English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دایكێك هەڕەشەی كوشتن لە كچەكەی دەكات
2018-08-04 [08:10 AM]

ZNA-هه‌ولێر


(دالیا) و (بێوار) ساڵێک و پێنج مانگە ھاوژینن، بەڵام دایکی دالیا دەیەوێ ھێلانەی ئەو دوو ھاوژینە بڕووخێنێ و ھەڕەشەی کوشتن لە کچ و زاواکەی دەکات ئەگەر لە یەکدی جیانەبنەوە، بۆیە ئەو ژن و مێردە پەنایان بۆ نووسینگەیەکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بردووە بۆ ئەوەی کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن.

دالیا تەمەنی ١٨ ساڵە و بێواریش ٢١ ساڵە، دانیشتووی گەڕەکێکی شاری ھەولێرن، ئەوان منداڵ بوون کە دوور لە ویستی خۆیان لە یەکدی مارە کراون. ئەگەرچی ئەوان سەرەتا دژی ئەو ھاوسەرگیرییە بوون، بەڵام ئێستا ھێندە یەکدییان خۆشدەوێ کە بێ یەکتر ھەڵناکەن.

کاتێک دالیا و بێوار لە یەکدی مارە کران، تەمەنیان رێگەی نەدەدا لە دادگا گرێبەستی ھاوژینی بکەن، بۆیە کاتێک دالیا تەمەنی دەبێتە ١٨ ساڵ بڕیار دەدەن گرێبەستی ھاوژینی بکەن، بەڵام دایکی دالیا رێگەیان پێنادات و بە کچەکەی دەڵێت دەبێ لەو کوڕە جیاببیتەوە.

دالیا گوتی: "راستە ئێمە لە منداڵییەوە بەبێ ویستی خۆمان لە یەکدی مارە کراوین، بەڵام کاتێک گەورە بووین، یەکدیمان خۆشویست، ویستمان لە دادگا گرێبەستی ھاوسەرگیری بکەین، بەڵام دایکم پەشیمان بووەوە و گوتی دەبێ شوو بە کوڕی مامی ئەو بکەم".

ھەوڵەکەی دایکی دالیا سەرناگرێت. دالیا پەیوەندی بە ھاوژینەکەیەوە دەکا بۆ ئەوەی لەگەڵی بچێتە ماڵی ئەوان، بێواریش بەبێ رەزامەندی باوکی دالیا دەستگیرانەکەی لەگەڵ خۆی دەبات کە تەنیا لەلای مەلا لە یەکدی مارە کراون.

دالیا دەڵێت: "ئێمە بەیەکەوە زۆر دڵخۆشین، بەڵام وازمان لێناھێنن، ساڵ و نیوێکە پێکەوەین، شەوێک بەبێ ترس نەخەوتووین، دەترسین شەوێک لە خەودا بمانکوژن، دایکم دەڵێت دەبێت لە مێردەکەت جیا ببیتەوە و ئەو کوڕە بە زاوای خۆم قبوڵ ناکەم".

بێوار قسە بە ھاوژینەکەی دەبڕێت و دەڵێت: "بە ھەموو شێوەیەک ھەڕەشەمان لێدەکەن، ئەگەر جیا نەبینەوە دەمانکوژن. مامی ھاوژینەکەم دەڵێت یان دەبێت چوار ملیۆن دینارمان بدەیتێ، یان ژنەکەت تەڵاق بدەیت، منیش ئەو پارەیەم نییە، ژنەکەی خۆشم خۆشدەوێت، نامانەوێت لێی جیاببمەوە".

ئەوان تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە گرێبەستی ھاوسەرگیری لە دادگا بکەن، چونکە ناسنامەکەی دالیا لەلایەن ماڵی باوکییەوە زەوت کراوە. بێوار دەڵێت چەندینجار داوای ناسنامەی دالیامان کردووە بۆ ئەوەی گرێبەستی ھاوسەرگیری بکەین، بەڵام ناماندەنێ".

دالیا گلەیی لە دایکی دەکات و دەڵێت: "نازانم دایکم چ ویژدانێکی ھەیە، ئەو باش دەزانێت کە من و بێوار یەکدیمان زۆر خۆشدەوێ و زۆریش لە یەکدی رازین، بەڵام بە زۆر دەیەوێ ماڵمان لێ تێکبدات و بە زۆر لە کوڕی مامی خۆیم مارە بکات".

وەک دالیا باسی کرد، جارێکیان بە سەردان چووەتەوە ماڵی دایکی، بەڵام ئەوان لە ژوورێک بەندیان کردووە و رێگەیان نەداوە بگەڕێتەوە لای ھاوژینەکەی، پاشان دالیا بەڵێنی بە دایکی داوە نەگەڕێتەوە لای ھاوژینەکەی، بەڵام کاتێک لە ژوورەکە دەریانھێناوە، رایکردووە و گەڕاوەتەوە لای مێردەکەی.

(س) کە پوور و  خەسووی دالیایە، گوتی: "ئەو کچە منداڵ بوو کە لە کوڕەکەم مارە کراوە، بەڵام براژنەکەم دەڵێت کچەکەم تەڵاق بدەن، چەندینجار ھەڕەشەی کوشتنی لە کوڕەکەم کردووە، برایەکانیشم دژی ئێمەن و بە زۆر دەیانەوێت کچەکە بدەن بە کوڕی مامی براژنم. بووکەکەم کوڕەکەمی خۆشدەوێت، کوڕەکەشم ئامادە نییە دەستبەرداری بێت."

ئێستا ئەوان ھانایان بۆ یەکێک لە نووسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بردووە بۆ ئەوەی کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن. بەرپرسی ئەو نووسینگەیە راگەیاند کە کەیسەکە رەوانەی دادگا کراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادوەر دەکەن.


رووداو





ئەم هەواڵە 2683جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad