English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
داعش ده‌ست به‌ كرده‌ی چه‌ته‌گه‌ریی ده‌كات
2018-07-30 [06:19 AM]

ZNA-هه‌ولێر


راپۆرتە ھەواڵگرییەکانی عیراق ئەوەیان بۆ سەلماوە کە کردە تیرۆریستییەکانی رێکخراوی داعش لە شارەکانی باکوور و رۆژئاوای عێراق زۆر زیادیانکردووە و نەک تەنھا خەڵکی سڤیل، بەڵکو ھێزە ئەمنییەکانیشیان کردووەتە ئامانج و لەوەش زیاتر کار گەیشتووەتە بەئامانجکردنی ھەموو ژێرخانەکانی ناوچە رزگارکراوەکان، وەک پرۆژەکانی ئاو و کارەبا و کێڵگەی غاز و نەوت و تەنانەت ئەو بۆری و تانکەرانەیشی دەیگوازنەوە و ھەڕەشەیش گەیشتووەتە سەر ئەو کۆمپانیاینەی کە خوازیارن لەو ناوچانەدا کاربکەن.

ئەو شێوازانەی داعش لە ھێرشەکانیاندا بەکاریدەھێنن، سەرکردە سەربازییەکانی عێراق بە کردەوەی چەتەگەریی ناویان دەبەن، بەو واتایەی لە شوێنێک دەدەن و دەڕۆن و دەگەرێنەوە ناوچە بیابانەکان و لەوێ بارەگایان دامەزراندووە و لەو ھەموو ئۆپراسیۆنەیشی بە ناوی جیاجیا کراوەتە سەریان توانیوویان خۆیان بشارنەوە، ھەر چەندە خەڵکی ناوچە رزگارکراوەکانیش ھاوکارییەکی زۆری ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی لە پاشماوەو شانە نوستووەکانی داعش رزگارببن، بەڵام ھێشتا چەکدارانی رێکخراوە توندڕەوەکە بەشێوەیەکی روون دەردەکەون و بوونەتە ھەڕەشەیەکی جدی لەسەر ناوچەکان.

تەنانەت ھەفتەی رابردوو لە شارۆچکەیەکی باشووری کەرکووک ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک و پیاوەکە و سێ منداڵیان کوشتووە، پاش دزینی سەرجەم کەلوپەلەکانیان ژنەکە و کچەکەی و ئۆتۆمبێلەکەیان جێھێشتووە. پاش رۆژێکیش لەو ھێرشە، بەھەمانشێوە لە نزیکی شاری مووسڵ، ھەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆتۆمبێلێک کە ژمارەیەک پیاوی سەر بە ھۆزی شەمەری تێدا بووەو ھەر ھەموویانیان کوشتووە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسێکی دیاری عێراقی کە لە دەزگای ھەواڵگری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ کاردەکات، چەکدارانی داعش زیاتر لە ٣٠ ھێرشیان لەماوەی کەمتر لە چوار ھەفتە لە باکوور و رۆژئاوای عێراق ئەنجامداوە. بە پاساوی ئەوەی خەڵکی سڤیلی ھۆزەکان ھاوکاریی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانیان کردووە لەو ھێراشانەدا کراونەتە ئامانج و جیا لەوەی کوشتوویانن، پارەکانیشیان دزیوون".

ئەو بەرپرسە دەڵێت: "ئێستا داعش تەنھا رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، بەڵکو بوونەتە چەتە بۆ دزیکردن لە عێراق".

ھەروەھا گوتوویەتی: "٢٠ ھێرشی دیکە کراوەتە سەر ژێرخانی ناوچە جۆراوجۆرەکان و لەلایەن ٧ کۆمپانیاوە ئاگادارکراوینەتەوە کە رووبەڕووی ھەڕەشە بوونەتەوە و تیرۆریستەکانی داعش ھەڕەشەی کوشتنیان لێکردوون ئەگەر بێتو بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. ھەندێکی دیکەش دەڵێن: "ھەڕەشەیان لێکراوەو کەسانی نادیار داوای پارەیان لێکردوون بۆ ئەوەی رێگەیان بدرێت لە ناوچە تازە رزگارکراوەکاندا کاربکەن".

حەربیە خالید جبووری تەمەن ٥٩ ساڵان بە رۆژنامەی ئەلعەرەبی جەدیدی گوتووە: "چەکدارانی داعش ھاوسەرەکەی و ھەر سێ منداڵەکەیان لەبەر چاویدا کوشتووە، شەو ھاتوونەتە ماڵەکەی و جلوبەرگی سوپای عێراقیان لەبەرکردووە و ھەر سێ کوڕەکەی بەناوەکانی (ئەحمەد، سەعد، وەلید) لەگەڵ باوکیان بەناوی عەبدوڵڵا لە ژوورێکدا بەستوونەتەوەو دوای ئەوەی چەند خولەکێک قسەیان لەگەڵدا کردوون، ھاواریان دەکرد بەسەریاندا و پێیان دەگووتن "کافر و پیاوکوژەکان" و دوایی ھاتنە باخچەی ماڵەکە و تەقەیان لێکردن و کوشتنیان".

ھەروەھا دەڵێت: "جگە لەوە ھەرچی شتێکی بەنرخ لە ماڵەکەماندا بوو بردیان، ھەموو تاوانی ئێمەش ئەوەبووە کاتێک ھێزەکانی حکوومەتی عێراق ھاتوونەتەوە ناوچەکەمان، پیاوەکەم و منداڵەکانم بەخێرھاتنەوەیان کردوون".





ئەم هەواڵە 5776جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad