English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گه‌وره‌ كۆمپانیاكانی جیھان ڕوو لە ھەرێمی كوردستان دەكەن
2018-07-31 [08:25 AM]

ZNA-هه‌ولێر


راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی کورستان بۆ کاروباری وزە گوتی، جارێکی دیکە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیھان بۆ وەبەرھێنان لە کەرتی نەوتدا ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەیش بە ھۆی دوو ھۆکارە، ئەوانیش سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە بازاڕەکانی جیھاندا.
 
بە ھۆی شەڕی داعش و ئەو ئاڵۆزیانەی لە ناوچەکە دروست ببوون، بەشێک لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت کارەکانیان لە ھەرێمی کوردستان راگرتبوو، بەڵام لە ئێستادا جارێکی دیکە کۆمپانیا زەبەلاحەکان ڕوویان لە ھەرێم کردووەتەوە و کاری وەبەرھێنانی نەوت دەکەن، ھەرێمی کوردستانیش کۆمەڵێک بلۆکی نەوتی راگەیاندووە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان کاری تێدا بکەن و جگە لەوەش، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان بەرز بووەتەوە، ئەمەیش وای کردووە زیاتر کۆمپانیاکان ھان بدرێن بێنە ھەرێمی کوردستان.
 
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی کورستان بۆ کاروباری وزە، د. بێوار خنسی، ڕاگەیاند: "بەردەوام کۆمپانیاکانی نەوت دەچنە ئەو شوێنانەی کە ئارامن و، شەڕی داعشیش کاریگەریی زۆری ھەبوو و دوای نەمانی داعش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەندێک بلۆکی نەوتی راگەیاند بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بێن کاری تێدا بکەن و، ئێستا چەند کۆمپانیایەک ھاتوون و بە تایبەت ڕووسنەفت ھاتووە کار لە پێنج بلۆک دەکات، جگە لەوەش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت فاکتەرێکی دیکەیە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان ھان بدات وەبەرھێنان لە کەرتی نەوتدا بکەن".
 
خنسی، گوتیشی: "کۆمپانیاکانی نەوت دەچنە ئەو شوێنانەی کە نەوتیان زۆرە و یەدەگی نەوتیی زۆریان ھەیە، ھەرێمی کوردستانیش بەمە دەوڵەمەندە، بۆیە ھەرێم بووەتە ئامانجی کۆمپانیای ڕووسنەفت و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی دابێ دەست بە وەبەرھێنان بکات و ھەوڵیش دەدەن بۆریی گازی سرووشتی رابکێشن، چونکە ھەرێمی کوردستان وەکو وڵاتانی دیکە نییە و ھەر چەندە بیانەوێت ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت زیاد دەکەن و لە وڵاتێکی وەکو ئیمارات جگە لە رێژەیەکی دیاریکراو، ناتوانن لەوە پتر بەرھەمھێنانی نەوت زیاتر بکەن، بەڵام ھەرێمی کوردستان سنووری نییە بۆ بەرھەمھێنانی نەوت".
 
ئەو ھەروەھا باسی لەوەش کرد، کێشەی نێوان ئەمەریکا و ئێران وا دەکات نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت، چونکە ئێران رۆژانە ٣ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات و ئەگەر ملیۆنێک کەم بکات، کاریگەریی زۆری دەبێت، جگە لەوەش ئێران ھەڕەشە دەکات ئەگەر گەمارۆی سەر ئەوان بەردەوام بێت، رێگە نادەن نەوت بۆ بازاڕەکانی جیھان بڕوات و ئەگەر یەک حەفتە ئەم کارە بکەن، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ١٠٠ دۆلار تێپەڕ دەکات.
 
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی کورستان بۆ وزە راشیگەیاند، ئەگەر شەڕی داعش و دۆخە ئاڵۆزەکە نەھاتبووایە پێش، حکوومەتی ھەرێم پلانی ھەبوو لەمساڵدا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ٢ملیۆن بەرمیل نەوت بەرز بکاتەوە، بۆیە ئێستا جارێکی دیکە دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و ھەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بەردەوامن، حکوومەتی عێراقیش لە ھەوڵدایە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی رێککەوتن لەبارەی نەوتی کەرکووکەوە بکەن، چونکە ئەگەر کاری تێدا بکرێت، دەتواندرێت ڕۆژانە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی کەرکووک بەرز بکرێتەوە، ئەمەش لە رێگەی بۆریی نەوتی ھەرێمەوە رەوانە دەکرێت، لەبەر ئەوەی عێراق ترسی ھەیە ئەگەر لە رێگەی کەنداو رێگری لە ھەناردەکردنی نەوت کرا، بۆریی نەوتی ھەرێم بکاتە بەدیل و نەوتی خۆی پێ ھەناردە بکات.
 
دەشڵێ، بەو شێوەیەی ئێستا بەرھەمھێنان بەردەوام بێت، ئاستی بەرھەم ھێنانی نەوت زۆر زیاد دەکات و دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستانیش رۆژ بەرۆژ بەرەو باشتر دەچێت، بۆیە ھەموو ئاماژەکان بۆ ھەرێمی کوردستان دڵخۆشکەرن.


KDP.info





ئەم هەواڵە 13861جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad