English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
زیانی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری بە ١٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێ‌
2018-08-06 [06:49 AM]

ZNA-هه‌ولێر


مام ئازاد چەندین ساڵ بوو لەسەر مێزێک کاسبیی دەکرد تاوەکو توانی دووکانێک لە بازاڕی سێبیرانی ناو قەیسەری ھەولێر بکڕێ، بەڵام ئێستا بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە بەرامبەر دووکانە سووتاوەکەی راوەستاوە و دەڵێت "٢٨ ساڵ بوو لەسەر عارەبانە و مێز شتم دەفرۆشت، بە رەنجی ٢٨ ساڵە و فرۆشتنی خانووەکەم توانیم دووکانێک بکڕم، کەچی تەنیا دوای ١٥ رۆژ بوو بە خۆڵەمێش".

شەوی ٥/٨/٢٠١٨ بازاڕی سێبیران لەناو قەیسەری ھەولێر ئاگری گرت و بەسەدان دووکان سووتان. مولازم بێوار زەید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر گوتی "ئاگرەکە بە ١٦ کاژێر کۆنترۆڵ کرا".

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە شۆرتی کارەبا بووە.

 قایمقامی ھەولێر دەڵێت "پێدەچێت بەھۆی شۆرتی کارەباوە بووبێ". نەبەز عەبدولحەمید، گوتی: "لە بەرەبەیانەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا، بەڵام کێشە لە ژێرزەمینی باڵەخانەکە بوو، بەھۆی ئەوەی دووکانەکان کەلوپەلی پلاستیکی و جلوبەرگی ژێرەوەیان تێدابوو، ئاگرەکە ھەڵدەگیرسایەوە. ھەموو دووکانەکانی باڵەخانەکە نەسووتاون، بەڵام ١١٠ دووکان سووتاون".

بەڵام بایز حەسەن، کە ١٦ ساڵە لەو بازاڕە دووکانی ھەیە، دەڵێت "بازاڕەکە نزیکەی ٣٠٠ دووکان بوو، ھەر ھەموویان سووتاون". 

گوتیشی: "تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دڵسۆزانە ھەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان دەدا، بەڵام ئەو کەرەستانەی لەبەردەستیان بوو ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوون کە ئاگرێکی لەم شێوەیە بکوژێننەوە".

ئەو دووکاندارە کە سێ دووکان و دوو کۆگای ھەبوو لە بازاڕەکە، لەبارەی زیانەکانەوە دەڵێت: "بازاڕەکە شوێنی جوملەفرۆشی بوو، کاڵای ھەموو ھەولێر لەو بازاڕەوە دابین دەکرا، کاتەکەشی نزیکی جەژن بوو، بۆیە کاڵایەکی زۆر لە دووکانەکاندا بوو، ھەر دووکانێک بایی زیاتر لە ٣٠ ھەزار دۆلار کاڵای تێدابووە، جگە لەوە ھەندێکیان پارەش لەناو قاسەکانیاندا بووە، دووکاندار ھەبوو ٨٠ ھەزار دۆلار لەناو قاسەکەیدا بووە، خۆم بایی ١٥ ھەزار دۆلار کاڵام لەناو دووکان و کۆگاکاندا ھەبوو ھەمووی سووتاون و ھیچم بۆ دەرنەچوو". بە مەزەندەی ئەو دووکاندارە، ئەگەر ھەر دووکانێک بایی ٣٠ ھەزار دۆلار کاڵای تێدابووبێ، ئەوە زیانی سووتانی ئەو ٣٠٠ دووکانە نزیکەی ١٠ ملیۆن دۆلار دەبێ.

تەنیا بازاڕی سێبیران نییە کە لەناو قەیسەری ھەولێر سیستەمێکی کۆنی دابەشکردنی کارەبای ھەیە، رەمزی مەولوود، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ھەولێر لە بازاڕەکەی گوتی: "ئەو باڵەخانەیە یەکێکە لەو چوار بۆ پێنج باڵەخانە کۆنانەی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە ھەن، جەنجاڵییەکی زۆری لە وایەر و کێبڵی کارەبای تێدایە، ئەو دووکانانەش ھەموویان کێبڵ و کۆنتاکتەریان ھەیە، زۆرجار لەکاتی گۆڕینی کارەبا لە موەلیدەوە بۆ کارەبای نیشتمانی کۆنتاکتەرەکان ئاگر فڕێدەدەن و ئەو رووداوانەی لێدەکەوێتەوە".

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی خاوەن دووکانەکانیش، قایمقامی ھەولێر بە گوتی: "لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لەلایەن بەرگری شارستانییەوە پێکھێنراوە، ھەر لایەنێک کەمتەرخەم بووبێت دەبێت بەرپرسیارێتی رووداوەکە لە ئەستۆ بگرێ".

 
رووداو





ئەم هەواڵە 2845جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad