English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوایی رزگاركردنی مووسڵ له‌ داعش به‌ڵام سته‌م كۆتایی نه‌هاتووه‌
2018-07-31 [08:01 AM]

ZNA-هه‌ولێر


ساڵێک زیاترە "پایتەختی خەلافەتەکەی داعش لە عێراق" کۆنترۆڵکراوەتەوە، بەڵام ھێشتا دانیشتوانی مووسڵ لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی شیعی ئیستیفزاز دەکرێن و دەچەوسێنرێنەوە، نەک ھەر ئەوان، بەڵکو میلیشیا عەشائیرییەکانی سوننە و ئێزدی و مەسیحی و شەبەک، ئەوانەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پاڵپشتی دەکرێن و لە دەشتی نەینەوان، بوونەتە سەرچاوەی کێشە و نەھامەتی بۆ خەڵکی پارێزگاکە.

خراپبوونی رەوشی ئەمنی پارێزگا خێر لەخۆنەدیوەکەی عێراق وای لە خەڵکەکەی کردووە پەنا بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی ببەن و داوای ھاوکارییان لێبکەن بۆ ئەوەی لە دەست ئەو ھەڵسوکەوتە نەشیاوە رەگەزپەرستانەیەی دەست میلیشیا چەکدارەکان رزگاریان ببێ.

بەگوێرەی نامەیەک کە ئاراستەی عەبادی و ئەبو مەھدی موھەندیس و ھادی عامری کراوەو کوردستان ٢٤ ناوەرۆکەکەی بینیووە، خەڵکی مووسڵ دەڵێن: "قەبارەی ئەو ھەموو خوێن و قوربانیدانەی ھێزە ئەمنیی و سەربازە پاڵەوانەکان لای کەس شاراوە نییە بۆ رزگارکردنی مووسڵ، وەک چۆن قەبارەی قوربانیدانی خەڵکی مووسڵ کە بە خوێن و ماڵی خۆیان بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەدا کرد ناکرێت بشاردرێتەوە. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانن یەکێک لە ھۆکارەکانی کەوتنی شاری مووسڵ و کەوتنە دەست داعش پێشتریش بەھۆی ستەم و مامەڵەی خراپی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان بوو لەگەڵ خەڵکی پارێزگاکە".

ھەروەھا دەڵێن: "ھەڵسوکەوتی ھەندێک ئەفسەری سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و وەرگرتنی سەرانە و باجی ناشەرعی لەلایەن ھەندێک لە بەرپرسە ئەمنییەکانی ئەوکاتەوە ھۆکارێکی دیکەی کەوتنی شارەکە بوون".

لە نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ھەموو ئەو پرس و کێشانە بۆشاییەکی زۆریان لەنێوان خەڵکی پارێزگاکە و ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەوکاتی عێراق درووستکرد، وەک بینیتان ئەوە روویدا کە روویدا (وەک ئاماژەیەک بۆ کەوتنی مووسڵ و ھاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤) ھەر بۆیە خەڵکی مووسڵ ژمارەیەک لەو پێشێلکارییانەی حەشدی شەعبی دەخەنە بەردەستی حەیدەر عەبادی و ھادی عامری و ئەبو مەھدی موھەندیس کە دیارترینیان دزینی ئاسن و پاشماوەکانی جەنگە و ئەو چەکدارانە دەیبەن و لە شارەکانی دیکە دەیفرۆشنەوە.

ھەروەھا ئاماژە بەوەکراوە، چەکدارانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر زەوی و موڵکی دیوانی وەقفی سوننیدا گرتووەو بە پارەیەکی زۆر دەیفرۆشنەوە و سوکایەتی بەو کەسانەش دەکەن کە ئەو زەوی و موڵکانەیان بەدەستەوەیە".

ھەروەھا گرووپەکانی حەشدی شەعبی زیادەڕۆییان کردووەتە سەر زەوییەکانی شارەوانی مووسڵ و دەست لە کاروبارەکان وەردەدەن و زەوییەکان داگیردەکەن و دەیفرۆشن. جگە لەوەیش تەنگیان بە دەوڵەمەندەکان و منداڵەکانیان ھەڵچنیووە و سەرپەرشتی دزینی نەوت و سوتەمەنی دەکەن و دەینێرن بۆ شارەکانی دیکە بۆ ئەوەی قەیرانی سووتەمەنی لە مووسڵ درووست بکەن.

ھەروەھا تەئکیدیانکردووەتەوە کە میلیشیاکان زەوی و موڵکی وەقفی مەسیحی و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەشتی نەینەوا داگیر دەکەن و ھەر جوتیارێکی ناوچەکەیش لە قسەیان دەربچێت یان سەرانەیان نەداتێ دەستگیری دەکەن و پارە لە شۆفێری ئەو بارھەڵگرانە وەردەگرن کە دێنە شارەکەوە.

لەو نامەیەدا کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مووسڵ واژوویان کردووە داوادەکەن، کڕین و فرۆشتنی ئەو زەوی و خانوو و موڵکانە رابگیرێت و گرووپەکانی حەشد دەست لەو کار و کردەوانە ھەڵگرن.

جیا لەوەش سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاندووە: "کار گەیشتووەتە ئەوەی ئەفسەر و بەرپرس و فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان دەچنە دووکان و چێشتخانەکان شت دەبەن و نان دەخۆن و پارەش نادەن، ئەو بابەتە زۆر ئاسایی بووەتەوە.

ئەحمەد عەتائوڵڵا ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: "ئێستا ٥٠ گرووپی چەکدار لە پارێزگای نەینەوان کە ٣٩ گرووپیان سەر بە حەشدی شەعبین، ھەموویان نازی ئەوە بەسەر خەڵکەکەدا دەکەن کە ئەوانن لە دەست داعش رزگاریان کردوون، لەبەرامبەر ئەوەدا ھەرچی بیانەوێت دەیکەن و بەشێوەی جۆراوجۆر تەنگیان بە دانیشتوانی پارێزگاکە ھەڵچنیوە.

ئەو بارودۆخە گەیشتووەتە ئاستێک، لە بری ئەوەی ئاوارەکانی شەڕی داعش بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، خەڵکی شارەکە لە دەست ستەمی چەکدارە مەزھەبییەکانی حەشدی شەعبی ئاوارە دەبن.

سەرچاوە: ئەلعەرەبی جەدید





ئەم هەواڵە 1792جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad