ZNA – هەولێر
حكوومەت كێشەی پێدانی ئیمتیاز بەو فەرمانبەرانە چارەسەر دەكات كە بڕوانامەی خوێندنیان لە چەند زانكۆیەك دەهێننەوە، بەپێی بڕیارەكە ئەو بڕوانامانە لە لایەن حكوومەت دانیان پێ دادەندرێت.
د. سەلام خۆشناو، بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە باسی راگەیاند: هەندێك زانكۆی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغدا دانیان پێ دانەنەدرا، بەڵام وەزیری خوێندنی باڵا بڕیاری دانپێدانانی داون، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستانیش دان بە بڕوانامەی ئەو زانكۆیانە دەنێت كە پێشووتر دانپێدراو نەبوون.
كۆلیژ و زانكۆكانی (قەلەم، نور، كتاب، حەدبا، الامام الاعزەم، الامام و چەند زانكۆیەكی تر) كە لە ناوچە كوردستانیەكان بونیان هەیە و خەڵكێكی زۆری هەرێمی كوردستان تیایاندا دەخوێنن كە زۆربەیان فەرمانبەریشن، یان بڕوانامەیان لێ وەدەستهێناوە، كێشەی دانپێدانی بڕوانامەكانیان لە لایەن حكوومەت چارەسەر كراوە.
خۆشناو، دووپاتی كردەوە كێشەی دانپێدانانی بڕوانامەی ئەو كەسانەش نەماوە كە لە ناوچەكانی ماددەی 140 لە زانكۆ ئەههلیەكان خوێندویانە یان دەخوێنن، گوتیشی: وەزیری خوێندنی باڵای هەردوولا كێشەكانیان ئەمجارە چارەسەر كردووە و رێكەوتنكراوە ، تەنها كێشەی ئەكادیمیای كوردستان ماوە بۆ ئەوەش لیژنە پێكهاتووە بۆ دانانی هەندێك رێنمایی".
پێشووتر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، ئەوەی بە فەرمانگەكانی حكوومەت راگەیاند بوو بروانامەی بەدەست هاتووی هەر فەرمانبەرێك لەو زانكۆیانەی ناوچە كوردستانیەكان بە بروانامەی تازە ئەژمار ناكرێت و دەرماڵەیان بۆ خەرج ناكرێت.
بەرپرسەكەی خوێندنی باڵای عێراق، گوتیشی:" دانپێدانەكە لە نێوان هەردوولادا زانكۆ حكوومی و ئەهلیەكانیش دەگرێتەوە و كێشەكانیان چارەسەركراوە"
زانكۆكانی (زاخۆ، سۆران، گهرمیان،ڕاپهڕین، ههڵهبجه، زانكۆی كوردستان/ههولێر، چەرموو و بۆردی پزیشكی) كێشهی دانپیانیان له عێراقدا نامێنێ.
پێشووتر بەرێوەبەری خوێندنی ئەهلی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان، بە (باس)ی رای گەیاند بوو حكوومەتی ناوەندی دان بە زانكۆ ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان نانێت،بۆیە ئەوانیش دان بە زانكۆ تایبەتیەكانی عێران نانێن.
ئەم هەواڵە 4642جار خوێندراوەتەوە |