English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم گەنجە بەدەستی ھاوڕێکەی کوژرا 
2018-08-04 [10:48 AM]

ZNA- ھەولێر



 

ژیار و ئیمان ماوەی ھەشت مانگ بوو خێزانیان پێکەوەنابوو، چاوەڕێی لەدایکبوونی منداڵەکەیان دەکرد، بەڵام ھاوڕێیەکی ژیار نەیھێشت منداڵەکەی لەباوەش بگرێ و کوشتی، دوای تاوانەکەش بە پۆلیسی گوت کە بەرگری لە خۆی کردووە بۆیە کوشتوویەتی، بەڵام پۆلیس دەڵێت قسەکانی جێی باوەڕ نین.

رۆژی ٢١/٧/٢٠١٨ گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی ژیار کەمال، دانیشتووی گەڕەکی ئیشتراکی لە قەزای کفری، کە کارمەندی ئاسایشی بنکەی دووزخورماتوو بوو، لەلایەن ھاوڕێیەکی نزیکی بەناوی (ئا.ب) کوژرا. دوای رووداوەکە بکوژ خۆی رادەستی پۆلیس کرد. 

کەمال عەبدوڵڵا کە بەڕێوەبەری ئاسایشی دووزخورماتووە، گوتی "ژیار تاقە کوڕی من بوو، قوتابی قۆناغی ئامادەیی بوو، بەڵام وازی لە خوێندن ھێنا و لەلای خۆم کردم بە کارمەند".

باوکی ژیار باسی دوایین پەیوەندی نێوان خۆی و کوڕەکەی دەکات و دەڵێت: "شەوی رووداوەکە کاژێر ١٠ تەلەفۆنم بۆ کرد بۆ ئەوەی بێتەوە ماڵەوە، گوتی لەلای ھاوڕێکانمم، دوای کاژێر ١١ رۆیشتبووەوە لای خێزانەکەی، پاشان چووبووە لای پاسەوانەکانی بنکە".

کاتێک کەسوکارەکەی پەیوەندی بە بنکەکەی ژیارەوە دەکەن، پاسەوانەکان دەڵێن بە ئۆتۆمبێلی ھاوڕێکەی رۆیشتووە. باوکی ژیار دەڵێت: "کوڕەکەم زۆر شەو لەگەڵ ھاوڕێکانی دەچووە دەرەوە، لە پارک یان لە قەراغی شار دادەنیشتن، بەڵام دواتر زانیمان لەگەڵ ھاوڕێیەکی تووشی دەمەقاڵێ ھاتوون، پاشان ھاوڕێکەی بە دەمانچەکەی من کوشتوویەتی".

باوکی ژیار دەڵێت پێشتر چەند جارێک کوڕەکەی خۆی ئاگادار کردووەتەوە کە دەمانچەکەی ئەو نەبات، بەڵام دەیگوت لەناو سەیارەکەم دایدەنێم و ھیچی تر.

(ئا.ب) لەکاتی دانپێداناندا لە بنکەی پۆلیس گوتبووی من بەتەنیا بووم و ھیچ کەسێکم لەگەڵ نەبووە.

کاروان ئەحمەد کە خزمێکی نزیکی قوربانییەکەیە، باسی ئەو شەوەی کرد و گوتی:"کاتژێر ١٢ی شەو لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێ لە ماڵی باوکی ژیار کۆببووینەوە، ژیار لەگەڵ خێزانەکەی ھاتنەوە، زۆری پێنەچوو، ھاوڕێیەکی پەیوەندی پێوە کرد و گوتی وەرە پیاسەیەک دەکەین".

وەک کاروان باسی کرد، ژیار بەڵێنی پێدابوون زوو بگەڕێتەوە، بەڵام بە زیندوویی نەگەڕایەوە لایان.

 کاروان گوتی: "ئێمە ھەر لەوێ بووین، یەکێک پەیوەندی بە باوکی ژیارەوە کرد و گوتی کوڕەکەت گوللەی بەرکەوتووە و بریندارە، ھەر ئەو شەوە بردمان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، بەڵام بەھۆی سەختیی برینەکەی کە گوللەیەک بەر ملی کەوتبوو، لە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو".

بە گوتەی کاروان، بکوژی ژیار تەمەنی ١٧ ساڵانە و ھاوڕێیەکی نزیکی ژیار بووە، ئەوان چەند ساڵێکە ھاوڕێن و ھیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا نەبووە، بۆیە نازانن ھۆکاری رووداوەکە چییە.

(ئا.ب) دوای رووداوەکە خۆی رادەستی پۆلیس کرد و لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی پۆلیسدا گوتبووی بە تەنیا تاوانەکەی کردووە، بەڵام کاروان دەڵێت ئەوان گومانیان ھەیە کە (ئا) بە تەنیا ئەو تاوانەی کردبێ و پێدەچێ خەڵکی دیکەشی لەگەڵ بووبێ. 

بەپێی زانیارییەکان ئەو گەنجە دوای ئەوەی خۆی رادەستی پۆلیس کردووە، لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا گوتوویەتی ژیار ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتە سەر، بەڵام ئەو بەرگری لە خۆی کردووە، دەمانچەکەی لە ژیار وەرگرتووە و دوو گوللەی تەقاندووە، یەکێک لە گوللەکان بەر ژیار کەوتووە.

رائید عەلی جەمال قەدوری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند: "دوای ئەوەی پۆلیس لە رووداوەکە ئاگادار کرایەوە، دەرکەوت گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵ لەلایەن ھاوڕێیەکی خۆیەوە کوژراوە". رائید عەلی گوتیشی: "بکوژی گەنجەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە".

سەبارەت بە قسەی تۆمەتبارەکە کە دەڵێت بەرگری لە خۆی کردووە بۆیە کوشتوویەتی، رائید عەلی گوتی: "دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و بەگوتەی خۆی بۆ پارێزگاریکردن لەخۆی بووە، بەڵام ھیچ بەڵگەیەک نییە قسەی تۆمەتبار بسەلمێنێ".

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو
 





ئەم هەواڵە 9478جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad