English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هۆشیار زێباری: پارتی ڤیتۆی لەسەر مالیكی نییە
2018-07-24 [05:41 AM]

ZNA- هه‌ولێر


لەدوای ھەڵبژاردنەوە لێرە و لەوێ ناوی دەھێنرێ گوایە لە حکومەتی داھاتووی عێراقدا پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەردەگرێ کە یەکێتی بە مافی خۆی دەزانێ، بەڵام ئەو دەڵێت دواجار سەرکردایەتی حیزبەکەی بڕیار دەدات ئەو پۆستە وەردەگرێ یان نا. ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە دوو کابینەی حکومەتی عێراقدا وەزیری دەرەوە بووە، لە کابینەیەکیشدا وەزیری دارایی. ئەو لەو باوەڕەدایە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ حکومەتی عێراق پێکنایەت.
زێباری لەم ھەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی پێکھێنانی حکومەتی عێراق و گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا و ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

رووداو: بۆچی کورد دەچێتەوە بەغدا؟

ھۆشیار زێباری: کورد دەچێتەوە بەغدا، چونکە مافەکانی لە دەستووری عێراقدا دیاری کراون. بەڵام ھەموو مافەکانی کورد نەدراون، ئەمەش یەکێک لە ھۆکارە ھەرە سەرەکییەکان کە کورد گشتپرسی کرد، چونکە یەکێتی خاکی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوور. پاشان ھەموو دونیا گوتیان نەخێر دەبێت ھەموو لایەک بگەڕێنەوە ژێر چەتری دەستوور. ئێمە زۆر مافمان ھەیە لە بەغدا دەبێ ھەوڵی بۆ بدەین. بێگومان ئەگەر یەکڕیز بین ھەڵوێستمان لەسەر مێزی دانوستاندن لە بەغدا بەھێزتر دەبێ. ئێستاش زۆری لێ نەچووە، ئەنجامی ئەو ھەڵبژاردنە دەریخست کێ ھێزی سەرەکییە و مەرجەعییەتی کورد لە کوێیە، عێراقییەکانیش ھەموویان دانیان بەوەدا ناوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ کورد قسە لەگەڵ کێ بکەن.

رووداو: ئێوە تا ئێستاش ھیواو ئاواتتان بە جێبەجێکردنی دەستوور ھەیە؟

ھۆشیار زێباری: دەبێ دەستوور جێبەجێ بکرێ، چونکە ھەموو لایەک دەستکەوتی ھەیە و تەنازولیشی کردووە، بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن لەسەر ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە، دەستوور سەت لە سەت بە دڵی ھەموو لایەک نییە، بەڵام دەنگیان بۆ داوەو ئەم چەترەیان قبووڵ کردووە. ئێمە زۆر مافمان ھەیە پەیوەندی بە دەستوورەوە ھەیە، بۆ نموونە گلەییەکی زۆرمان لەبەغدا ھەیە کە بۆچی بەشی کورد لە بودجە بەردەوام دانوستاندنی لەسەر دەکرێ، لە کاتێکدا دەبێ ئەو مافە بەشێوەیەکی سروشتی بدرێ، ئەمە لەبەر چییە؟ چونکە سەرژمێری گشتی لە عێراق نەکراوە.

بەڵام ئەمجارە جیاوازە، لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو قەوارەیەکی گەورە سەردەکەوت، ئێستا ئەوە نەماوە. ئێستا نێو ماڵی شیعە بووەتە پێنج کوتلە. سوننەکانیش بەھەمانشێوە دابەشبوون. کوردیش بەھەمانشێوە، بەڵام ئێمە بەشێوەیەکی نسبی رەنگە لەوان باشتر بین. ئێمە و یەکێتی لە یەکدی نزیکین و دەتوانین ببینە قەوارەیەکی باش.

رووداو: ئێوە دەبنە فراکسیۆنێک یان ھاوپەیمان؟ 

ھۆشیار زێباری: ئێمە دەستمان پێکردووە. ھەردوولا گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتە کە دەبێ پێکەوە ئیش بکەین. بە یەک شاند بڕۆین بۆ بەغدا، لەسەر بەرنامەیەکی ھاوبەش رێکبکەوین.

رووداو: ھاوپەیمانی کوردستانی دروست دەکەنەوە؟

 ھۆشیار زێباری: مەرج نییە ھەر بەو سیغەیەی پێشتر بێ، رەنگە بەشێوەیەکی دیکە بێ.

رووداو: بە یەک فراکسیۆن دەچنە بەغدا؟

ھۆشیار زێباری: پێمان باشە و داواشمان کردووە.

رووداو: کێ داوای لە کێ کردووە؟

ھۆشیار زێباری: ئێمە داوامان کردووە. پارتی دەستپێشخەر بوو کە ھەڵبژاردنی کوردستان پێش ئەوەی عێراق بکرێ، سەرۆک بارزانی، سەرۆکی حکومەت و سەرکردایەتی پارتی چەندینجار داوایان کرد کە ھەقە کورد پێکەوە بچنە بەغدا.

رووداو: تا ئێستا تەنیا یەکێتی وەڵامی ئەو داواکارییەی پارتی داوەتەوە؟

ھۆشیار زێباری: ھەتا ئێستا یەکێتی وەڵامدەرترە، ئەوانیش پێیانباشە، ئەوانیش پێویستیان پێی ھەیە کە پێکەوە بچین بۆ بەغدا، لە دوایین کۆبوونەوەماندا ئەو بڕیارەمان دا، لێژنەیەکمان دروستکرد، لێژنەیەکی بچووکترمان دانا بەرنامەیەکی ھاوبەش بنووسێ.

رووداو: بە رەسمی داواتان لە لایەنەکانی دیکە کردووە؟

ھۆشیار زێباری: بەڵێ، پێمانگوتوون، پەیوەندی لەگەڵیان ھەبووە و نەپچڕاوە. بەڵام رەغبەتیان نییە و چاوەڕێی ژماردنەوەی دەنگەکان دەکەن، ئەویش خەریکە تەواو دەبێ. دواتر نازانم وەڵامیان چی دەبێ.

رووداو: گوتت شیعەکان بوونەتە پێنج کوتلە، ئێوە لەسەر بنەمای پەرتەوازەیی نێو ماڵی شیعە بەرنامەی خۆتان دادەنێن، یان شتی دیکە؟

ھۆشیار زێباری: بارودۆخەکە گۆڕاوە، ئێمە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر رووبەڕووی کۆمەڵێک ئابڵووقە بووینەوە، ئابڵووقەی ئابووری، ئاسمانی، داخستنی دەروازە سنوورییەکانی وڵاتانی دراوسێ، لە بارودۆخێکی خراپدا بووین، بەڵام ئێستا ھەموو ئابڵووقەکان شکاون، ئابڵووقەی سیاسی شکا، فڕۆکەخانەکان کرانەوە. پەیوەندی لەگەڵ بەغدا چووە پێش. ئێستا بودجە لانیکەم لە کاتی خۆیدا دێت. لەلایەکی دیکەوە عێراق قەیرانی دروستکردنی حکومەتی لەپێشە، رەنگە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بخایەنێ. بۆیە وای دەبینین کە باشترە بۆ خەڵکی کوردستان ئەم ھەڵبژاردنە لە ٣٠ی ئەیلوولدا بکرێ. 

رووداو: عەرەب بە سوننە و شیعەوە لە دژی گشتپرسی وەستانەوە، ئێوە چۆن بەو پەرتەوازەییەی ئەوان دڵخۆشن، لەو باوەڕەدا نین ئەوان لە ئایندەدا لە دژی ئێوە یەک بگرنەوە؟

ھۆشیار زێباری: رەنگە یەکیش بگرنەوە، ئەوە سیاسەتە. لە یەک رۆژدا لە پەرلەمان ١٤ بڕیاریان لە دژی ئێمە دەرکرد. بەڵام ریفراندۆم بۆ؟ خەڵک و دونیاش دەزانێ ئەم میللەتە ئارەزووی چییە و چی دەوێ. وەکو پرۆسە بەڕێوەچوو، راستە ئەنجامەکانی لەسەر ئێمە قورس کەوت، بەڵام بەھۆی حیکمەتی سەرکردایەتی و سەرۆکایەتی حکومەت توانیمان تاڕاددەیەک لەو ئەنجامە قورسە دەرباز ببین. راستە ئەوان لەسەر مافەکانی کورد یەک ھەڵوێستن، بەڵام ئێمەش لە نێویاندا خەڵکمان ھەیە، وە نەبێ مەسەلەکە رەش و سپی بێ. خەڵکێکیان ھەیە موتەفاھیمە.

رووداو: ھەندێک لەوانەی بەغدا پێش گشپرسی و دوای گشتپرسیش لەگەڵ کورد خراپ بوون، ئێوە وەکو پارتی ھێڵی سوورتان لەسەر کەسیان ھەیە؟

ھۆشیار زێباری: ئێمە ئەو خەڵکانە دەناسین کێ دژایەتی ئێمەی کرد، کێش ھەڵوێستی ھەبوو، کێش لەگەڵ ئەوە بوو چارەسەرێک بدۆزرێتەوە و نەگاتە ئاستی ھەڵگرتنی چەک و خوێنڕشتن. ئەوە قەت لەبیر ناکەین.

رووداو: ئێستا دوو کەس لە بەغدا دەرکەوتوونەتەوە، ئێوەش مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، یەکێکیان حەیدەر عەبادییە و ئەوەی دیکەیان نووری مالیکی. ھێڵی سوورتان لەسەر ئەمانەش نییە کە یەکێکیان ھێزی ھێنایە سەرتان، ئەوەی دیکەشیان قووتی خەڵکی بڕی؟

ھۆشیار زێباری: ئێمە بۆچوونمان ھەیە، بەڵام وەکو ھەڵوێستی پارتی، ڤیتۆ و ھێڵی سوورمان نەخستووەتە سەر ھیچ لایەنێک.

رووداو: تەنانەت نووری مالیکیش؟

ھۆشیار زێباری: ھەتا نووری مالیکیش. ئێمە دانوستاندنمان ھەیە، وەفدەکانمان دەچن لەگەڵی دادەنیشن. وەفدی ئەو دێت سەردانمان دەکات. ھەروەھا لەگەڵ عەبادیش. بەڵام پرۆسەی دروستکردنی حکومەت پرۆسەیەکی ئاسان نییە، رەنگە کاتیشی بوێت. کێشەکە ئەوەیە ھەموو لایەک پێویستی بە ئەویترە. ھیچ لایەنێک ناتوانێ لەلای خۆیەوە بڕیاری دروستکردنی حکومەت بدات.

رووداو: کورد مار بەخێو دەکات، زۆرجار پاڵپشتی ھەندێک کەسی کردووە و حکومەتی دروست کردووە لەگەڵی، بەڵام دوایی پێوەی داوە؟

ھۆشیار زێباری: ئەمجارە دەبێ ئێمە و ھەموو لایەنەکانی دیکەش دەرس لە رابردوو وەربگرین. ھەم لەگەڵ ناوخۆ، ھەم لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیش. ئێمە دڵپاک بووین. زۆرجار لە پێناوی یەکێتی عێراق و یەکێتی کورد دەستبەرداری زۆر مافی خۆمان بووین. ئەمجارە بۆچوونی سەرکردایەتیمان ئەوەیە کە بە چاوێکی دیکە سەیری مافەکانمان بکەین.

رووداو: چ شتێکتان ھەیە کە کۆنکرێتی بێ و داوای بکەن، مافی خەڵک بدرێ و ھەڵەکانی رابردوو دووبارە نەبنەوە؟

ھۆشیار زێباری: ئێمە ئەگەر لە بەغدا لەنێو پرۆسەی بڕیار وەرگرتن نەبین، ناتوانین مافەکانمان وەربگرین. بۆیە دەبێ وجودمان لە بەغدا ھەبێ. راستە پرۆگرام گرنگە و دەبێ حکومەت ئیعتراف بە مافەکانت بکات، بەڵام دەبێ خەڵکیشت لەوێ ھەبێ پرۆگرامەکەت بۆ جێبەجێ بکات، جا چ لە پەرلەمان بێ یان لە حکومەت. ئێمە کاتێک باسی ھاوسەنگی دەکەین. ھاوسەنگی لە زۆربەی وەزارەتەکان نەماوە.

رووداو: گشتپرسی وەکو کارت بەکاردێنن بۆ دانوستاندن؟ تا کوێ لەگەڵ بەغدان و لە کوێ جیادەبنەوە؟

ھۆشیار زێباری: گشتپرسی رووداوێکی مێژوویی بوو، وەکو یەکێک وەسفی کرد، بوومەلەرزەیەک بوو، ئەو پەیامە ماوە. ئەوە بەدەست سەرکردایەتیی کوردە چۆن بەکاری دێنێ.

رووداو: دەتوانن بەکاری بێنن؟

ھۆشیار زێباری: نازانم، ئەوە بڕیارێکی گرنگە. کاتی خۆشی من لە چاوپێکەوتنەکانم لەگەڵ ئێوە گوتوومە مانای ئەوە نییە بەیانی دەوڵەتی کوردی رابگەیەنین.

رووداو: ھەتا کوێ چاوەڕێ دەکەن مافی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە بخورێ؟

ھۆشیار زێباری: ئەوە ھەلێکە کە ھەموو لایەک بە خۆیدا بچێتەوە، ئێمە دەبێ بە خۆماندا بچینەوە. ئەوانیش گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە ناتوانن ھەرێمی کوردستان لەناو ببەن. لەلایەکی دیکە خۆڕاگری میللەتی کورد سەلماندی کە کورد ھەرچەند ناکۆکی سیاسیشی ھەبێ، بەڵام دەتوانێ ئیدارەی قەیرانەکانی بکات.

رووداو: ئێوە و یەکێتی زۆرجار لەسەر پۆستەکان رێکناکەون، بۆ نموونە سەرۆک کۆمار بۆ کێ دەبێ؟ لێرە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان تەجمید کراوە. دەڵێن پارتی بەنیازی سەرۆکایەتی کۆمارە، ئێوە چیتان دەوێ؟

ھۆشیار زێباری: بێگومان ئێستا چۆن لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق خۆپیشاندان ھەیە و دەڵێن ئیدی بەسە بۆ حوکمی حیزبی دەعوە. ئەمە یەکێکە لە ھۆکارە ھەرە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییەکان. سەبارەت بە ھەرێمی کوردستانیش ئەو پۆستانە قابیلی پێداچوونەوەن و تاپۆ نین لەسەر لایەنێک. کاتی خۆی رێککەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ھەبوو ئەو پۆستانە بە چ شێوەیەک دابەش بکرێن، بەڵام بەشێوەیەکی عەمەلی ئەو رێککەوتنە نەماوە. پۆستی سەرۆکی ھەرێم نەما. ھێشتا لەگەڵ یەکێتی نەگەیشتووینەتە گفتوگۆ لەسەر پۆست، ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەکەین چۆن پرۆگرامێکی ھاوبەش دابڕێژین و پێکەوە بچینە بەغدا. پۆستەکان دەبێت لە نێوان خۆمان چارەسەر بکەین.

رووداو: بەپێی زانیارییەکانم لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقیش داوا لە تۆ کراوە ببیتە سەرۆک کۆمار، ئەوە تا چەند راستە؟

ھۆشیار زێباری: ئەمە تەسریباتە، تەسریباتێکی زۆر لەناو عێراقدا ھەیە. بەڕاستی ئێمە پێشمەرگەین، کادیری پارتین، بڕیار بڕیاری سەرۆک بارزانییە. ئەو شتە زۆر باس دەکرێ، بەڵام ئەوە بڕیاری من نییە. سەرکردایەتی چی بە مەسڵەحەت دەزانن ئەوە دەکەین.

رووداو: راستە بڕیاری پارتییە، بەڵام خۆتت بۆ ئامادە کردووە؟

ھۆشیار زێباری: ئێمە پێشمەرگە بووین، من لە بەغدا بووم. وەزیرێکی چالاک و کاریگەریش بووم. خەریکی شتی گەورەش بووم. بە یەک تەلەفۆن جەنابی سەرۆک گوتی دەبێ بەیانی بچیتە لای موقتەدا سەدر، سەحبی سیقە لە سەرۆکوەزیرانەکەت بکەی دەیکەم، ئێمە واین.

رووداو: مەسەلەی ھەڵپەساردنی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم پارتی و گۆڕانی لێکنزیک کردەوە، جگە لەوە ھیچی دیکەتان ھەیە؟

ھۆشیار زێباری: ئەسڵەن ئەو پرۆژەیە پرۆژەی گۆڕان بوو، ھی پارتیش بوو، بەڵام زیاتر پڕۆژەی گۆڕان بوو، ئەمە بەشێک لە کێشەکەی چارەسەر کرد، بەڵام ئاراستەکە زیاتر بەرەو ئەوە دەچێ کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێ.

رووداو: ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا دەکرێ؟

ھۆشیار زێباری: ئێمە سوورین و داواشمان لە یەکێتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە کردووە کە نابێت بە ھیچ شێوەیەک ئەم ھەڵبژاردنە دوابخرێ. چونکە کورد زەرەری گەورە دەکات.

رووداو: دەنگۆی دواخستن ھەیە؟

ھۆشیار زێباری: ھەتا ئێستا نییە. ئیجرائاتی تەکنیکی و ھونەری بەردەوامە، ئامادەکاری زۆرمان کردووە. لیستی کاندیدەکانمان تەقریبەن تەواو بووە. بەرنامەی ھەڵبژاردنمان تەواو کردووە. کۆمیسیۆن زۆر ئیجرائاتی کردووە. کاتەکەی باشە، ئێمە وەکو کورد ئەگەر بتوانین لە کاتی خۆیدا ھەڵبژاردنێک بکەین بەرامبەر ھەڵبژاردنەکانی عێراق کە دونیایەک کێشە و گومانی تێدابوو، قیمەتی کورد بەرامبەر دونیا زۆر بەرز دەبێتەوە.

رووداو: ھەڵبژاردن سەد لە سەد دەکرێ؟

ھۆشیار زێباری: سەد لە سەد مومکینە بکرێ. داوا دەکەین و ھەوڵ دەدەین لە کاتی خۆیدا بکرێ.

رووداو: ئەگەر حکومەتی عێراق دوابکەوێ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھەر دەکرێ؟

ھۆشیار زێباری: بۆچوونێک ھەیە کە ئێمە خەریکی پێکھێنانی حکومەتی عێراقین و ئەگەریش ھەڵبژاردن بکەین رەنگە ناکۆکی و ئاڵۆزی دروست ببێ. من لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم. من باوەڕم وایە کە دروستکردنی حکومەتی عێراق دوادەکەوێ. ئەگەر ئێمە لە ٣٠ی ئەیلوول ئەم ھەڵبژاردنە بکەین، باوەڕ بکە دەبێتە گرنگترین ھەڵبژاردن بۆ ھەرێمی کوردستان.

 

سه‌رچاوه‌:  رووداو





ئەم هەواڵە 2113جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad