English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی و جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا كۆبوونه‌وه‌
2018-07-25 [05:17 AM]

ZNA-هەولێر


 

ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 24/7/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوزای له‌ جه‌نه‌راڵ وۆڵتر پایێت، جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سوریا، ستیڤ ڤاگن، كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا جه‌نه‌رال پایێت په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكای به‌رز نرخاند و ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی ئه‌م دواییه‌ی هێزی هاوپه‌یمانان و پێشمه‌رگه‌ی‌ بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش له‌ چیای قه‌ره‌چووخ، بۆ پته‌ویی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ردوولا گه‌ڕانده‌وه‌، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی زیاتری نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقیشی له‌ ناوچه‌كه‌دا بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسیی تیرۆر، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیی پشتگیری و هاوكارییه‌كانیان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌ ئێستا و داهاتوودا، دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌گشتى و ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌تى بۆ هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ كرد و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكاری و هه‌مانگیی نێوان هه‌ردوولای خواست، ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و هاوپه‌یمانان به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی مه‌ترسیی تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌ نیشان دا. به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌موو پێكهاته‌كان بێ جیاوازی ده‌پارێزێت و له‌سه‌ر ئه‌م هه‌وڵانه‌یشى به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌ر له‌م پێناوه‌دا قوربانی زۆری داوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان باسی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق كرد و هیوای خواست كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت به‌ زووترین كات پێكبهێنرێت و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ریم شه‌نگالى وه‌زیرى ناوخۆ ـ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌كاله‌ت و سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ی بوون، چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌وه‌، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.





ئەم هەواڵە 4561جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad