English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەدرێ
2018-07-22 [05:59 AM]

ZNA-هه‌ولێر


پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق ھۆشداریی لە دروستبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەناو و شێوەیەکی دیکە دەدات و ھەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا، سالم شەبەک، پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، ”بەم نزیکانە“ شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا پەنا بۆ ھەرێمی کوردستان دەبەنەوە و ئاماژەکانی زۆر نزیکبوونەوەی ئاوارەبوونەوەی ئەو خەڵکە دەرکەوتوون.

سالم شەبەک، کە لە سەرەتای راگەیەندراوەکەی سوپاسی گەلی کوردستانی کردووە بۆ لەخۆگرتنی ئاوارە عێراقییەکان بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ، ھۆشداریی داوە لەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە ناو و رووخسارێکی دیکە دەردەکەوێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دڵنیایە لەوەی خەڵکی ناو شاری مووسڵ بەھۆی ئەو نەھامەتییانەی لەژێر سایەی ھێز و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تووشی بوون، ھاوکاریی چەکدارانی داعش دەکەن.

سالم شەبەک، کە پەرلەمانتاری پارێزگای نەینەوا بوو، پێشی وایە دەشتی نەینەوا (ناوچە کوردستانییە مەسیحینشینەکان)ی ئەو پارێزگایە دەبنە یەکەم ئامانجی داعش و داوای ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشھاتانەی کردووە.

پێشتر لە مانگی ٦ـی ٢٠١٤، نزیکەی دوو ھەزار چەکداری داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی نەینەوا و لەماوەی چەند رۆژێکدا، ھەرەسیان بە سوپای عێراق ھێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.

بەھۆی ئەو ھێرشەی داعش و ململانێی تائیفی لە عێراق، نزیکەی دوو ملیۆن ھاووڵاتیی ئەو وڵاتە پەنایان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ھێنا و سەرەڕای قەیرانی دارایی، کە بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەناگە و ھاوکاریی پێشکەش کردن.

ئەو ئاوارانە، کە زۆرینەیان خەڵکی سوننەمەزھەبی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار بوون و تا ئێستا زۆرینەیان نەگەڕاونەتەوە، لەلایەن حکوومەت و ھێزە عێراقییەکان رێگرییان لێکرا بچنە بەغدا و شارەکانی باشووری عێراق.

دوای سێ ساڵ لەو داگیرکارییە، لە سەرەتای مانگی ١٢ـی ٢٠١٧ حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی پێھێنانی داعشی لە عێراق راگەیاند و گوتی، ”داگیرکاریی داعش لە عێراق کۆتایی ھات“.

دوای ئەو لێدوانەی عەبادی، چەکدارانی داعش بەردەوام لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەدین و بەغدا کردە و ھێرشی تیرۆریستییان ئەنجام دەدا.





ئەم هەواڵە 2116جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad