English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عه‌بادی به‌ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌
2018-07-22 [05:35 AM]

ZNA- هه‌ولێر


پێدەچێت ئەمڕۆژانە حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر تەنھا بێت، لە کاتێکدا خۆپیشاندان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ داواکردنی گۆڕانکاریی و چاکسازی و نەھێشتنی گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک ئاو و کارەبا و کار خەریکە پێدەنێتە دووەم ھەفتە و درووشمەکانیش بە ئاراستەی داخوازی گەورەتر بەرزدەبنەوەو گرژی و بەریەککەوتنی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان و خۆپیشاندەران زیاتر بووەو قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکانیش زیاتر بوون.

جگە لەوەی لێرە و لەوێ چەند بەیاننامەیەکی سنووردار لەلایەن کوتلە و لایەن و کەسایەتییەکانەوە دەرکراوون، زۆرینەیان بەرامبەر ئەو رەوشە بێ دەنگییان ھەڵبژاردووەو ھەندێکیشیان ئەگەر ئەو رەوشە بە دەستی خۆیشیان نەخوڵقابێت بە دڵی ئەوانە.

چاودێرانی رەوشەکە تێبینی ئەوەیان کردووە، زۆرینەی حزب و ھێزە سیاسییەکان ھیچ بەیاننامە و ھەڵوێستێکیان بەرامبەر رەوشەکە نییە، بەتایبەتی کورد و سوننە نایانەوێت قسەیەکی وا لەسەر ئەو دۆخە بکەن کە بۆنی لایەنگیریی لێبێت یان وەک دەستوەردان لە خۆشکردنی ئاگرەکەی باشوور تەماشا بکرێن. ھەر چەندە ھەندێک وەک رەخنە لەو بێ دەنگییە دەڕوانن.

لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی ھێزە سیاسییەکانی شیعەیش جگە لە تویتەکانی سەدر کە داوای ھێورکردنەوەی دەکرد و پێشنیازی بۆ خۆپیشاندەران دەکرد لەگەڵیاندا بەشداریی خۆپیشاندانەکان بکات، لەو رەوشە ئاڵۆزەدا بێ دەنگییان ھەڵبژاردووەو کەس خۆی ناکات بە خاوەنی ئەو بارودۆخە خراپەی نزیکەی دوو ھەفتەیە دووچاری خەڵکی باشووری عێراق و ناوچەکانی دیکەی وڵات بووەتەوە.

ئەمڕۆژانە ھەڵوێستی عەبادیش زۆر ئاڵۆز بووە و بووەتە ھۆی درووستبوونی ناڕەزایەتی لە ریزەکانی حزبەکەیدا (حزبی دەعوە) و گلەیی زۆریان لە سیاسەتەکانی ناوبراو ھەیە. وەک ئەوەی سەرچاوەیەکی نزیکی حزبەکە بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەنی گوتووە".

ئەو سەرچاوەیە کە بەباشی زانیووە ناوی نەھێنرێ دەڵێت: "عەبادی ئەم رۆژانە لە دۆخێکدایە کەس ئیرەیی بە حاڵی نابات، بەتایبەتی لە قۆناغێکدا ئەو کێشانە بەرۆکیان گرتووە، ویلایەتەکەی کۆتایی ھاتووەو بارودۆخەکەیش بە ئاراستەی ئاڵۆزی و گرفتی زیاتردا دەڕوات".

ئەو سەرچاوەیە گومانی ھەیە عەبادی بتوانێت داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات، چونکە ئەوە ئەستەمە لەژێر چەتری حکوومەتێکدا کە وادەکەی کۆتاییھاتووە و دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە و پارەی پێویستی لەبەردەستدا نییە و بە چەندین مەرجی بانکی نێوەدەوڵەتی بەستراوەتەوە رووبدات".

ھەروەھا دەڵێت: "عەبادی ئەمڕۆ یەخسیری سندووقی نێودەوڵەتی دراوە و ئەوان سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و سیاسەتە کارگێڕی و دراییەکان دەکەن و (لەیس کوبە)ـ‌یان بۆ بەڕێوەبردنی دۆسێی دارایی راسپاردووە و ئێستا لە ئۆفیسەکەی خۆی لە ناوچەی سەوزی بەغدا کارەکانی رادەپەڕێنێت".

چاودێران دەڵێن: "نووری مالیکی ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەیش بێ ئەوەی رەچاوی باری لاری ھاوڕێکەی بکات، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەست لە پشتی خۆپیشاندەران و جووڵە ناڕازییەکە دەدات"، ئەوەش وەک بەشێکە لەو ململانێیەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کە پێناچێت نەسر و دەوڵەتی یاسا لەسەر مێزی کوتلە گەورەکە پێکەوە کۆببنەوە".

دوو رۆژ پێش ئیستا نووری مالیکی لە ریگەی تویتەرەوە نووسی: "گەنجە بەڕێزەکان سڵاوتان لێدەکەم و رێز لەو رۆحە نیشتمانییە بەرزەتان دەگرم کە چەکتان ھەڵگرت و بەرگرییتان لە عێراق کرد و سەرکەوتنتان بەسەر داعشدا بەدیھێنا، ئێوە ئەمڕۆ ترپەی دڵی عێراقن و سەرکردەی ئەو جووڵەن کە داوای خزمەتگوزاری و ژیانێکی شایستە و ئازاد دەکات".

ئەوە لە کاتێکدایە ئەو خۆپیشاندانانەی ئێستا بەرۆکی حکوومەتەکەی عەبادی گرتووە، زستانی ساڵی ٢٠١١ یەخەی بە نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراقیش گرت و بەوھۆیەوە دەیان خۆپیشاندەر دەستگیرکران و زۆر بەتوندی بەرەنگارییان بوویەوە و زۆرجاریش رێگەی بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان نەدا و بەو ھۆیەشەوە ناوبانگی سیاسی مالیکی زیانی زۆری بەرکەوت.

پێشبینی دەکرێت خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی فراوانتر بەرامبەر عەبادی خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، چونکە لە چەند رۆژی رابردوودا دەیان خۆپیشاندەر کوژراوون و سەدان خۆپیشاندەری دیکەش برینداربوون و دەستگیرکراوون.

ئەیاد عەنبەر، مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی کوفە پێیوایە: "عەبادی ئەمڕۆژانە ‌تەنھایە و گۆشەگیرکراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە حکوومەتەکەی ھێزێکی ئەوتۆی نەماوە و لە دوا رۆژەکانی تەمەنیدایە، ھەر بۆیە ھێزە سیاسییەکان ھیچ بەلایانەوە گرنگ نییە لەم دۆخەدا ھاوشانی بووەستنەوە، بەتایبەتی کە خۆپیشاندەران ھاتوونەتە سەر شەقامەکان و داوای مافە رەواکانی خۆیان دەکەن".

عەنبەر دەڵیت: "ئەو رێوشوێنە توندانەی ھێزە ئمنییەکان دژی خۆپیشاندەران گرتیانەبەر، ئەو ناوبانگەی عەبادی شێواند کە بەھۆی شەڕی دژی داعش بەدەستیھێنابوو، بێگوومان کاریگەری زۆریشی لەسەر چانسی وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەمی دەبێت کە ھێشتا دەخوازێت لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە".

ئەو مامۆستایە تیبینی کردووە، عەبادی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و سەرکردەکانی حەشد کۆبووەتەوە، بەڵام ھێشتا چاوی بە نوێنەرەکانی خۆپیشاندەران نەکەوتووە. ئەوەش وەک پەیامێکە بۆ گرووپە سیاسییەکان تا پێیان بڵێت لەو خرۆشانە جەماوەرییانە دەیانپارێزێت بە ئامانجی ئەوەی قۆناخی داھاتوو پاڵپشتی بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراقە پڕ کێشە و قەیرانەکە".





ئەم هەواڵە 6364جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad