

سەرتیپ باسی چۆنیەتی ئاشکرابوونی تاوانەکە دەکات و دەڵێت: "بەیانی خوشکە گەورەکەم چووبوو سەردانی دایکم بکات، زۆر لە دەرگای دابوو ئینجا ھاوژینەکەم لێی کردبووەوە، یەکسەر بە خوشکەکەمی گوتبوو کارێکی ھەڵەم کردووە و پەشیمانم، دواتر دەچێتە ماڵی باوکی، ئەوانیش رادەستی پۆلیسی دەکەن".

ئەو ژنە دوای خنکاندنی خەسووی، دووبارە خەوتووەتەوە، چونکە سەرتیپ دەڵێت: "بەیانییەکەی کە دەرگای لە خوشکە گەورەکەم کردووەتەوە، خەواڵوو بووە و ھێشتا چاوی بەخەو بووە. بۆیە زۆر بێباکانە تاوانەکەی کردووە".

دوای ئاگادارکردنەوەی لە رووداوەکە، ھەر ئەو رۆژە سەرتیپ لە تارانەوە دەگەڕێتەوە و لە دژی ھاوژینەکەی سکاڵای تۆمار کردووە، ئەو لەبارەی ھەڵوێستی کەسوکاری ھاوژینەکەشی دەڵێت: "ئێمە چاوەڕوانی یاساین، کەسوکاری ھاوژینەکەشم ھیچ ھەڵوێستێکیان نییە و دەڵێن ئێمە ملکەچی یاساین، پێشیانوایە کە تاوانی کردووە و تەنانەت خۆشیان رادەستی پۆلیسیان کردووە".

ئەو ژنە لە دانپێدانانی خۆیدا گوتبووی سەرەتا بە دەست ھەوڵمدا بیخنکێنم، دواتر بە لەچکەکەی خنکاندم".

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ژنە خنکێنراوە وردتر باسی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "دایکی سەرتیپ پێشتر لەلای کچە گەورەکەی بوو، بەڵام نزیکەی ٣ مانگە ھاتووەتە لای کوڕەکەی، ئەو پیرەژنە قاچی تەواو نەبووە و پێویستی بە کەسێک بووە خزمەتی بکات، کچەکەی ماڵیان لە شۆڕشە و لە دەرەوەی چەمچەماڵە، چەند رۆژێک بوو سەردانی دایکی نەکردبوو، بەنیاز بووە تاوەکو نیوەڕۆ لەلای بمێنێتەوە و دواترش لەگەڵ ھاوژینەکەی بگەڕێتەوە شۆڕش".

وەک ئەو سەرچاوەیە باسی کرد، کچەکەی زۆر لە دەرگا دەدات و کەس نایکاتەوە، بۆیە شیشی ژێرەوەی دەرگاکە ھەڵدەبڕێ و دەچێتە ژوورەوە، لە دەرگای ژوورەوە لە پەنجەرەکە دەدات، تاوەکو براژنەکەی دێت و دەرگاکە دەکاتەوە. (ئا) یەکسەر دەڵێت ئیشێکی خراپم کردووە، کچەکەی خێرا بەرەو ژوورەوە رادەکات تاوەکو بزانێت چی کردووە، کە دەچێتە ژوورەوە دەبینێت دایکی مردووە.

بەختیار ئەحمەد کە پارێزەری کەیسی قوربانییەکەیە، گوت: "ئێستا تۆمەتبار لە دەستی یاسادایە، پەڕاوی بۆ کراوەتەوە بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، ھێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە".

لەبارەی ھەڵوێستی ھەردوو بنەماڵەش، بەختیار ئەحمەد گوتی: "کەسوکاری تۆمەتبارەکە ھیچ شتێکیان نییە جگە لەوەی پێ لەوەدەنێن کە ھەڵەیەک کراوە لەلایەن کچەکەی ئەوانەوە، ھەروەھا کەسوکاری کوژراوەکەش چاوەڕوانی دوا بڕیاری دادگا دەکەن".

 

رووداو





ئەم هەواڵە 4153جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad