English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چاوپێکەوتن لەگەڵ(مادلین ئۆلبرایت)‏
2018-07-22 [05:51 AM]

سازدانی: کریستۆف شویەرمان، وەرگێڕانی: ساسان عەونی


‏"ئەو گەشبینەم زۆر دڵەراوکێم هەیە"‏
وەزیرى دەرەوەى پێشووترى ئەمریکا (مادلین ئۆلبرایت) لە گریمانەى دیارکەوتنەوەى فاشیزمێکى نوێ لە جیهاندا هەست بە دڵەڕاوکێ ‏دەکات. بەڵام تا ئێستاش دڵنیایە لە بەهێزى دیموکراسی لیبرالى و دامەزراوەکانى.‏

ئەم بابەتە بەزمانی ئەڵمانی لە چاپی ژمارە (٢٨)ی رۆژی ٧/٧/٢٠١٨ (دێرشبیگل)ی ئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە و لە رۆژی ١١/٧/٢٠١٨ لە ‏چاپی ئینگلیزی (شبیگل ئۆنلاین) بڵاوکراوەتەوە‎.‎

گوتی ماوەیێکی درێژە لەکارکردن وەستاوم. ئەو لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا دەتوانێت تەماشای رابردویێکی پیشەییانەی سەرکەوتوو لە بواری ‏دیپلۆماسی و چەندین کتێبی چاپکراو و کۆمپانیایەکی گەشە کردووی راوێژکاری بکات. ‏
بەڵام (مادلین ئۆلبرایت) لەو جۆرە کەسانە نییە لە خانەنشین بوون وون ببێت. ئەو تا ئێستاش خانمە گەورەکەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە، ‏ئەو کارەی کە وەک نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەستی پێکرد و دواتریش لە سەردەمی سەرۆک  (بیل کلینتۆن) دا بووە وەزیری ‏دەرەوە.‏
ئۆلبرایت لە سەردەمی کارکردنیدا گرنگی بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پێشکەوتنی روسیای دوای داڕمانی یەکێی سۆڤیەت و بەرنامەی ئەتۆمی ‏کۆریای باکور دەدا، ئەو بابەتانەی کە تا ئێستاش ھەروا گرنگ ماون.‏
تا ئەمڕۆ چاودێرێکی بە سەلیقەی رووداوەکانی جیھانە و دیدگایێکی سەرتاپاگیری پەرەسەندنەکان و ئاراستەکانی ھەیە. ئەو بابەتە ھەرە ‏گرنگەی کە لە ئێستادا ئۆلبرایت پێیەوە سەرقاڵە (دۆناڵد ترمپ)ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە، کە زیانێکی گەورەی لە ‏پەیوەندیەکانی نێوان ئەتڵەسی داوە و سیستەمی سیاسی رۆژئاوای کردۆتە ئامانج، ئەو سیستەمە سیاسیەی کە ئۆلبرایت ھاوکاری ‏دروستکردنی بووە.‏
لە ناوەڕاستی تەمووزدا، ئۆلبرایت، دوا کتێبی بە زمانی ئەڵمانی چاپکرا کە ناونیشانەکەی (فاشیزم، ئاگادار کردنەوەیەک)یە.‏
لە نوسینگەی خۆی لە واشنتۆنی پایتەخت پێشوازی لە میوانان دەکات. لە گۆشەیەکی ئۆفیسەکەی بوکەڵەیەکی یاری ھەیە کە پڕ لە ‏شۆکۆلاتەیە و دیاری قوتابیەکانێتی لە زانکۆی جۆرج تاون.‏
ئۆلبرایت پەنجە بۆ وێنەیەکی چوارچێوەکراوی سەر دیوارەکەی بەردەمی درێژ دەکات کە لە لیستی ئەو ناوانە وەرگیراوە کە لەسەر (ئێس ئێس ‏ئەمریکا) سەفەریان کردووە. (ئێس ئێس ئەمریکا) ناوی ئەو کەشتیە بوو کە ئۆلبرایت لە دوای جەنگی جیھانی دووەم لە ئەوروپاوە بۆ ‏ئەمریکا سەفەری پێ کرد.‏
ئۆلبرایت: دەتوانی لێرە ناوم ببینی (ماری کۆربیلۆڤا) تەمەن ١١ ساڵ، کۆربیلۆڤا ناوی پێش شووکردنم بوو، لە رۆژی ١١ی نۆڤەمبەری ‏‏١٩٤٨ لەسەر پشتی (ئێس ئێس ئەمریکا) لەگەڵ ھەر سێ خوشک و دایک و باوکم ھاتین بۆ ئەمریکا. لە تەنیشت وێنەی سەرنشینانی ‏کەشتیەکە کە ناوی منی تێدایە، دەتوانی ئەو دەسەڵات پێدانەم ببینی کە سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا (بیل کلینتۆن) پێی بەخشیبووم، ‏لەگەڵ میدالیای ئازادی کە سەرۆکی پێشوو (باراک ئۆباما) پێشکەشی کردووم، ئەمەیە چیرۆکی ژیانم.‏
دێرشبیگل: تۆ لە (پراگ) لە دایک بوویت، لەکاتی جەنگی جیھانی دووەم لە دەستی نازیەکان بەرەو (لەندەن) ھەڵھاتیت، دواتر لە دەستی ‏کۆمۆنیستەکان بەرەو ئەمریکا ھەڵھاتیت. ئەم تاقیکردنەوانە چۆن کاریگەری لەسەر ژیانی داھاتووت دانا؟ چۆن تۆیان دروست کرد؟
ئۆلبرایت: من جیاوازیەکە لەو کاروبارە جیھانیانە دەبینم کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشداریان تێدا دەکات یان کاتێ بەشداریان تێدا ‏ناکات. کۆنگرەی (میونشن) لە ساڵی ١٩٣٨ ئەڵقەی یەکلاکەرەوە بوو، رێککەوتنێک بوو لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیەکان لەگەڵ ئەڵمان و ‏ئیتاڵیەکان بەبێ چیکۆسلۆڤاکیا و بەبێ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەم رێککەوتنە دەسەڵاتی بە (ھیتلەر) دا کە بەشێک لە چیکۆسلۆڤاکیا ‏ببات. بەڵام کاتێ ئەمریکا ھاتە ناو، ئەوە گۆڕانکاریەکانی دروست کرد. لە دوای ساڵی ١٩٤٥و لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنانەی کە لەکاتی ‏شەڕ کرابوون، ئەوروپا بۆ دوو کەرت دابەش کرا و ئەو وڵاتەی کە لێَی لە دایک ببووم بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ کەوتە پشت پەردەی ئاسنینەوە. بۆیە ‏لە حاڵەتی مندا دەتوانم بڵێم لەو کاتانەی ویلایەتە یەکگرتوەکان نایێتە ناو کێشەکان شتی خراپ روو دەدات. بۆیە دەبێت ویلایەتە ‏یەکگرتووەکان بەردەوام بەشێک بێت.‏
دێرشبیگل: کە ئەمڕۆ تاماشای حاڵی رۆژئاوا دەکەیت، ئایا گەشبینی یا رەشبین؟
ئۆلبرایت: ئەو گەشبینەم زۆر دڵەراوکێم ھەیە.‏
دێرشبیگل: لە کتێبەکەت نیگەرانی گەڕانەوەی کەشی نێو دەوڵەتیت باس کردووە بۆ ھەمان کەشی کە ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ بەربڵاو بوو، ‏لەوە مەبەستتان چییە؟
ئۆلبرایت: کاتێ ئەم کتێبەم نووسی، بڕیارم دا شتێک بکەم مێژوویی بێت نەوەک سۆزداری. لە نێوان ئەوسا و ئێستادا لایەنی لێکچووی ‏سەرنج راکێش ھەیە کە پەیوەندی بە دابەش بوونەکانی ناو کۆمەڵگا ھەیە، لە لایەنی ئابووریەوە ھەستکردن بە بونی براوە و دۆڕاو ھەیە، ‏ھەندێ سیاسەتکاریش سوود لەو دابەشبوونانە وەردەگرن، لە جیاتی ئەوەی لە خاڵی ھاوبەش بگەڕێن، ھەموو توانایان دەخەنە کار بۆ ‏زیادکردنی دابەشکاریەکان. من بڕوام بە نیشتیمان پەروەری ھەیە، بەڵام لە نەتەوەپەرستی نیگەرانم. ھەموومان لە ھەندێ بواردا سوودی ‏زۆرمان لە جیھانگیری وەرگرتووە، بەڵام ئەویش وەک شیرێکی دوو تیخە، چونکە خەڵک ھەست بە لەدەست دانی ناسنامە و ئینتیما دەکەن.‏
دێرشبیگل: ناونیشانی کتێبەکەت (فاشیزم، ئاگادارکردنەوەیەک)ە، ئایا ئەمە ھەندێ جێی نیگەرانی نییە ؟ ئایا بە ڕاستی مەترسی ‏گەڕانەوە بۆ فاشیەت ھەیە؟
ئۆلبرایت: گریمانەی وا ھەیە کە جێی دڵەڕاوکێ بێت. بەڵام بەدیاریکراوی ئەوەم روونکردۆتەوە من وا بیر ناکەمەوە کە سەرۆک دۆنالد ترەمپ ‏کەسێکی فاشیستە، ئەو کەسێکە رێز لە دامەزراوە دیموکراتیەکانی وەک میدیای ئازاد ناگرێت و بە ناوی (دوژمنانی گەل) ناو زەندیان ‏دەکات. لە کۆتایی کتێبەکەمدا دەڵێم" ئەگەر خەڵک وا بیر دەکەنەوە من ھەست بە دڵەراوکێ دەکەم، ئەوە لەبەر ئەو کاتانەیە کە ئێستا ‏تێیدا دەژین".‏
دێرشبیگل:  زۆربەی ئەمریکیەکان ئەو بڕوایەیان ھەیە کە دۆناڵد ترمپ کارێکی باش ناکات. تەنھا یەک لەسەر سێی دەنگدەران ھێزی ‏دەنگدەرانی ئەون. ئایا ھەڵسەنگاندنی زیاد لە پێویستت بۆ ھێزی  پۆپۆلیستەکان نەکردووە؟
ئۆلبرایت: باشترە ھەڵسەنگاندنی زیاد لە پێویست بکەیت نەک گریمانەی ئەوەی ھەموو شت باشە و لە راستیشدا باش نەبێت. راستی ئەوەیە ‏رێژەی ئەوانەی رەزامەندن لە ترەمپ روو لە زیاد بوونن نەوەک کەمبوونەوە. سیاسەتکارە کۆمارییەکان دەترسن بەرامبەری بوەستنەوە. ھەفتە ‏لەدوای ھەفتە سروشتی گفتوگۆی سیاسی دەگۆڕێت، دەبێت بە بایەخەوە ئاگاداری ئەو بابەتەبین، بڕوام وایە باشترین نموونە ھێنانەوە لە ‏کتێبەکە ئەوەیە کە مۆسۆلینی دەڵێت: (ئەگەر ھەر جارەی تەنھا یەک پەڕەمووچ لە مریشک بکەیەتەوە کەس ھەستی پێ ناکات).‏
دێرشبیگل: ئایا پێت وایە کە دیموکراسی وەک ئایدیایەکی مەزن خەریکە بچووک دەبێتەوە؟
ئۆلبریت: نەخێر. راستە ئێستا ھەندێ لە نیشانەکانی فاشستی دەبینم بەڵام مەرج نیە ھەمان ئەو فاشستیە بێت کە لە سەدەی بیستەم ‏شایەدحاڵی بووین. رایخی سێیەم سەر لەنوێ دیار ناکەوێتەوە. ڕیشەی دیموکراسی دەگەڕێتەوە بۆ گریکە کۆنەکان و بە درێژایی مێژووش رێگای ‏جۆراوجۆر بۆ جێبەجێ کردنی دیموکراسی ھەبوون، لە کۆتاییدا دیموکراتی لیبرالی بردیەوە و بڵاوبووەوە. لێک تێگەیشتن و چارەسەریی ‏ناوەڕاست، ووشەیێکی باشە و توخمی سەرەکی دیموکراسیە. بەڵام ھەندێ لەو سەرکردانە ھەن کار لەسەر کەڵەکەبوونی دابەشکاریەکانی ناو ‏کۆمەڵگا دەکەن بۆ بەرژەوەندی تایبەتیان. بەم رەفتارانەیان ئەو رێگایە دەڕمێنن کە بۆ دۆزینەوەی دیدگای ھاوبەش پێویستن.‏
دیڕشبیگل: بۆچی زۆری خەڵک بڕوایان بە حکومەتە ھەڵبژێردراوەکانیان نیە؟
ئۆلبرایت: ھەمیشە ئەو ئەرگیومێنتە ھەیە کە ئایا چی لەپێشەوە دێت، پێشکەوتنی سیاسی یاخود گەشەکردنی ئابووری. چونکە خەڵک ‏دەیانەوێت دەنگ بە نوێنەرانیان بدەن و دەشیانەوێت نان بخۆن، پوختەی قسە ئەوەیە کە دیموکراسی پێویستە جێبەجێ ببێت. ئەو ھەستەش ‏ھەیە لە ھەندێ شوێن دیموکراسی نەیتوانیوە بەشێوەیێکی کاریگەر ئەو دابەشبوونە گەورەیەی نێوان ھەژاران و دەوڵەمەندان چارەسەر بکات. ‏ھاوڵاتیان کاریان دەوێت، سیستەمی تەندروستی کارکردن و خوێندنیان دەوێت. پێدەچێ پۆپۆلیستەکان چارەسەری ئاسان بۆ ئەم پرسانە ‏پێشکەش بکەن و دەڵێن " وەڵامی ئاسانمان پێیە" ئەمەش ئەوەیە کە ئێستا ھەموومان دەیبینین.‏
دێرشبیگل: حزبی ئێوە، حزبی دیموکرات ھەوڵ دەدات کار لەگەڵ سیاسەتکاری وەک دوناڵد ترەمپ بکات ئەوە بۆچی؟
ئۆلبرایت: وای دەبینم ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتیەی کە دەبوو پارێزگاری لە کۆمەڵگامان بکات شکاوە. ھاوڵاتیان واز لە بەشێکی مافە تاکە ‏کەسیەکانیان دەھێنن لە پێناو ئەوەی دەوڵەت پارێزگاریان لێبکات و خزمەتگوزاریان بۆ دابین بکات. ئەوەی بەدرێژایی ئەو ساڵانە روویداوە ‏ئەوەیە کە ھەردوولا لەو گرێبەستەی لە نێوانیانە بە ڕۆلێ خۆیان ھەڵنەستاون. دەوڵەت ھاوڵاتیانی پشتگوێ خستووە و ھاوڵاتیانیش باج نادەن ‏و حەز دەکەن پۆپۆلیستەکان سەرنجیان رابکێشن. بڕوام وایە دەبێ بزانین ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتیە بگێڕینەوە بۆ جۆرێک لە گرێبەستی ‏راستەقینە کە ھەردوو لایەن بزانن چیان لە ئەستۆیە و دەبێ چی بکەن.‏
دێرشبیگل: وەک وەزیری دەرەوەی ئیدارەی کلینتۆن، لە نزیکەوە سیستەمێکی فاشیستت بینی کاتێ لە ساڵی ٢٠٠٠ چووی بۆ کۆریای ‏باکور و باوکی (کیم چۆنگ ئون)ت بینی و بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر گفتوگۆتان کرد. لە پیۆنگ یانگ چ فێربوویت؟
ئۆلبرایت: باشە، لە پێش ھەموو شتێک بە ئاشکرایی دەلێم  ئێَمە زۆرمان لەبارەی ئەو رژێمە نەدەزانی. من بەردەوام دووبارەم کردۆتەوە کە ‏بنەماڵەی (کیم) یەکێکن لە فاشیستەکان. توانیبوویان ئەو چیرۆکە بە شێوەیێکی باش پەرە پێبدەن کە ئەوان بەردەوام لەلایەن ھەمووانەوە ‏لە جیھان ھێرشیان دەکرێتە سەر، ھەر لەم سۆنگەیەشەوە توانیان کە پروپاگەندە بەکاربێنن بۆ دابڕان و برسی کردنی تەواوی میللەتیان و لە ‏ھەمان کاتدا مەزنکردنی  خۆیان. (کیم  جۆنگ ئێڵ) زیرەک بوو وە کەسایەتیەکی سەرنج راکێشی ھەبوو. چەند لایەنێکی ھەمەرەنگی تێدا ‏بوو وەک ئارەزووی بۆ بوون بە دەرھێنەری سینەما، ئەو ھەموو شتێکی لە بارەی ئەو کەسانە دەزانی کە خەڵاتی ئۆسکاریان بردبووەوە.‏
دێرشبیگل: (کیم جۆنگ ئیل) دەیەویست چاوی بە سەرۆک کلینتۆن بکەوێت. بۆچی ئەمە رووی نەدا، بە پێچەوانەوەی ئەو دیدارەی ترەمپ و ‏کیم؟
ئۆلبرایت: لەو کاتەدا سەرۆک کلینتۆن زۆر بە قوڵی چووبووە ناو پرۆسەی ئاشتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لە کۆتاییدا سەرکەوتوو نەبوو، کات ‏تەواو بوو. بەڵام ئێمە بە درێژایی دوو ماوەی سەرۆکایەتی لە نێوان ١٩٩٣ تا ٢٠٠٠ مامەڵەمان لەگەڵ کۆریای باکوور دەکرد. پیۆنگ یانگ ‏ھەڕەشەی دەرچوونی لە رێکەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەکرد، دواتریش ھەر لێی دەرچوو. ئێمە دانوستانمان لەسەر ‏چوارچێوەی رێککەوتنێک دەکرد بۆ رەفتارمان لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی کۆریای باکور، کەناڵی پەیوەندی کراوەمان لە ئاستی جۆراوجۆر ‏ھەبوو لەگەڵیان. سەرۆک (کلینتۆن) دەیگوت لە قۆناغێکدا سەردانی پیونگ یانگ دەکات.‏
دێرشبیگل: لەکۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، کیم جۆنگ ئۆن بەڵێنیدا کەبەرنامە ئەتۆمیەکەی رابگرێت، پێت وایە کۆریای باکور ‏جێی متمانەیە؟
ئۆلبرایت: پێویستە سیستەمێکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە ھەبێت، ھەرچیەک بێت. دەبێت دەست نیشانی (داماڵینی چەکی ئەتۆمی) بکەین ‏و ئەو بنەمایانە دەست نیشان بکەین کە بۆ لێکۆلێنەوە پێویستن. لەبەر ئەم ھۆیەش شێت بوونە ئەگەر سەرۆک ترەمپ رێکەوتنی ئەتۆمی ‏لەگەڵ ئێران بدڕێنێت کە پرۆسێسێکی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی زۆر توندی تێدایە.‏
دێرشبیگل: ھیچ دەرفەتێکی رزگاربوونی رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەبینی؟
ئۆلبرایت: ھیوادارم رزگاری بێت. روونم کردەوە کە لایەنگری ئەو رێکەوتنە بووم لەو کاتەوەی کە دانوستانی لەبارەوە دەکرا. ھەرچەند دەزانم ‏ناکرێت بە یەک جار مامڵە لەگەڵ ھەموو شتەکان بەیەکەوە بکەین.‏
دێرشبیگل: ھەرچەندە نەبووەتە رێگر لەبەردەم فراوانبوونی ھەژموونی ئێران لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پێت وایە ترەمپ راستە کە دەڵێت ‏ئێمەی ئەوروپی ساویلکەین لەو بابەتانەی کە پەیوەستە بە نیازەکانی ئێرانەوە؟
ئۆلبرایت: ناڵیم ساویلکەییە. ئێران چڕنوکەکانی لە زۆر ئاراستەدا چەقاندووە، ھەر لە حەماسی فەلەستین، لە حزب اللەی لوبنان، بۆ ‏یەمەن. ھەندێ ترس ھەن پاساویان ھەیە، بەڵام کیشانەوەمان لەو رێکەوتنە مامەڵەکان زەحمەتتر و ئاڵۆزتر دەکات.‏
دێرشبیگل: کێشەی نێوان ئیدارەی ترەمپ و ئەوروپا تەنھا رێککەوتنەکەی ئێران نیە. ترەمپ شەڕی ئابووری دژی یەکێتی ئەوروپا ‏بەرپاکردووە، وا قسە دەربارەی ھاوپەیمانان دەکات وەک ئەوەی دوژمن بن. پێناچێت شتێک ھەبێت توڕەییەکەی دابمرکێنێتەوە، ئایا کۆتایی ‏دیپلۆماسیەت دەبینی؟
ئۆلبرایت: نا، بڕوام وانیە، ئێمە ھەموومان دەوڵەتی دیموکراتین لەو رۆژ و ھەفتانەی دواییدا ھەندێ لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ‏ئەنجوومەنی پیران ھەنگاویان ناوە بۆ سنووردارکردنی ئەو دەسەڵاتانەی سەرۆک کە پەیوەنددارن بە ھەندێ لە سیاسەتە بازرگانیەکان. تا ئێستا ‏بنەمای پێداھاتنەوە و ھاوسەنگیمان ھەیە. ئەوەی دڵگرانم دەکات کە خەڵک بەھۆی ئەو مللانێیانە چەواشە دەکرێن و دوور دەخرێنەوە لە ‏ھەوڵی چارەسەری گرفتە بنەڕەتیەکان.‏
‏ دێرشبیگل: ترەمپ بەردەوام و بەشێوەیێکی رێکخراو ھێرش دەکاتە سەر ئەڵمانیا و حکومەتی ئەڵمانیا. لەکۆبوونەوەی حەوت وڵاتە ‏پیشەسازیەگەورەکەی جیھان لە کەنەدا، گووترا کە ستاربرستەکەی(جۆرێکە لە نوقڵ) خستە سەر مێزی مێرکل و گووتی ھەرگیز مەڵێ ‏ھیچی پێ نەداوین. چ ستراتیژێک باشە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پیاوێکی وا؟
ئۆلبرایت: بە دڵنیاییەوە پەیوەندیە کەسیەکانی نێوان سەرۆک دەوڵەت و حکومەتەکان جیاوازی تێدایە، بەڵام سیاسەتی دەرەوە ناکرێت لەسەر ‏بنەمای کەسیی دابڕێژرێت. تەنانەت لەکاتی شەڕی سارددا ھەندێ کەس قسەیان لەبارەی ئەو ڕاستیە دەکرد کە گرنگە لەسەر ھەندێ ئاست ‏جۆرێک لە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت ھەبێت. جیھان لەبارێکی ئاڵۆزدایە، بەڵام پێم وایە ھەندێ میکانیزم ھەن یارمەتی بەھێزبوونی ‏کۆمەڵێکی ھەمەچەشنی گفتوگۆ دەدات لەسەر ئاستی تەکنیکی و دیبلۆماسیدا.‏
دێرشبیگل: بەڵام پێت وایە چ لەگەڵ سەرۆکێک دەکرێت کە بە رقەوە تەماشای دامەزراوە نێو دەوڵەتیەکانی وەک ناتۆ و رێکخراوەی بازرگانی ‏نێودەوڵەتی دەکات؟
ئۆلبرایت: زۆر کەس پێیان وایە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چەند بەشێک پێک دێت کە چوار ساڵە، بەڵام وانیە. ٧٠ ساڵمان لەپەیوەندی ‏باش لەگەڵ ئەوروپا ھەیە، کە ھەموو کات لەیەک ناچێت. زۆر بەرزی و نشێوی تێدابووە، ئەمەش  ئەو رێگەیەیە کە تەماشای ئیدارەی ‏ئێستای پێ بکرێت. لەژێر ئیدارەی ئەم سەرۆکە، پەیوندیەکانی نێوان ئەتڵەسی بە ماوەیێکی زەحمەت دا دەڕوات. بەڵام من وای نابینم کە ‏دەستبەرداربین. بەردەوام دەبێت‎.‎
دێرشبیگل: سەرۆک ترەمپ داوای پابەندبوون و ھاوبەشی زیاتر لە ھاوپەیمانە ئەوروپیەکانی دەکات، بەڵام لە ھەمان کاتدا ئەمەی بەرامبەر ‏‏(ڤلادیمیر پۆتین)ی سەرۆکی روسیا نیە. ئایا ناترسیت کە ناتۆ گرنگی خۆی لە ئاسایشی ئەوروپا لە دەست بدات؟
ئۆلبرایت: سەرەڕای ئەو جەدەلەی لەم دواییە ھەبوو، بەڵام ناتۆ وەک بەھێزترین و کاریگەترین دامەزراوەی ھەمەلایەنەی جیھان دەمێنێتەوە. ‏ھەر ئەندامێکی ئەم ھاوپەیمانیە رەزامەندیان لەسەر ئەوە داوە کە بەلای کەم دوو لە سەدی کۆی داھاتی گشتییان بۆ تێچووەکانی بەرگری ‏سەرف بکەن. بۆ ھاندانی بەرگریکردن لەم ستاندارە، سەرۆک ترەمپ ھەمان ئەو بابەتانە دەڵێتەوە کە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا و ‏سەرکردەکانی ناتۆ گوتویانەتەوە‎.‎‏ بابەتێکی وا سەرنج راکێشیش دەربارەی کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا یان سەرۆکی حکومەتەکانی ئەوروپا ‏لەگەڵ سەرۆکی روسیا لە ئارادا نیە. لەگەڵ ئەمەش کارێکی وزە بەخش دەبێت ئەگەر سەرکردەکان لە ھەردوو لای ئەتڵەسی داکۆکی لەسەر ‏پابەندبونیان بە ھاوبەشیەکی پڕ ھاوکاری و بەرھەم بکەنەوە‎.‎‏ بەھێزی ھەر ھاوپەیمانیەک لە بەھێزی پەیوەندی و بڕوای نێوان ئەندامانی ئەو ‏ھاوپەیمانیەوە سەرچاوە دەگرێت‎.‎
دێرشبیگل: لەزۆر لاوە ئاسایش و سەقامگیری ئەوروپا رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە، لە لایەن روسیا، لە لایەن کۆچبەران، لە لایەن جەنگی ‏سوریا و زۆر شتی تر. ئایا ناتۆ چ رۆڵێکی لەم سیناریۆیە ھەیە؟
ئۆڵبرایت: بڕوامەندی ناتۆ ھەوڵ دەدات کە بەرگری لە دەوڵەتانی ئەندام بکات لە ھەڕەشەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و نوێ و کۆن‎.‎‏ بۆیە ‏ھاوپەیمانی ناتۆ رۆڵێکی ئاشکرای لە پاراستنی ئەندامانی ھەیە لە ھەر دوژمنکاریەکی روسیا بەرامبەریان و لە خۆگرتنی ئەو ھەڕەشانەی ‏کە لە لایەن ھێرشە ئەلکترۆنیەکان و تیرۆری نێودەوڵەتیەوە بۆیان دروست دەبێت. بەڵام وەک ھاوپەیمانیەکی سەربازی، ناتۆ، بابەتە سیاسیە ‏مەدەنیەکانی وەک کۆچکردن، پێشێل ناکات کە دەبێ جێی بایەخی حکومەتە نیشتمانیەکان و یەکێتی ئەوروپا بێت‎.‎
دێرشبیگل: ئایا پێت وایە کە پەیوەندی نێوان ترەمپ و پۆتین ھەڕەشە لە سەر ئەوروپا دروست دەکات؟
ئۆلبرایت: پێشبینی دەکەم لەکاتی کۆبوونەوەی سەرانی ناتۆ لە برۆکسل (١٢ی تەمموزی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو)، کات ھەبێت کە سەرۆک ترەمپ ‏و سەرکردەکانی ناتۆ گفتوگۆ دەربارەی ئاراستەیەکی ھەماھەنگی کراو بکەن سەبارەت بابەتە جیاوازەکانی پەیوەندیدار بە ڕوسیا. ھیوادارم ‏رەزامەند بن لەسەر بەردەامی پشتگیریان بۆ سەروەری ئۆکرانیا و دانانی کۆتاییەکی دانوستان لەسەرکراو بۆ جەنگی سوریا و رکابەریکردنی ‏دەست تێخستن لە ھەڵبژاردنە دیموکراتیەکان کە روسیا سەرپەرشتی دەکات‎.‎
دێرشبیگل: تۆ ھاوڕێی ی وەزیری پێشووی ئەڵمانیا (یوشکا فیشەر)یت، ئەو دەڵێ کە ناتوانین لەوە زیاتر ھاوپەیمانی نێو ئەتلەسی گەرەنتی ‏بکرێت. راوێژکاری ئەڵمانیا (ئەنجێلا مێرکل) دەڵێت چیتر ناتوانین ئیعتماد لەسەر ئەمریکا بکەین. ئایا ئەمانە ئاماژەنین کە پەیوەندی نێوان ‏ئەتلەسی روو لە داڕمانە؟
ئۆلبرایت: خراپترین شت لە ئێستادا خۆبەدەستەوەدانە، ئایا وانیە؟ یۆشکا فیشەر یەکێکە لە ئازیزترین ھاوڕێکانم و زۆر پێی سەرسامم. ‏ئاگادارکردنەوەی لەم شێوەیە زەرەرمەند نیە، رێک وەک حاڵەتی کتێبەکەی من، چونکە بە پێویستی دەزانم کە خەڵک ئاگاداری پچڕانەکان و ‏ئەو بابەتانەبن کە ڕوودەدات. یەکێتی ئەوروپا پرسی ناوخۆیی ھەیە، بۆ نمونە مەجەر و پۆلەندا چۆن رەفتار دەکەن و ئەو ھەیکەلیەتە چیە کە ‏دەبێت بەکاری بێنن. زۆر لە ئەوروپیەکان ھەستیان بە ناڕەحەتی کرد کاتێ ئۆباما گوتی ئێمە لەمەودوا جەخت لەسەر ئاسیا دەکەین، ‏دەمەوێت بەڕێکی ئەوە بڵێم کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ھێزێکی یەکلایەنە نیە، ئێمە ھێزێکی دوولایەنەین ھێزی (ئەتلەسی) و (ئۆقیانوسی ‏ئارام) ین‎.‎
دێرشبیگل: ئایا ھەست بە دڵەڕاوکێ دەکەیت کە ترمپ سەرکۆنەی نزیکترین ھاوپەیمانیەکانی دەکات وەک سەرۆک وەزیرانی کەنەدا (جۆستن ‏ترۆدۆ)، کە بە ناڕاست و لاواز وەسفی کرد؟
ئۆلبرایت: ئەمە یارمەتیدەر نیە. زۆر بەمە خەمناک بووم. ھەرگیز رەفتارێکی لەم شێوەیەم لە ھیچ سەرۆکێکی ئەمریکا نەبینیوە. جارێک ‏لە کۆنگرەیەک بەشداربووم کە وەزیری دەرەوەی ئەوسای کەنەدا (لۆید ئەکسۆرسی) بەڕێوەی دەبرد. میدالێکم بە سنگەوە بوو ئەو چڵەدارەیە ‏کە ئاڵای کەنەدایە. لای من کەنداییەکان باشترین ھاوڵاتی نێودەوڵەتین. ئەوان بەشداربوونە لە کردارەکانی ئاشتی پارێزی و کارێکی زۆر ‏گەوریان لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی کردووە، لە دژی (مین)ی سەر زەوی جەنگاون، ئەوان ناوازەن، باشترین ھاوپەیمانن. ٣٠٠ میل سنورمان ‏بەیەکەوە ھەیە ھیوادارم کە چارەسەرێک بدۆزێنەوە‎.‎
دێرشبیگل: رەوشەکە رۆژ لەدوای رۆژ زەحمەت و ئاڵۆزتر دەبێت بەڵام تۆ ترساو و بێ ھیوانیت‎.‎
ئۆلبرایت: جیھان لە ناڕێکی دایە، بەڵام لەدیدگای زانایێکی سیاسەت ئەم کاتە زۆر سەرنج راکێشە بۆ بایەخدان. دامەزراوەکانی رۆژئاوا رێک ‏وەک ئەو کەسانەن کە تەمەنیان گەیشتۆتە ٧٠ ساڵ، ھەندێک نوێبوونەوەیان پێویستە، لەوانەیە کاتەکە ئێستا بێت. ئەوەی پێویستمانە ‏باشترین عەقڵەکانن بۆ ھەوڵدان بۆ چارەسەری گرفتەکانی سەدەی بیست و یەکەم‎.‎
دێرشبیگل: بەڵام ئایا کاتمان بەدەستەوە ماوە، لەو کاتەدا کە ھاوپەیمانی نێو ئەتلەسی زەرەرمەندە و چین بەھێز دەبێت؟
ئۆلبرایت: بڕوام وایە، تەنھا ھەموو بایەخی ئێمەی پێویستە‎.‎
دێرشبیگل: ئایا ترەمپ لە ساڵی ٢٠٢٠ ھەڵدەبژێردرێتەوە؟
ئۆلبرایت: تەنھا ئومێدی خۆم دەزانم. ئەو بابەتە نازانم.‏





ئەم هەواڵە 856جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad