English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا ٤٠ھەزار پەرتووکی زانستی و ٢٥ھەزار جۆرناڵ بۆ مامۆستایان و خوێندکاران دەستبەر دەکات‎
2018-07-24 [11:36 AM]

ZNA- هەولێر


 

"یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە یەکەمین وۆرکشۆپی تایبەت بەگەیشتن بەسەرچاوە زانستیەکان ڕایگەیاند: ئێمە ‌ناتوانین داوای زانستێکی سەردەمیانە و داھێنان لە مامۆستایان بکەین ئەگەر زانست و زانیاری مەعریفە و سەرچاوەی سەردەمیانەیان لەبەردەست نەبێ.

 

یەکەمین وۆرکشۆپی تایبەت بەگەیشتن بەسەرچاوە زانستیە ئاستبەرزەکان

 

لەو وۆرکشۆپەدا، کە بەئامادەبونی د.ئامانج سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د.پۆڵا خانەقا سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ  و، ژمارەیەک لە مامۆستایان و توێژەران و شارەزیایان و پسپۆڕانی بواری کتێبخانەکان لە ھۆڵی کۆبونەوەکانی ھۆتێل شیراتۆن لە شاری ھەولێر، ئەمرۆ سێشەممە، ڕێکەوتی (٢٤/٧/٢٠١٨) بەڕێوەچو، لەسەرەتادا ئامادەبوان بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەھیدان بێدەنگیان نواند، پاشان چەند وتارێک پێشکەشکرا.

 

میتۆدی نوێ بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی زانستی توێژینەوەکان داھێنراوە

 

لەو چوارچێوەیەدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لەگرنگی بەدەستھێنانی سەرچاوەی زانستی ئاستبەرزی لەم سەردەمەدا کرد و ڕایگەیاند: یەکەمین وۆرکشۆپی تایبەت بەگەیشتن بەسەرچاوە زانستیە ئاستبەرزەکان، لەسەردەمی گەشەکردنی تەکنەلۆجیا و گەیشتن بەسەرچاوەی زانیاری بۆ ئێمە لەم کاتەدا زۆر گرنگە، چونکە ژمارەیەکی بێشومار لە گۆڤاری زانستی لەسەرتاسەری دونیا لە بواری پسپۆڕی جیا دەردەکرێن و ڕۆژانە چەندین توێژینەوە بڵاودەکەنەوە، وتیشی کۆمەڵگەی ئەکادیمی نێودەوڵەتی میتۆد و ئەلگرۆتیمی جیایان داھێناوە بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی توێژینەوەکان و ئاستی زانستی گۆڤارەکان.

 

 گۆڤارەکانی ئۆپن ئەکسیس ژمارەیان ڕوو لە زیادبونە

 

ھەر لە میانەی وتارەکەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی گۆڤارە زانستیەکان و زیادبونی جۆرەکانیان کرد و ڕونیکردەوە، کاتێک باس لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی توێژینەوەکان و مامۆستایان و زمان دەکەین دەبێ وابکەین ژینگەیەکی لەبار دروست بکەین بۆ ئەوەی توێژەران و مامۆستایان و خوێندکاران بەئاسانی دەستیان بگا‌ت بەسەرچاوە زانستیە ئاست بەرزەکان،  چونکە  ژمارەیەکی بێشومار لە گۆڤار و دامەزراوە لە بوارە جیاکان ھەیە و چەندین توێژینەوە بڵاودەکەنەوە، وتیشی میتۆدەکانی وەک (Impact Factor) و(Citation) لە پێوەرە ھەرە دیارەکانی ھەڵسەنگاندنی کاریگەری جۆرناڵەکان و ئاستی توێژینەوە زانستیەکان و توێژەرانە، جەختی لەسەرئەوەش کردەوە کە گۆڤارەکانیش لە ڕێگەی سیستمی پێداچونەوەی ھاوەڵانە ھەوڵیانداوە ناوبانگ و ئاستی توێژینەوە و بڵاوکراوەکانیان بەرز ڕابگرن، ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی گۆڤارەکان ڕو لە زیادبونە و، تا دێت گۆڤارەکانی ئۆپن ئەکسیس ژمارەیان ڕو لە زیادبونە.

 

لە زانکۆکانی کوردستان دۆخەکە وەک پێویست نیە

 

د.یوسف گۆران بەشێکی دیکەی وتارەکەی تەرخانکرد بۆ ئاستی دەستڕاگەیشتنی زانکۆکانی کوردستان بە توێژینەوە و گۆڤارە ئاستەبەرزەکان بۆ ئەوەشی وتی: بەداخەوە تا ئێستاشی لەسەر بێت زانکۆکانمان و توێژەرانمان لە گەیشتن بەو سەرچاوە ئاست بەرزانە بێبەش بون، وتیشی بەپێی نوێترین ڕوپێوی کە وەزارەتەکەمان کردویەتی گەیشتنی تویژەران بەو سەرچاوە ئاستە بەرزانە زۆر کەمە، جگە لە ھەندێ زانکۆی تایبەت نەبێ، بەڵام ئەوەش لە ئاستی چاوەڕوانی ئێمە نیە، بەڵام ھەندێ لە زانکۆ تایبەتەکان لەو بابەتە پێش زانکۆ حکومیەکان کەوتون، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: پێویستمان بەوەیە زانکۆکانمان بەشێوەیەکی یاسایی و رەسمی دەستیان بگاتە گۆڤار و سەرچاوە زانستیە ئاست بەرزەکان، ئاشکراشیکرد کە وەزارەت لەسەر بودجەی خۆی بڕێک پارەی تەرخانکردوە بۆ ئەوەی مامۆستایان و خوێندکاران دەستیان بگاتە سەرجەم ئەو سەرچاوە زانستی و ئەکادیمیانەی کە لە جیھاندا بڵاودەکرێنەوە.

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەرکی مامۆستایان و خوێندکاران و توێژەران ئاسان دەکات

 

 لەبارەی ئەرکی وەزارەتەکەی بۆ ھاوکاریکردنی مامۆستایان و خوێندکاران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: وەزارەتەکەمان لە ھەوڵدایە تا بەھاوکاری (EBSCO) کتێبخانە و پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بونیادبنێت، وتیشیی پێشتر ئەرکێکی زۆری لەسەر خوێندکاران و مامۆستایان ھەبو، بەڵام لێرە بەدواوە وەزارەت خۆی ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ، ئەوەشی ڕاگەیاند: ئێمە ‌ناتوانین داوای زانستێکی سەردەمیانە و داھێنان لە مامۆستایان بکەین ئەگەر زانست و زانیاری مەعریفەی سەردەمیانەیان لەبەردەست نەبێ.

 

توێژەران بەئاسانی دەستیان بەسەرچاوە زانستیە ئاستبەرزەکان دەگات

 

بۆ بەدەسھێنانی ئامانجە گەورەکان و، گەیشتنی توێژەران بەسەرچاوە زانستیەکان، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە ڕێگەی ئیمزاکردنی ئەم گرێبەستەوە ھەوڵدەدەین ئەو خەونە بەدیبێنین، کە بتوانین لایەنی کەمی سەرچاوە زانستیەکان بخەینە بەردەستیان بۆ ئەوەی سودی لێ وەربگرن، چونکە لەم ڕێگەیەوە مامۆستایان و خوێندکاران و توێژەران لە تەواوی زانکۆکان دەتوانن دەستیان بگاتە ھەمو ئەو گۆڤار و تێکست بوکە زانستیانەی کە لە ڕێگەی دامەزراوەی (EBSCO)دەستەبەر دەکرێت، بۆیە ئەم ھەنگاوە خزمەتێکی زۆر بەتویژەرانی زانکۆکانی کوردستان دەکات.

 

بایەخدان بەزمانی ئینگلیزی یارمەتیدەری بەرھەمھێنانی مەعریفەیە 

 

سەبارەت بەگرنگی فێربونی زمان بۆ گەیشتن بەسەرچاوە زانستیە ئاستە بەرزەکان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئەوەی جێگەی تێبینیە بەشی زۆری سەرچاوە زانستیە ئاست بەرزەکان بەزمانی ئینگلیزی دەستەبەر دەکرێن، بۆیە بایەخدانی بەزمانی ئینگلیزی وەک ‌زمانی دوەم یارمەتیدەرێکی سەرەکی دەبێت لە پێشخستنی پرۆسەی توێژینەوە و بەرھەمھێنانی مەعریفە لە نێو کۆمەڵگەی ئەکادیمی ھەرێمی کوردستان.

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا (٤٠) ھەزار پەرتوکی زانستی و (٢٥) ھەزار جۆرناڵ بۆ مامۆستایان و خوێندکاران دەستبەر دەکات

 

 د.یوسف گۆران ئەوەشی ڕونکردەوە، کە دەستەبەرکردنی ئەم سەرچاوە زانستیانە بۆ خوێندکارانی زانکۆکانمان زۆر گرنگە، ھیواشی خواست  سەرجەم خوێندکاران بتوانن سود لەو سەرچاوانە وەربگرن و، سەرچاوەکانی زانیاریان فرە ڕەنگ و فرە ڕەھەند بکەن، ئاشکراشیکرد ژمارەی ئەو جۆرناڵە زانستی و ئەکادیمیانەی لەو گرێبەستە ھەیە نزیکەی (٢٥) ھەزار جۆرناڵ و، (٤٠) ھەزار پەرتوکی زانستی دەبێت، ڕاشیگەیاند: ئەمە ھەنگاوی یەکەم و بەمەش کوردستان بەتەواوەتی ناچێتە ناو کۆمەڵگەی زانستی جیھانی، چونکە دەخوازین لە ئایندەدا ئەم پڕۆژەیە فراوان بکەین و دامەزراوەکانی وەک ئیڵ سیفڤیر و ساینس دایرێکت و وایلی و دامەزراوەکانی دیکەش بەشداری پێ بکەین، بەھیواین لە ئایندە بتوانین فراوانتری بکەین بێگومان بەھۆیەوە ئاستی توێژینەوە و توێژەرەکانمان بەرز دەبێتەوە،.

 

ھەموان پێکەوە ھەڵسەنگاندن دەکەن

 

لە کۆتایی وتارەکەشیدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھیوای خواست ھەموان پێکەوە کاربکەن بۆ بەردەستخستنی گۆڤار و کتیب و سەرچاوەی زانستی ئاستبەرز بۆ مامۆستایان و خوێندکاران، ھەروەک ھیواشی خواست پێکەوە ھەڵسەنگاندن بۆ سەرچاوە زانستیەکانی ئەو دامەزراوەیە بکەن تا بتوانین سودی لێ وەربگرین و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدەن، وتیشی لە گەڕانەوەتان بۆ زانکۆکانتان دەبێ ببنە فۆکەڵ پۆینت، ھاوکاری ئەو مامۆستا و خوێندکارانە بن، کە چۆن بتوانن ئەم سەرچاوە بۆ یەکەمین جار بەکاربھێینن.

 

ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی زانستی سەرچاوە زانستیەکان دەکرێ

 

لە بەشێکی دیکەی وۆرکۆشۆپەکەدا، لەلایەن دامەزراوەی (EBSCO) پریزنتەیشنێک پێشکەشکرا، لەبەشی کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، لەلایەن توێژەران و شارەزایانی بوارەکە ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی زانستی گۆڤار و سەرچاوە زانستیەکانی دامەزراوەی (EBSCO) کرا و، واش بڕیارە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانی ئەندامانی ھەڵسەنگاندنی ئاستی زانستی سەرچاوە زانستیەکان بڕیاری کۆتایی لەسەر گرێبەستەکە بدات.





ئەم هەواڵە 3658جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad