English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم گەنجە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە 
2018-08-05 [03:44 AM]

ZNA- ھەولێر




باپیر لەدوای مردنی خۆی چەندین پرسیاری بێ وەڵامی جێھێشت. ئایا ئەو گەنجە تەمەن ٢٧ ساڵانە خۆی کوشت یان کوژرا؟ کێ کوشتی و بۆچی کوشتی؟ ئەگەر خۆی کوشتووە، بۆچی خۆی کوشت؟ کەسوکارەکەی چاوەڕێن پۆلیس و راپۆرتی پزیشکی وەڵامی ئەو پرسیارانەیان بدەنەوە.

دوانیوەڕۆی رۆژی ٢٦/٧/٢٠١٨ لە گوندی کوزینەی سەر بە ناحیەی ژاراوەی قەزای پشدەر، تەرمی گەنجێک بەناوی باپیر شەریف حەمەد دۆزرایەوە. باپیر کە دەرچووی بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بوو، گوللەیەکی دەمانچە بەر لای راستی سەری کەوتبوو. تەرمەکەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە.

مەلا ئەحمەد کە برا گەورەی باپیرە، دەڵێت بنەماڵەکەیان کێشەیان لەگەڵ کەس نییە و خەریکی کاری خۆیانن، باپیری براشی ھیچ کێشەی نەبووە، بۆیە تا ئێستا بۆی روون نییە کە براکەی کوژراوە یان خۆی کوشتووە.

مەلا ئەحمەد، باسی ژیانی تاقە براکەی کرد و گوتی: "باپیر دوو ساڵ بوو بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی تەواو کردبوو، حەزی دەکرد لە بوارەکەی خۆی دابمەزرێ، بەڵێنیان پێدابوو لە یەکەی حەفتای ھێزەکانی پێشمەرگە دایبمەزرێنن، بەڵام ناوی نەگەڕابووەوە، ھەرچەندە دوای دەرچوونیشی لە زانکۆ بێکار نەبووە".

مەلا ئەحمەد بەچاوی پڕ لەگریانەوە باسی ئەو رۆژە دەکات کە ھەواڵی مەرگی براکەیان پێ راگەیاندووە و دەڵێت "لەگەڵ دایکم لە رانیە بووین، دوانیوەڕۆ ھاتینەوە کەمێک خەوتم، تەلەفۆنیان بۆ کردم گوتیان باپیر تووشی رووداوێک بووە". 

باپیر سەعات ھەشتی بەیانی بە دایکی گوتبوو کە دەچێتە نێو باخەکەیان و ھەندێک ھەنجیر دێنێتەوە، بەڵام نەگەڕاوەتەوە، زاواکەیان یەکەم کەس بووە بە رووداوەکەی زانیوە، کاتێک بە تەنیشت باخەکەدا رۆیشتووە، ئۆتۆمبێلی باپیری لە باخەکەدا بینیوە، کاتێک سەیری کردووە، بینیویەتی تەرمی باپیر لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووە.

مەلا ئەحمەد دەڵێت: "باپیر دەمانچەیەکی پێبوو، گوللەیەک بەر لای راستی سەری کەوتووە. باپیر زۆر ھاتوچۆی دەشتودەری دەکرد، بۆ پارێزگاری لە خۆی بەردەوام ئەو دەمانچەیەی پێبوو".
سەبارەت بە ھۆکاری رووداوەکەش مەلا ئەحمەد دەڵێت: "تا ئێستا بۆمان روون نییە خۆی کوشتووە یان کوژراوە، ئەگەر کوژرابێ یان خۆی کوشتبێ، لەو باوەڕەداین پەیوەندی بە مەسەلەی سۆزداری ھەبووبێ، رەنگە لە خۆشەویستەکەی جیابووبێتەوە، بۆیە خۆی کوشتبێ، بەڵام ئەوە تەنیا گومانە، چاوەڕێی پۆلیس و دادپزیشکی دەکەین ھۆکار و چۆنیەتی رووداوەکەمان بۆ روونبکەنەوە".

بەڵام سەرچاوەیەک لە گوندەکەی باپیر، گوماندەکات ئەو گەنجە خۆی کوشتبێ. ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە گوتی "ئەو خێزانە کێشەیان لەگەڵ کەس نییە، ھەر خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین، بۆیە گوماندەکەین ئەو کوڕە خۆی کوشتبێت".

بەڵام بەپێی ئەو پشکنینانەی بۆ تەرمی باپیر کراون، گومان دەکرێ کوژرابێ. عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی شەھیدانی نوێی قەڵادزێ  گوتی : "تەرمی باپیر سێ کاژێر دوای رووداوەکە گەیەنرایە نەخۆشخانەکەمان، بەپێی پشکنین و ھەندێک نیشانەی سەر تەرمەکە و شوێنی فیشەکەکەی کە بەر لای ڕاستی سەری کەوتووە، وا دیارە کە رووداوەکە تاوانکارییە، چەند شوێنێکی جەستەشی رووشابوو، بەھۆی ئەو گومانانەوە تەرمەکەمان بەڕێکرد بۆ پەیمانگەی دادپزیشکی سلێمانی".

بەڵام رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت ئەو کوڕە خۆی کوشتووە. رائید شۆڕش گوتی : "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەو گەنجە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا خۆی کوشتووە، بەڵام نازانرێ بۆچی خۆی کوشتووە و ھێشتاش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 6145جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad