English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
كوردستان و عێراق لە نێوان خەونی دەوڵەتی مەركەزی و واقیعدا
2018-08-01 [06:01 AM]

نووسینی: ساسان عەونی


كیانە دروستكراو و ناسرووشتییەكان، ئەگەر بەرژەوەندیی وڵاتان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و هێز و سەركوتكردن بۆ ماوەیێك جۆرێك لە پیرۆزی بە سنوورەكانی بەخشیبێت و سیمای دەوڵەتی هەبووبێت، رەوتی رووداوەكان و مێژووش ئەوەی سەلماندووە كە كیانی دروستكراو هەمیشە پایەكانی لەرزۆكە و بە هەڵكەوتنی بارودۆخی گونجاو، ئەگەری لەبەر یەك هەڵوەشانەوەی هەیە، یان بەردەوام ناسەقامگیرە.
عێراق، نموونەیێكی بەرچاوی ئەم جۆرە كیانەیە، كە ئەگەر لە رابردوودا زۆریی سامان و شێوازی حوكمڕانییەكەی جۆرێك لە سەقامگیریی رووكەشی پێ بەخشیبێت، بەڵام هەمیشە بەرهەمهێنەری رووداوگەلێك بووە كە دەركەوتەكانی، یان لەسەر دراوسێكانی، یان لە ناوخۆی لەسەر پێكهاتە میللییەكانی رەنگیداوەتەوە. ئەم كیانە دروستكراوە، لە سەد ساڵی رابردوو شێوازی حوكمڕانییەكەی هەرچۆن بووبێت، پاشایەتی، كۆماری، كۆماری بەعسی، یان تایەفی دوای ساڵی 2003، نەیتوانیوە ببێتە كیانێك كە كۆكەرەوەی سەرجەم پێكهاتەكانی بێت و ببێتە دەوڵەتێك بۆ هاووڵاتیانی. خوێندنەوەی مێژووی عێراق پێمان دەڵێت كە لەم كیانە دروستكراوە بەردەوام واقیعێك هەبووە كە دووانەی (نەتەوە - تایەفە) دەسەڵات بووە و ئەوانەی كە لەگەڵ ئەم دووانەیە یەك ناگرنەوە، كەوتوونەتە ژێر زەبری چەرخی دەسەڵات و هاڕدراون.
دووانەی (عەرەب - سوننە) بۆ ماوەی هەشت ساڵ و دووانەی (عەرەب - شیعە) نزیكەی بیست ساڵە، هەمان كاڵا بەڵام بە میتۆدی جیا بەرهەم دەهێننەوە، بەرهەمێك كە بریتییە لە حوكمڕانیی كەمینەیەكی دیاریكراوی ناوچەیی، یان مەزهەبی و كورتكردنەوەی چەمكی كیان و نیشتمان و دەسەڵات و سەروەری لەو كەمینەیە. بەردەوامیش رەوایەتی ئەوەیان بەخۆیان بەخشیوە كە هەر پێكهاتەیەكی تری دەرەوەی دووانەی (نەتەوە - مەزهەب) دەبێ لە پەراوێز بژیێت و بەردەوام هەوڵی توانەوەی دراوە و دەدرێت، لە حاڵەتێكیشدا بەرگری كرد، ئەوا دەبێت قەڵاچۆ بكرێت.
دووانەی (نەتەوە - مەزهەب)ی (عەرەب - سوننە) لەماوەی هەشت ساڵدا، جگە لە كۆمەڵكوژی و هەوڵی سڕینەوەی بەردەوامی نەتەوەی كورد و پێكهاتەكانی تر، بووە هۆكاری چوار جەنگی گەورە كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە گەورەترین و درێژخایەنترین و پڕ قوربانی و كارەساتاویترین جەنگ بوون.
دووانەی (عەرەب - شیعە)ش لە ماوەی كەمتر لە بیست ساڵدا، ئەوەی لەماوەی هەشتا ساڵی رابردوو بنیادنرابوو، خاپووری كرد و هەوڵی پەراوێزخستنی كورد و پێكهاتەكان خاڵی هاوبەش بووە، جگە لەوەی كە بۆ ماوەی سێ ساڵ بووە هۆی لە دەستدانی زیاتر لە سێیەكی خاكەكەی.
دووانەی (نەتەوە - مەزهەب) لە مێژووی كیانی دروستكراودا نەیتوانیوە سەقامگیری و پایەكانی دەوڵەتداری و یەكسانی و خۆشگوزەرانی بۆ پێكهاتەكانی ناو كیانە دروستكراوەكە بەرهەم بهێنێ، بەڵكو سەرباری ئەوانەش بۆتە هۆی نەهێشتنی سەروەری و بەهەدەردانی سامان و جۆرێك لە دابەشبوونی میللی كە زەحمەتە چاك ببێتەوە و بگەڕێتەوە دۆخی جارانی.
تاقیكردنەوەیەك كە بۆ ماوەی سەد ساڵ بەردەوام فەشەل دێنێ و قوربانیی سەرەكیش میللەت و پێكهاتەكانی بێت، هەر ناو و شێوازێكی تر بۆ بەڕێوەبردنی دەبێتە جۆرێك لە ماكیاژ و سوودی نییە، چونكە ماكی دروست بوونەكە لەسەر عەقڵی (نەتەوە - مەزهەب) دروستكراوە و ناگۆڕێت. كە لە وڵاتی فرە پێكهاتەدا ئەگەر نەتوانن ئەو بابەتە تێپەڕێنن، ئەوا بەردەوام لە كارەساتەوە بۆ كارەسات گوزەر دەكەن.
ئەگەر لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئایار و ئەو بارودۆخە كارەساتاوییەی كە عێراقی تێكەوتووە و جۆرێك لە فشاری دەرەكیش، بەغدا شێوازی رەفتاری لەگەڵ كوردستان گۆڕیبێت، بەڵام تاقیكردنەوەكانی رابردوو و جۆری مێنتالێتی و پێكهاتەی چینە سیاسییەكەی عێراق و دەستەبژێرە ئایینی و سیاسییەكەی و ئەو بڕوا و جیهانبینییانەی كە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات هەیانە، ناگۆڕێن، ئاماژەی ئەوەمان پێدەدەن كە دڵخۆش نەبین و هەمیشە دەبێت وریا بین.
مێژوو و باری ئێستاش سەلماندوویەتی لە كوردستان لەگەڵ ئەوەی بەردەوام بزاوتێكی مەیل عێراقی و وابەستەیی كاری تێدا كردووە و كاری تێدا دەكات و كەرەسەی كار و بانگەشە و كاریگەریی دروستكردنی بۆ دابین كراوە، بەڵام هەمیشە هێزی تەوژمە خۆبەڕێوەبەریی و سەربەخۆییەكە هێزە زاڵەكە بووە. ئەو هێزە هەرگیز بوار بە تواندنەوە و ملكەچپێكردنی كورد نادات لە ناو دووانەی (نەتەوە - مەزهەب)دا، لە رابردوودت نەیهێشتووە و لە داهاتووشدا بوار نادات.
سەرباری هەر موئامەرە و گەلەكۆمەكێ و ناخۆشی و سزادان و هەوڵێك بۆ سڕینەوە و بچووككردنەوەش، بزاڤەكە بەردەوام دەبێت و ویستی سەربەخۆیی ناگەڕێتەوە چوار گۆشەی یەكەم.





ئەم هەواڵە 3538جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad