English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆک بارزانی: زۆربەی شۆڕشەکانی گەلەکەمان بۆ بەدیھێنانی ئازادی لەسەر دەستی زانایان و گەورە پیاوانی ئایینیی بووە
2018-07-24 [12:47 PM]

ZNA- هەولێر


سەرۆک بارزانی به بۆنەی شەشەمین کۆنگرەی یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان، پایەمێکی ئاراستەی کۆنگرەکه کرد.ئەمەش دەقی پەیامەکەیه:

 

"بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

مامۆستایانی ئایینیی بەڕێز

ئەندامانی شەشەمین کۆنگرەی یەکێتیی زانایانیی ئایینی

میوان و ئامادەبووانی خۆشەویست

سڵاوی خوداتان لێ بێت..

 

بەبۆنەی بەستنی شەشەمین کۆنگرەی یەکێتیی زانایانیی ئایینی دەستخۆشی لە یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان و ھەموو مامۆستا بەڕێزەکان دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

 

ڕۆڵ و کاریگەریی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە  پارێزگاریکردن لە ڕەسەنایەتی و ڕەوشتبەرزی و خواناسی و نیشتیمانپەروەری و پاراستنی پێکەوەژیان و تەباییدا ڕۆڵێکی پڕشنگدار و بەرچاوە و جێگەی پێزانینە و لە مێژووی گەلەکەماندا ھەمیشە بە بەرزی یاد دەکرێتەوە. جگە لەوەیش بەشی ھەرە زۆری شۆڕشەکانی گەلەکەمان بۆ بەدیھێنانی ئازادی و ڕزگاربوون لە داگیرکاری لەسەر دەستی زانایان و گەورە پیاوانی ئایینیی گەلەکەمان بووە و ئەوە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر پێگە و سەرقافڵەبوونی زانایانی ئایینی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان.

 

چەکھەڵگرتنی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕشەکاندا وانەیەکی گرنگ بوو بۆ ھەموومان کە ئازادیخوازی و بەرگریکردن لە خاک و نیشتیمان نەک تەنیا ئەرکێکی نەتەوەیی بەڵکو ئەرکێکی ئایینییش بووە.

 

ئامادەبووانی بەڕێز

 

لە قۆناغی ئێستادا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە ژیانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاییکەرەوەیە بە تایبەت کە پەتای تیرۆر و توندڕۆیی و تێکدانی بنەماکانی پێکەوەژیان و ھەروەھا دەرکەوتنی تاییفەگەری لە عێراق و ناوچەکەدا ھەڕەشەی گەورەن بۆ سەر پێکەوەژیان و لێبوردەیی و پەیامی ئاشتیخوازانەی ئایین. وشککردنی ڕەگوڕیشەی ھزری تیرۆر و شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆر بە دەرەجەی یەکەم ئەرکی ئێوەی بەڕێزە. ھەموو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی ھزری تیرۆر و کارکردن بۆ تەبایی ئایینی و مەزھەبی چاویان لە ھیمەت و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینییە و ئەوەی تا ئێستا لەو بوارەدا ئەنجامتان داوە جێگەی دەستخۆشییە.

 

لەگەڵ ئەوەیشدا ئەرکی پارێزگاری لە باوەڕ و دینداری لەسەر بنەمای زانستی و پەروەردەیی و ھەروەھا قووڵترکردنی خۆشەویستیی خاک و نیشتیمان لەسەر شانی ئێوەی بەڕێزە. لەو کەشە ئاڵۆز و پڕ لە تەحەدییاتەی ئێستادا نابێ ڕێگە بدرێ کە ھزر و فەرھەنگی نامۆ کە دژی دینداری و نیشتیمانپەروەرییە ھزر و ھۆشی کۆمەڵگە داگیر بکات.

 

بەڕێزان..

 

ھەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی لای ھەر کەسێک و بە ھەر بیانوویەک خەلەلی تێبکەوێت نابێ لای زانای ئایینی بە قەدەر زەررەیەک خەلەل و کەمتەرخەمی تێ بکەوێت چونکە ئێوە سەرچاوەی ئیلھامن بۆ ھەموومان و گەلی کوردستان لە زانایانی ئایینی فێری خۆڕاگری و پشوودرێژی و فیداکاری و ورەبەرزی لە خەبات و کۆڵنەدان بوونە. بۆیەشە جەنابی بارزانیی نەمر یەکێتیی زانایانی دامەزراند چونکە زۆر باش دەیزانی زانایانی ئایینی شوورەی پۆڵایینی گەلن بۆ بەرگریکردن لە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەییەکانی کورد. ئەرکی ئێوە ئەرکێکی پیرۆزە و ئەندامبوون لە یەکێتی زانایان شەرەفێکی گەورەیە.

 

ھەر بەو بۆنەیشەوە بە پێویستی دەزانم کە داوا لە ھەموو مامۆستایانی بەڕێز بکەم کە ڕێگە نەدەن خیلافاتی بچووک ببێتە ھۆی ناکۆکیی گەورە و لێکترازانی نێوان مامۆستایانی بەڕێز چونکە ئەوە بەشێوەیەکی سلبی کاریگەری لەسەر بنەماکانی ئایینداری و پەروەردەی دواڕۆژی گەلەکەمان دەبێت. پێویستە ئەولەویەتی و خەمی سەرەکیی ئێوە ئاییندە و بەرژەوەندییەکانی وڵات و ھزری گەنجەکانمان بێت ئەویش بەپێی ئەجیندایەکی ڕەسەنی ئایینی و خۆماڵیی کوردستانی نەک ئەجیندای ھاوردە کە ڕێز لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان ناگرێت.

 

یەکێتیی زانایانی ئایینی لەپێناو ئێوە و لەپێناو دینداری و بەرژەوەندییەکانی نیشتیمان دامەزراوە و پێویست دەکات ئێوەی بەڕێز بە بەرنامە و پڕۆژەی تێروتەسەل قورسایی ئەو ئامانجە پیرۆزە بپارێزن کە یەکێتیی زانایان لە پێناویدا دامەزراوە.

 

لەکۆتاییدا ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، ھیوادارم کۆنگرەکەتان سەرکەوتوو بێت و بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەتان زۆر باشتر لە خزمەتی ئایین و گەل و وڵاتەکەمان بێت. منیش بە ھەموو توانایەکەوە پاڵپشتی ئێوە دەمێنمەوە و بەوە سەربەرزم کە لە خزمەتی مامۆستایانی ئایینیدا بم."

 

و السلام علیکم و رحمە اللە و برکاتە

مسعود بارزانی

٢٤ـی ٧ـی ٢٠١٨





ئەم هەواڵە 13297جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad